روودانی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی لەسەردەشت

14:52 - 11 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: هەواڵ و زانیارییەکان باس لەتێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران و هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەکەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ شەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانان لەناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکان رووی داوە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، ئەو شەڕە کاتژمێر ٨ بۆ ٨ و نیوی شەو دەستی پێکرد و لەسەرەتادا دەنگی چەند تەقەیەکی چەکی سووک هات و دواتر هێزەکانی سوپای پاسداران کوێرکوێرانە ناوچەکەیان دایە بەر تۆپ و خۆمپارە.

سەرچاوەکە لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تێکهەڵچوونە لەنزیک ئاوایی \" سیسێر\"ی سەر بە رەبەت رووی داوە. باس لەوەش کراوە حکوومەتی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی ئەو ناوچەیە کردووە و ناوچەکەش بە تەواوەتی ملیتاریزە کراوە.

کەسانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە ڕایان وابووە کە هێزە کوردییەکان سەر بە \" حیزبی دێمۆکراتی کوردستان\" بوون.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە بەرپرسانی حدک ئەو شەڕەیان وەئەستۆ نەگرتووە و روونکردنەوەیان لەسەر نەداوە.

ساڵی ١٣٨٥ ژمارەیەک ئەندامی رێبەریی و کادر و پێشمەرگە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران جیا بوونەوە و ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیان لەسەر خۆیان دانا کە هەتا ئێستاش لەلایەن حدکاوە بە فەرمیی نەناسراون.

ماوەی چەند مانگێکە و پاش ئەوەی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسۆنی حکوومەتی ئێران دەستیان بە جموجۆل لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران کردووە، ماوە بە ماوە شایەتی بیستنی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوون لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانین.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بەدوو هێزی سەرەکیی کوردستانی ئێران دێنە ئەژمار، بە وتەی بەرپرسەکانیان هێزییان لە سنوورەکان جێگیر کردووە.

لەو بارەیەوە حدکا بە فەرمیی بنکە و بارەگای لەناوچە سنوورییەکانی کێلەشین داناوە و پێشمەرگەکانی لەو ناوچانە سەرقاڵی چالاکین.

ئەوان دەڵێن چالاکییەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی تەشکیلاتی و رێکخستنەوەی ئەندامەکانیان دایە.