رووسیە: حکوومەتی سووریە لە رووخان نزیک بۆتەوە

14:08 - 24 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسێکی پایەبەرزی رووسیە رایگەیاندووە دوابەدوای پێشکەوتنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی سووریە، حکوومەتی بەشار ئەسەد توانای کۆنتڕۆڵ کردنی وڵاتەکەی لە دەستدا نامێنێ و بەرەو رووخان دەچێت.

ماڵپەڕی \"ریانووستی\" لەزاری\"میکایل بۆگدانۆف\" جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتی رووسیەوە بڵاوی کردەوە دەوڵەتی مۆسکۆ سەرقاڵی پلان داڕشتن بۆ کشاندنەوەی هاووڵاتییان و باڵوێزەکانی لە وڵاتی سووریەیە.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیە رایگەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی ئێمە دوابەدوای بەهێز بوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریەیە، چونکە بە فەرمی ناسینیان لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە وەک نوێنەری خەڵکی ئەو وڵاتە، ئەگەری سەرکەوتنی ئەو هێزانە رووی لەزیاد بوون کردووە.

\"10167.jpg\"
میکایل بۆگدانۆف باسی لەوەش کردووە، \"بەداخەوە\" ئەگەری سەرکەوتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت.

وڵاتی رووسیە بەهۆی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە حکوومەتی سووریە، لە کاتی دەسەڵاتدارێتیی \"حافز ئەسەد\"ەوە هەت ئێستا، یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار.

هەتا ئێستا دوڵەتی رووسیە تاکە ئەندامی فەرمیی شۆرای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە کە سەرجەم بڕیارنامەکانی بەدژی سووریە ڤێتۆ کردووە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە دەوڵەتی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە فەرمی رایگەیاند: حکوومەتی سووریە بۆ یەکەم جار مووشەکی \"ئێسکاد\" کە درووست کراوی رووسیەیە بەدژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکار هێناوە.