رۆمانی \"کۆچی هەورەتریشقە \" چاپ و بڵاو کرایەوە

20:03 - 12 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆمانی هەورەتریشقە، بەرهەمی نووسەرێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە هەژماری ١٠٠٠ دانە لەلایەن \"خانەی موکریانی بۆ چاپ و بلاوکردنەوە\" چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆمانی هەورە تریشقە\" بەرهەمی یەک ساڵ نووسینی نووسەرێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە دووتوێی ١٥٠ لەپەڕەدا گەیشتە دەستی خوێنەران.

مستەفا شێخە نووسەری کورد لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کرد؛ ئەو رۆمانە چەند گێرانەوەیەکی تێکەڵە و بەگشتی خوێنەر دەتوانێ بەپێی لێکدانەوەی خۆی کەسایەتییەکانی نێو رۆمانەکە لە بیری خۆیدا وێنا بکات، بەڵام کەسایەتییەکانی رۆمانی کۆچی هەورەتریشقە لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا  ئەم دواییانە لە ناو دەقی رۆمانەکەدا لە قوژبنێکی رووداوەکانی ئەم ماوەیەدا دەژین .

\"18575.jpg\"
مستەفا شێخە، نووسەری کورد
نووسەر سەبارەت بە کەسایەتیی ناو رۆمانەکە گوتی؛ \"رەنگە کەسایەتییەکان کۆپییەیکی کەسایەتییە راستەقینەکان نێو ژیانی ئێستامان بن.\"

هەروەها گوتیشی لە رۆمانەکەدا باس لە ژیانی هێندیک کەسایەتی دەکرێت، کە لە قەندیل لەدایک بوونەو پاشان گەڕوانەتەوە ناوخۆ و هەروەها بە شێوەیەک مێژووی سیاسیی چەند ساڵی دوایی حیزبە کوردییەکانیشی تێدایە.

مستەفا شێخە لەمەوبەر چەند چیرۆکی کورتی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاو کراوەتەوە و ئەم دەقە یەکەم ئەزموونی نووسینی ڕۆمانە کە نووسەر خۆی تێدا تاقی دەکاتەوە.

مستەفا شیخە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە شاری شنۆ لە دایک بووەو ماوەی چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان خەریکی کاری نووسین و رۆژنامەوانییە.