رووداوی كار، گیانی دوو لاوی كوردی ستاند

12:43 - 22 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی كورد لەكاتی كاركردندا بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر ئەمیر حوسێنی كرێكاری بیناسازیی و خەڵكی شاری پاوە لە كاتی كاركردن لە بینایەكی چەند قات لەشاری تاران بەربۆتەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی میلاد لەو شارە كراوە.

سەرچاوەیەك بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئەو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە، دوای ١٦ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەكانی رۆژی سێ‌‌شەممە رێكەوتی ٢١ی رێبەندان كۆتایی بە ژیانی هات.

\"24689.jpg\"
ئەمیر حوسێنی، دوای ١٦ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەكانی گیانی لەدەست دا
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، ئەمیر حوسێنی خەڵكی ئاوایی \" سەریاس\"‌ی سەر بە شارستانی پاوە بوو.

لەلایەكی دیكەوە دوو برا كە وەكوو نیگابانی كۆمپانیایەك لەشاری گیلانغەرب سەرقاڵی دابین كردنی بژیوی ژیانیان بوون بە هۆی كەڵك وەرگرتن لە دار و تەختە بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان تووشی گازگرتوویی بوون.

دەوترێت یەكێك لەو كرێكارانە كە تەمەنی ٢٤ ساڵە بە هۆی هەڵمژینی گازی منۆئۆكسیدی كەربۆن گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیكەشیان رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

مەرگی كرێكاران بە هۆی رووداوی كارەوە لەئێران لەپاش رووداوی هاتوچۆ بە دووەمین هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو چینە دێتە ئەژمار.

ژمارەیەكی بەرچاو لەكرێكارانی ئێران بە شێوەی هەقدەست كاردەكەن و لەلایەن خاوەنكارەكانەوە بیمە ناكرێن و لەكاتی روودانی هەر چەشنە رووداوێكی كار دەبێ‌بۆخۆیان تێچووی نەخۆشخانە بدەن.