روودوای هاتوچۆ لەجادەی مەهاباد ـ بۆكان گیانی سێ‌ كەسی ستاند

14:26 - 24 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لەجادەی مەهاباد ـ بۆكان (جاددە بورهان) سێ‌ هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەی رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٣‌ی جۆزەردان لەنزیک ئاوایی \"قەرەبڵاغ\"‌ی لە سەر جاددەی بورهان رووداوێكی هاتوچۆ رووی داو بەو هۆیەوە چالاك حەسەن‌نژارد كوڕی قادر، شەهریار ئوستاد ئیبراهیمی كوڕی عومەر گیانیان لەدەست دا.

هەر لەو رووداوەدا منداڵێک‌یش گیانی لەدەست داوە، کە کوڕی بنەماڵەی حەسەن نژاد بووە.

بەوتەی شایەتحاڵان، تەرمێ ئەو سێ کەسە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەناو ماشێن دەرهێنراون و سەرەڕەای چەندین جار ئاگادار كردنەوەی ناوەندە پێوەندیدارەكان، هیچ ئورگانێكی فریاکەوتنی حكوومەتی لە شوێنی رووداوەكە ئامادە نەبوو.

ناستاندار بوونی ماشێن و جادەكان، نەبوونی هێمای ئاگادار كردنەوەی بەشێوەی پێویست، خێرایی شۆفێران، بە هۆكارە سەرەكییەكانی رووداوی هاتوچۆ لەئێران دێنە ئەژمار.

وڵاتی ئێران لەنێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٨٩ی بۆ رووداوی هاتوچۆ و ناستانداربوونی جادەكانی هەیە و وڵاتی \"سیرالئون\"‌ لە رۆژئاوای ئەفریقا لەو دوو بوارەدا پلەی یەکەمی هەیە.
\"20514.jpg\"

\"20513.jpg\"