رووداوی هاوتووچۆ لە جوانڕۆ ١٠ قوربانی لێکەوتەوە

16:06 - 2 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٢ رووداوی هاتوچۆدا لە رێگەی جوانڕۆ بۆ روانسەر ، ٦ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست دا و ٤ هاووڵاتیی دیکەش بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، رۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی ماشێنکی جۆری سایپا لە گەردەنەی کڵاشی، ٤ کەسی خەڵکی گوندی \"کڵاشی\"ی سەربە شاری جوانڕۆ گیانیان لەدەست دا و ٣ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو ٣ هاووڵاتییە بریندارە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ لە بەشی \"ئای‌سی‌یو\" لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان و بار و دۆخی تەندروستیان نالەبارە.

لەلایەکی دیکەوە ٢ رۆژ پێش ئێستا بە هۆی کەوتنە خوارەوەی ماشێنێکی پراید لە \"شوێنێک بەناوی \"ملە تایەر\" ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"میراوا\"ی سەربە شاری جوانڕۆ گیانیان لەدەست داو و کەسیێکیشیان بەتوندی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراوە.

هاتنە ئارای ئەم رووداوانە لە کاتێک دایە کە ساڵانە لەسەر رێگەی شاری جوانڕۆ بۆ روانسەر، بەهۆی ناستاندارد بوون و خراپیی رێگاوبان، نەبوونی هێما و پەرژین، دەیان کەس گیانیان لەدەست ئەدەن و هەتا ئێستا ش لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕیان لەم کێشەیە نەداوەتەوە.