رووداوە تراژیدیاکانی کوردستان لەبەرهەمێکی هونەریدا پیشان دەدرێت

16:32 - 6 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: کچە هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری سنە کارەسات و رووداوە ناخۆشەکانی ١٠٠ساڵی رابردووی کوردستانی لەتابلۆیەکدا کێشاوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هونەرمەندێک بە ناوی \"ناهید مێنبەری\" رووداوە ناخۆشەکانی ١٠٠ساڵی رابردووی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە لەدووتویی تابلۆیەکدا وێنا کردووە.

ئەو هونەرمەندە لەو نەقاشییەدا لەتەکنیکی رەنگ و رۆن کەڵکی وەرگرتووە و لە قەبارەی ١٣٠*١٨٠دا کێشاوێتەوە.

ناهید مێنبەری لەوتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە رووداوانەی لەوێنەکانی ئەودا رەنگی داوەتەوە، وتی: رووداوەکانی ١٠٠ساڵی رابردووی کوردستان وەک رووداوی دەرسیم، خۆڕاگرییەکانی خەڵکی سنە، هەڵەبجە و کۆبانێ و تەنانەت ناوەڕۆکی کتێبی کلیدەر کارێگەری لە سەر من داناوە و بە شێوەی پازڵ لەو بەرهەمەدا گونجاندوومە.

\"28494.jpg\"
ناهید منبەری رووداوە ناخۆشەکانی ١٠٠ساڵی رابرددووی کوردستانی لەتابلۆیەکدا کێشایەوە
لەو بەرهەمەی هونەرمەند مێنبەریدا، فەڕش وەکوو سەمبولی نیشتمان و نیشتمانی کوردان پیشان دراوە.

ئەو هونەرمەندە لەدرێژەی لێداونەکەیدا باسی لەوەش کرد، شەڕی داعش و رووداوەکانی یەک ساڵی رابردووی \"کوردستانی باکوور\" پاڵنەری سەرەکیی من لەو بەرهەمە دابووە، بەڵام بە گشتی ‌کۆمەڵێک لە رووداوە گرینگەکانی ١٠٠ساڵی رابردووی هەر چوار بەشی کوردستان تێیدا نەخشێنراوە.

ناهید سەبارەت بە شێوە و سەبکی کارە هونەرییەکەی خۆی وتی: کارەکانی من دوو رەهەند و سێ رەهەندین، کە لە نێوان سووراڵیزم و ریاڵیزم دایە.

ناهید منبەری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە گوندی \"نیەر\"ی سەربە شاری سنە لەدایک بووە و هونەری نیگارکێشی بە مامۆستایەتی \"مێهدی زیائەدینی\" دەستیپێکردوە و دواتر لە زانکۆی هونەری شاری تاران بەشی وێنەکێشانی تەواو کردووە.

ناوی بەرهەمەکەی ناهید منبەری \"شارۆیە \" کە لە زاراوەی هەورامیدا بە واتای \"کۆکردنەوە\" دێت.