رووداوی تەقینەوەكەی ئاوایی نشكاش كرایە شانۆ

16:53 - 15 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی كوردپا: بە بەشداری منداڵانی قوربانی تەقینەوەكەی ئاوایی نشكاشی مەریوان و ژمارەیەك هاووڵاتیی دیكە، شانۆیەك لەژێر ناوی \" منداڵە ئاسمانییەكان\" بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا، تەقینەوەی مین و بریندار بوونی منداڵە بێ‌تاوانەكانی ئاوایی نشكاش كە لە كۆنە پایگایەكدا بوونە قوربانی، لەلایەن سۆران حوسێینیەوە كراوەتە شانۆ.

سۆران حوسێنی دەرهێنەری شانۆی \" منداڵە ئاسمانییەكان\" بە هەواڵدەری ئیرنای وتووە: ئەگەر ئێمە وەكوو هاووڵاتیی ناتوانین برین و زامەكانی ئەو منداڵانە سارێژ بكەینەوە، دەكرێ‌لە هەست و سۆزیان كەڵكی خراب وەرنەگیرێت و رێزیان بگرین.

شانۆی \" منداڵە ئاسمانییەكان\" لەئاوایی نشكاش بە بەشدارانی قوربانیانی تەقینەوەی مین و بە درووشمی \" نا بۆ مین\" لە نووسەری و دەرهێنەریی سۆران حوسێنی و ئەكتەری حەیدەر ئەدەب، ئارام كەریمی و سەیوان فەتحی بەڕێوە چووە.

رێكەوتی ٢٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧ منداڵی تەمەن ٨ هەتا ١٢ ساڵ لە گوندی نشكاشی مەریوان لەكاتی یاری كردن لە كۆنە بنكەیەكی سوپای پاسداران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون، كە یەكێك لەو منداڵانە بەناوی گەشبین كەریمی دەستبەجێ لاقی پەڕی.

گەشبین كەریمی لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەهۆی ئاسەوارەكانی تەقینەوەی ئەو مینە، چاو و گوێچكەیەكی لەدەست داوە.

دوای تەقینەوەكە دەزگای مین هەڵگرتنەوە ٢٠ مینیان لەم شوێنە كۆكردبوویەوە و بەڵێنی ئەوەشیان دابوو كە مینەكانی دیكەش كۆ دەكەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵێنیە جێبەجێ‌نەكراوە.

لەو پیوەندییەدا مانگی رەشەممەی ساڵی رابردووش لەناوچەی (کونجان چەم) سەربە ئۆستانی ئیلام، پێنج قوتابی هەوارنشینەکانی، ئەو ئۆستانە لە ئەنجامی تەقینەوەی گوللـە خومپارەیەکی نەتەقیودا بریندار بوون و دواتر قوتابییەکیان گیانی لەدەست دا.