رووداوی هاتووچۆ لە جاددەی میاندواو مەهاباد ٦ کوژراوی لێکەوتەوە

14:47 - 10 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ کەلە نێوان ٣ ماشێن دا لە جاددەی میاندواو- مەهاباد هاتە ئاراوە، ٦ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا.

بەپێێ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ لە جاددەی میاندواو مەهاباد، ٦ هاووڵاتی لە رووداوێکی هاتوچۆدا دەستبەجێ گیانیان لەدەست داو چەندین کەسیش بەتوندی بریندار بوون.

ئەو رووداوە کاتژمێر ٨ی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک بازاڕی حەفتانەی \"ئەمیر ئاباد\"ی نزیک لە شاری میاندواو هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، سەرجەم ٥٤٤ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا گیانیان لەدەست داوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٩٩ کەسیان ژن بوون.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ناستاندارد بوون و خراپیی رێگاوبان و هەروەها نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ، ساڵانە دەیان کەس لە رێگەوابنەکاندا بەرەوڕووی رووداوی هاتوچۆ دەبنەوە گیانیان لەدەست ئەدەن و هەتا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕیان لەم کێشەیە نەداوەتەوە.