رووداوی هاتوچۆ لەسەر جادەی جوانڕۆ بۆ روانسەر قوربانیی لێکەوتەوە

19:59 - 11 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەسەر رێگای جوانڕۆ بۆ روانسەر بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە ٢ کەس گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای نێوان شارەکانی روانسەر و جوانڕۆ لە سێ رێیانی \"بنچڵێ لە نزیک گوندی \"بەورئاوا\" بەهۆی پێکدادانی٢ ماشێن لە جۆرەکانی \"مینی بووس و پژۆی ٤٠٥\" ، دوو کەسی خەڵکی گوندی \"مەزید\"ی سەربە بەخشی باینگانی شاری پاوە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و ٢ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە سەرنشینانی ئەو مینی‌بووسە مامۆستا و خوێندکارانی یەکێک لە زانکۆکانی شاری پاوە بوون.

\"9619.jpg\"
سەرچاوە ناوچەییەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی خراپیی جادەی نێوان روانسەر– جوانرۆ هەتا ئێستا چەندین روووداوی دیکە تێیدا رووی داوە کە بۆتە هۆی مەرگی هاووڵاتییان و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش لە چاک کردنی ئەو رێگایە و پێشگیری لە مەرگی موسافیراندا کەمتەرخەمن.

هەواڵدەریی مێهر و لە زاری \"خۆسرەو کەوسەری\" فەرماندەی پۆلیسی رێگاوبانی پارێزگای کرماشانەوە بڵاوی کردۆتەوە: کەلە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا سەرجەم ١٤٢ کەس و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە هەتا ئێستا ٩٩ کەس لەو پارێزگایە بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

ساڵانە لەسەر رێگاکانی پارێزگای کرماشان و بەتایبەتی رێگای جوانڕۆ بۆ روانسەر، بەهۆی ناستاندارد بوون و خراپی رێگاوبان دەیان کەس گیانیان لەدەست ئەدەن.