رووداوی کار گیانی کرێکارێکی نەغەدەیی ستاند

22:47 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی نەغەدەیی لە کاتێکدا کە سەرقاڵی جۆش کردنی رینگی تایەی ماشێنێک بووە، بەهۆی تەقینی تایەی ئەو ماشێنەوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی شایتحاڵان سەری ئەو هاووڵاتییە لە ئەنجامی تەقینی تایەی ئەو ماشێنەدا لێک پژاوەو پارچە گۆشتی سەری ناوبراو هەتا مەودای ١٠٠ میتری فڕی دراوە.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری نەغەدە بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە ماوەی چەندین ساڵ بوو کە لە شاری نەغەدە دووکانی جۆشکاری بووە کە بەهۆی رەچاو نەکردنی مەرجەکانی تەندرووستی گیانی لەدەست داوە.

پێشتریش لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە شاری سەقز خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"بێهزاد ئەردەڵان\" بە هۆی بەرکەوتنی \"بەچە رینگ\"ـی تایەی ماشینەوە لە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان گیانی لەدەست دا.