رووداوی هاتووچۆ لە گەورکی مەهاباد شەش کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

14:32 - 17 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: وەرگەڕانی مینی‌بووسی مسافیر بەریی قالوێی زەنگان لەناوچەی مەهاباد، کوژرانی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و برینداربوونی پێنج کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار مینی بووسی خەتی قالوێی زەنگان – مەهاباد تووشی وەرگەڕان بووە و لە ئەنجامدا لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی \" یاسین دانش\" خەڵکی گوندی قالوێ گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادر لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کە لە جاددەی نێوان گوندەکانی کانی سێو و قالوێی زەنگان هاتۆتە ئاراوە، پێنج کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی رەزبەر (٨ مانگ) سەرجەم ١٣ هەزار و ١٤٠ کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لە وڵاتی ئێران گیانیان لەدەست داوە، کە هەزار و ٤٧ حاڵەتیان لە جاددەی نێوان گوندەکاندا رووی داوە.

هاوکات داریووش ئەمانی بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەو بانەکانی وڵاتی ئێران بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندووە؛ ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا پاش ئوستانەکانی گیلان و گوڵستان زۆرترین حاڵەتی رووداوی هاتووچۆی تێدا تۆمار کراوە.

بەهۆی بەرتەسک بوونی رێگەوبان و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەمەڕ دانانی لەمپەر و هێماکانی هاتووچۆ لە جاددەکاندا، ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە جاددەکانی ئێراندا دەبنە قوربانی و ئەم حاڵەتانەش لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران‌دا زۆر بەرچاوترە.