رووداوی هاتووچۆ لەورمێ گیانی هونەرمەندێکی کوردی ستاند

13:38 - 14 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: رووداوی هاتووچۆ لە گەڕەکی فەرهەنگییانی ورمێ، گیان لەدەست دانی هونەرمەندیکی کوردی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رەزا مستەفازادە کوڕی محەممەد و هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی شاری ورمێ، نیوە شەوی هەینی رێکەوتی ١٣ی بەفرانبار لە ئەنجامی رووداوێکی ماشێندا، گیانی لەدەست دا.

رەزا مستەفازادە کە چەندین جار بەهۆی گوتنی سروودی نیشتمانییەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرابوو، کە لە ئەنجامی بەردەوامبوون لەسەر وتنەوەی ئەو جۆرە گۆرانییانە، چوونە دەرەوەی لە وڵاتی ئێران لێ قەدەغە کرابوو.

\"17654.jpg\"
رەزا مستەفازادە، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی شاری ورمێ لە ئەنجامی رووداوێکی ماشێندا، گیانی لەدەست دا
هونەرمەند رەزا مستەفازادە لەماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا خزمەتێکی بەرچاوی بە هونەری مۆسیقا و گۆرانیی کوردی کرد، کە سەرئەنجام کاتژمیر ٣ی نیوەشەوی هەینی لە ئەنجامی رووداوی ماشێندا لەگەڕەکی فەرهەنگییانی ورمێ گیانی لەدەست دا.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە گوندی \"کەشکاوێژ\"ی سەربەشاری سەڵماس و لە داوێنی بنەماڵەیەکی هونەری چاوی بە دنیا هەڵێناوە و لە تەمەنی منداڵییەوە ئۆگری هونەر و گۆرانیی کوردی بووە و لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە دەستی بەچڕینی گۆرانیی کوردی کردووە.

زۆرێک لەچالاکانی بواری هونەری گیان لەدەست دانی ئەو هونەرمەندە کوردە بە خەسارێکی گەورە بۆ هونەر و مۆسیقای کوردی بەتایبەت لەناوچەی ورمی دەزانن، هەربۆیە زۆربەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەداخبوونی خۆیان لە گیان لەدەست دانی ئەو هونەرمەندە کوردە دەربڕیوە.
\"17659.jpg\"

\"17656.jpg\"

\"17657.jpg\"

\"17658.jpg\"

\"17655.jpg\"