رووخاندنی خانووبەرەی هاووڵاتییانی کورد لەشاری ورمێ + وێنــە

21:00 - 30 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی شارەوانیی و هێـزی ئینتزامیی شاری ورمێ، چەندین دەزگا خانووبەرەی هاووڵاتییانی کوردی ئەو شارەیان تێک دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ مەئمووارنی شارەوانی و هێـزەکانی ئینتزامی بە پشتیوانی چەند دەزگا \"لۆدێر\"، ژمارەیەک خانووبەرەی تازە دروستکراوی هاووڵاتیانیان لە گەڕەکی \"شەهرەکی دانشگا\" تێک رووخاند.

هەروەها رۆژی رابردوش هێزەکانی ئینتزامی و مەئموورانی شارەوانی خانووبەرەی هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو گەڕەکەیان بەبیانووی \"نەبوونی مۆڵەتی شارەوانی\" تێک رووخاندبوو.

دەگوترێت هێــزە ئینتزامییەکان ئەندامانی خێــزانی ئەو بنەماڵانەیان بەزۆری لە ماڵەوە هێناوەتە دەرێ و پاشان بە پشتیوانیی چەند دەزگا لۆدێـــر ئەو خانووبەرانەیان تێک رووخاندووە.

بەوتەی یەکێک لە شایەتحاڵان ئەم هەڵسووکەوتەی هێــزە ئینتزامییەکان و مەئموورانی شارەوانی، ناڕەزایەتیی دانیشتوانی ئەو گەڕەکەی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا گرژی لەنێوان هاووڵاتییانی کورد و ئەو هێــزانەدا هاتە ئاراوە.

ئەو شایتحاڵە راشیگەیاند، دوابەدوای ئەو گرژییە چەندین کەس لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لەلایەن هێــزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بەدانانی بارمتە ئازاد کران.
\"14083.jpg\"