رووخاندنی 70 ماڵ لە گوندێكی سنە بەدەستی شارەوانی و هێزە نیزامییەكان/گیرانی 10 هاووڵاتی

14:04 - 22 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رۆیشتوونەتە گوندی \"دووشان\"ی سەر بە شاری سنە و بە یارمەتیی شارەوانی وێڕای رووخاندنی 70 ماڵی هاووڵاتییان، 10 كەسیشیان دەستبەسەر كردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هێزەكانی سپای پاسداران جێگیر لە پادگانی \"ئیمام عەلی\" لەسەر جادەی كەمەربەندیی بەهەشت محەممەدی رۆیشتوونەتە گوندی \"دووشان\" هەڵكەوتوو لە ناوچەی چەم شاری سنە و بە هاوكاریی هێزی ئینتزامی و شارەوانیی سنە 70 ماڵی هاووڵاتیانیان رووخاندووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، خەڵكی دووشان ناڕەزایەتیان بەو كارە دەبڕیوە و تێكهەڵچوون لە نێوانیاندا هاتۆتە ئاراوە كەلە ئەنجامدا 10 هاووڵاتیی ئەو گوندە لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە قۆڵبەست كراون.

هۆكاری رووخانی ماڵی ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هێزە نیزامییەكان و شارەوانیی سنەوە رانەگەینراوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ناسنامەی ئەو گیراوانە و هەروەها شوێنی راگرتن و چارەنووسیان زانیارییەك بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا نەگەیشتووە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە شاری سنە بەهۆی گرانیی كرێی خانوبەرە، خەڵكێكی زۆر لەناو شاری سنە روویان لە شارەك و گوندەكانی دەورووبەری شار وەك \"حەسەن ئاوا، قار، دووشان، گرێزە و نایسەر\" كردووە و لەوێ‌ خانوویان ساز كردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی خودی ئێران لە ماوەی رابردوودا بەهۆی كاریگەریی گەماروە نێودەوڵەتییەكان نرخی كەلوپەلی بیناسازی لە ئێران 30% گران بووە.