رووداوی کار گیانی کرێکارێکی کوردی ورمێی ستاند + وێنــــه

12:59 - 14 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی ورمێ‌بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣‌ی سەرماوەز کرێکارێک بەناوی خوسرەو مرواریدی لەکاتی کارکردن لەبینایەکدا کەوتۆتە خوار و گیانی لەدەست داوە.

خوسرەو مرواریدی لە پڕۆژەکانی بیناسازیی \"گوڵشەهر\"‌ی ورمێ‌سەرقاڵی کارکردن بووە و بەوتەی شایەتحاڵان ئەو کرێکارە کوردە لەکاتی کارکردن بە \"باڵابەر\" لە جۆری \"تاوێر\" تووشی ئەو رووداوە بووە.

\"17216.jpg\"
خوسرەو مرواریدی لە پڕۆژەکانی بیناسازیی \"گوڵشەهر\"‌ی ورمێ‌سەرقاڵی کارکردن بووە و لەکاتی کارکردن بە \"باڵابەر\" لە جۆری \"تاوێر\" تووشی ئەو رووداوە بووە
خوسرەو چەند مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و بە مەبەستی دابین کردنی بژێوی ژیانی رووی لەکرێکاری کردبوو.

پێشتریش لە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کرێکارێکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی عوسمان ئەمینی لەکاتی کار کردن لەناو بیرێکدا لەشەقامی ساحلی ، گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەماوەی ٤٥ رۆژی رابردوودا ١٣ کرێکاری کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٦ کەسیان بە هۆی رووداوی کارەوە بوونەتە قوربانیی و ٧‌ی دیکەشیان بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.