رۆژانە ٢ کەس لە وڵاتی ئێران بە چەکی سارد دەکوژرێن

17:01 - 5 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ١٢ مانگی رابردوودا ٧٩٩ هاووڵاتیی ئێرانی لە ئەنجامی بەرکەوتنی چەکی سارد، گیانیان لەدەست داوە.

رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا سەجەم ٧٩٩ کەس بە چەکی سارد کوژراون کە ١٧٢ کەسیان ژن بوون.

ئاماری کوژرانی هاووڵاتییان بەهۆی چەکی ساردەوە لە ماوەی ساڵانی ٨٩ و ٩٠ی هەتاویدا ٨٧٦ کەس راگەیەندراوە و بەم پێیە و بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٨% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

تاران، خۆراسانی رەزەوی و فارس لە ریزی یەکەم ئوستانەکان دان کە هاووڵاتییان بەهەی بەرکەوتنی چەکی ساردەوە دەکوژرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی \"ئیسنا\" بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٣١ رۆژەی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ٨٥ کەس بەچەکی سارد کوژراون.

هەروەها بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە نێوان ساڵەکانی ٨٠ هەتا ٨٩ی هەتاوی سەرجەم ١١ هەزار و ١١٩ کەس بەهۆی بەرکەوتنی چەکی ساردەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە رۆژانە ٦ کەس بە چەکی ساردەوە دەکوژرێن کە نیوەی ئەو کەسانە بەهۆی بەرکەوتنی \"چەقۆ\"وە گیان لەدەست ئەدەن.

کۆمەڵناسان و چالاکانی بواری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو باوەڕەنکە هەلوومەرجی ناسەقامگیری کۆمەڵگەی ئێران و فشاری ئابوورییان وەک سەرەکی‌ترین هۆکار سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەقەڵەم داوە.