رۆژانە ٥٠٠ کەس لە شاری بۆکان رۆژنامە دەخوێننەوە

18:13 - 21 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەڕای زۆرێک له رۆژنامەنووسان رەوش و بارودۆخی چاپەمەنی و رۆژنامەنووسی لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ روو لە خراپ بوون دەکات و ئەمەش هۆکاری راستەوخۆی دابەزینی خوێنەرانی بڵاڤۆکەکانە.

ماڵپەڕی کوردپرێس لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، بە هۆی گرانی رۆژنامە و بڵاڤۆکەکان لە شاری بۆکان رێژەی خوێنەرانی ئەو چاپەمەنییانە رووی لە کەمی کردووە و ئەو شارە بە حەشیمەتی ١٧٦ هەزار کەسەوە ٣ دەکەی رۆژنامە فرۆشی تێدایە و رۆژانە تەنیا ٥٠٠ کەس رۆژنامەکان دەخوێننەوە.

نرخی زۆربەی بلاڤۆک و رۆژنامەکان بە رێژەی ٨٠% رووی لە زیادبوون کردووە ئەمەش راستەوخۆ هۆکاری دابەزینی فرۆشی ئەو چاپەمەنییانەیە.

یەکێک لە رۆژنامە فرۆشەکانی شاری بۆکان راگەیاندووە، رێژەی فرۆشی رۆژنامە و چاپەمەنییەکان بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو رووی لە کەمی کردووە بە شێوەیەک تەنیا چەند کەسێکی تایبەت رۆژنامە و گۆڤارەکان دەکڕن.

ئەو رۆژنامە فرۆشە ئەوەشی خستۆتەروو، رۆژنامەی \"جام جم\"ی ئێران بە هۆی هەرزان بوونیەوە هەندێک کڕیاری ماوە و هاووڵاتییان روو لە کڕینی رۆژنامە گرانەکان ناکەن و نایانکڕن.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەنووسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە زیاتر لە ٤٠%ی بڵاوكراوەكانی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران كە مۆڵەتی یاساییان هەیە، بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە بڵاو ناكرێنەوە و ئەوانەش كە ماون لە بەرەبەری داخران دان.