١٤ رۆژ بەسەر مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە \"ورمێ\"‌دا تێپەڕی

14:37 - 12 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: دۆخی تەندروستی سێ‌زیندانی سیاسیی كوردی دەستبەسەركراو لە ورمێ،‌كە ماوەی ١٤ رۆژە مانیان لەخواردن گرتووە، زۆر نالەبارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی بەندی ١٢ی زیندانی دەریا پێی ناوەتە سێزدەیەمین رۆژی خۆی و دۆخی جەستەیی و روۆحیی ئەو زیندانیانە زۆر خراپ راگەیەندراوە.

بەرپرسانی زیندانی دەریا هەڕەشەیان لەمانگرتووان كردووە و چەند كەسێكیشیان لە زیندانیان بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا كردوون.

\"23422.jpg\"
عەلیڕەزا رەسووڵی،بە دەست نەخۆشی ئیسك و ئازار لە هەر دوو ئەژنۆكانیدا دەناڵێنێ‌ .
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، فشار و هەڕەشەكان بۆ سەر مانگرتووان بەردەوامە و باری تەندروستیی عەلیڕەزا رەسوولی، عەلی ئەفشاری و عەبدوڵڵا حەموودی زۆر خراپە و رەوانەی بێهداریی ناو زیندان كراون.

بیست و هەشت زیندانی سیاسیی كورد لەرێكەوتی ٢٩ی خەزەڵوەرەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە تێكەڵ كردنیان بە بەندی زیندانیانی مەترسیدار و تاوانبارانی مادە سڕكەرەكان مانیان لەخواردن گرتووە.

عەلی ئەفشاری كە لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مەهابادەوە بە \"موحاربە\" تاوانبار كراوە، بە هۆی ئەو مانگرتنەوە دۆخی جەستەیی تێکچووە.

\"23421.jpg\"
عەلی ئەفشاری، بە هۆی ئەو مانگرتنەوە دۆخی جەستەیی تێکچووە.
عەلیڕەزا رەسووڵی زیندانییەكی دیكەی كوردە كە بە سێ‌ساڵ زیندان حوكم دراوە و هەنووكە بە دەست نەخۆشی ئیسك و ئازار لە هەر دوو ئەژنۆكانیدا دەناڵێنێ‌.

هەتا ئێستا سەبارەت بە دۆخی پەروەند و بارودۆخی جەستەیی عەبدوڵڵا حەموودی زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، بەرپرسانی زیندان ژمارەیەك لە مانگرتووانیان بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ كردوون و پێیان راگەیاندوون ئەگەر لە مانگرتنەكەیان بەردەوام بن، ئەگەری ئەوە هەیە بۆ زیندانەكانی دیكەی ئێران دووریان بخەنەوە.

زیندانی ناوەندی ورمێ‌بە سێهەمین زیندانی گەورەی ئێران دێتە ئەژمار و بەپێی دوایین ئامارەكانی نێردراو بۆ ئاژانسی كوردپا، زیاتر لە ٧٠ زیندانیی سیاسیی لەو گرتووخانەیەدا راگیراون كە ٤٠ كەسێیان كوردن.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسی كورد لەحاڵێكدا پێی ناوەتە چواردەیەمین رۆژەوە، كە مانگرتووان رایانگەیاندووە هەتا ئەو كاتەی هەموو داخوازییەكانمان وەدی نەیەت دەست لە مانگرتن هەڵناگرین.

پاراستن و لەبارچاوگرتنی جیاكردنەوە بە پێی تاوان، دروست كردنی بەندی تایبەتی زیندانیانی سیاسیی و رێگری لە فشار و هەڕەشە بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیان لە سەرەكیترین ویستی و داخوازی مانگرتووانی زیندانی دەریان.

هەتا ئێستا زیندانیانی سیاسیی رەجایی شار، زاهیدان، سنە و زیندانەكانی باشووری ئێران پەیوەست بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی ورمێ‌بوون.