٢٨٩ رووداوی کار لە کارگەکانی پارێزگای کرماشان رووی داوە

15:29 - 19 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە سەرجەم کارگەکانی پارێزگای کرماشان ٢٨٩ رووداوی کار رووی داوە.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لە زاری \"سوهراب\" بەرپرسی گشتیی \"تعاون و کار\"ی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، لە سەرتای ئەمساڵەوە لە کارگەکانی کرماشان ٢٨٩ رووداوی کار رووی داوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٦٩ حاڵەتیان لە کارگەکانی بیناسازی هاتوونەتە ئاراوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش داوە کە ٤٦%ی رووداوی کار لە ئێران لە کارگەکانی بیناسازی دێنە ئاراوە و ٧٠%ی ئەو رووداوانە مردنی کرێکارانی بەدواوە دەبێت، ئەوە لە کاتێک دایە کەلە ئاستی جیهاندا تەنیا ١٧%ی رووداوە مەترسیدارەکانی کار لە پڕۆژەکانی بیناسازی روو دەدەن.

بەرپرسی \"تعاون و کار\"ی پارێزگای کرماشان گوتیشی، نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکارەکان هۆکاری سەرەکیی لەسەرێ بوونی رێژەی قوربانیانی رووداوی کارن.

لەلایەکی دیکەشەوە \"عەلی ترکاشوەند\" چالاکی کرێکاریی شاری \"رەی\" بە هەواڵدەریی کاری ئێرانی رایگەیاند: هەنووکە دامەزراوە کرێکارییەکان لە \"نەبوونی ئەمنیەتی کار\" لەمەڕ کەمتەرخەمی پشت گوێ خستنی کرێکاران لە دەوڵەت ناڕازین.

ئەو چالاکە کرێکارییە رایگەیاندووە، کرێکاران ئێستا لە قەیراناویترین دۆخدا بەسەر دەبەن، ئەوەش لە کاتێک دایە کە دەوڵەتی دەیەم زیاتر لە هەموو دەوڵەتەکانی پێشوو ئیدیعای \"پەرەپێدانی هاوسەنگی\"یی هەبووە.

ترکاشوەند ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی کار لە جێگای دابین کردنی کار و پێکهێنانی باری خۆش بژیوی بۆ کرێکاران، دەستی داوەتە گۆڕانکاری لە یاسای کار و بیمە و پەسند کردنی رەشنووسێك بەدژی کرێکاران.