رووداوی کار لە جوانڕۆ دوو قوربانیی لێکەوتەوە

14:44 - 7 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە پرۆژەی \"مسکن مهر\"ی شاری جوانڕۆ لە ئەنجامی رووداوی کاردا بوونە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کرێکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی \"ئارەش عەزیزی\" کوڕی محەممەد بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە چێو بەستی پرۆژەی بیناسازیی مەسکەنی مێهر کاسەی سەری تووشی شکان بووە و لە نەخۆشخانەی کرماشان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەروەها ١٥ رۆژ پیش ئێستا کرێکارێکی دیکەی ئەو پرۆژەی بیناسازییە بەناوی \"عێــزەت\" بەهۆی کەوتنەوە خوارەوە لە کاتی \"ئاڵماتۆڕ بەندی\"دا تووشی حاڵەتی بێهۆشی بووە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا هۆش خۆی نەهاتۆتەوە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، سەرجەم کرێکارانی پرۆژەی مەسکەنی مێهر لە خزمەتگوزاریی بیمە بێبەرین و لە کاتی هاتنە ئارای هەر جۆرە رووداوێکدا سەرجەم تێچووی نەخۆشخانە لە ئەستۆی خۆیان دایە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٢ کرێکاری کورد لە ناوچەکوردنشینەکانی ئێــران بەهۆی رووداوی کارەوە بە توندی بریندار بوون.

چالاکانی کرێکاری هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بۆ نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار و هەروەها کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران دەگەڕێننەوە.