رووبەرێکی فراوان لەچیای ئاویەر لەئاگردا سووتا+ویدئۆ

14:17 - 13 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: شەوی رابردوو رووبەرێکی فراوان لەدارستانەکانی چیای ئاویەری سنە هەڵکەوتوو لەنزیک پارکی کوودەک و ئاوایی حەسەن ئاوا بۆ ماوەی نزیک بە ٥ کاتژمێر لەئاگردا سووتاون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیوارەیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ ئاگرێکی گەورە لەچیای ئاویەر کەوتووەتەوە و بەوتەی شایەتحاڵان ئاگرەکە هەتا کاتژمێر ١٢ی شەو درێژەی هەبووە.

شایەتحاڵان کە بەشێکی زۆریشیان بەمەبەستی گەشت کردن ئەو ئێوارەیە روویان لە پارکی کوودەک لە نزیک چیای ئاویەر کردبوو لەگەڵ کارەساتێکی ژینگەیی بەرەوڕوو بوونەوە و بە وتەی خۆیان ئەو ئاگرکەوتنەوەیە تاساندوونی.

\"28080.jpg\"
شایەتحاڵان بە هەوالنێری کوردپایان وتووە، چیای ئاویەر لەچوار شوێنەوە ئاگری گرتووە و هەر بۆیە گومانی ئەوەیان هەیە کە ئاگرەکە بە ئەنقەست و لەلایەن کەسانێکی تێکدەرەوە ئەنجام درابێت.

پاش ئاگرکەوتنەوەکە هاووڵاتیانی شاری سنە بە دەستی بەتاڵ بەبێ بوونی هیچ کەرەسەیەکی ئاگرکووژینەوە فریای چیا و سەیرانگای ئاویەر کەوتوون و پاش نزیک بە ٥ کاتژمێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

هەواڵنێری کوردپا باسی لەوە کرد، ئەوەی جێگای پرسیار و گومانی خەڵک بوو ئەوەیە کە پۆلیسی هاتوچۆ بە هاوکاری ناوەندەکانی دیکە لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە رێگەی چوون بۆ ئاویەر (کەمەربەند)یان بەرووی خەڵک و ئەو کەسانەی کە دەیانویست یارمەتی بگەیەنن داخستبوو.

دەوترێت یەکیک لەشوێنە گەشتیارییەکانی چیای ئاویەر بە ناوی گوێزە کوێرە خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی پێگەیشتووە و زۆربەی دارەکانی لە ئاگردا سووتاون.

چیای ئاویەر لە سنە دوو هەزار و ٣٥٠ میتر لە ئاستی دەریا بەرزە و دەڕوانێتە سەر پارکی کوودەک، شارەکی سەعدی و ئاوایی حەسەن ئاوا.

شایەتحاڵانی ئەو رووداوە ئەوەشیان خستووەتەڕوو شارەوانی شاری سنە و چەند ناوەندێکی دیکە بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە هاوکاری خەڵک و ژینگە دۆستان بوون و باس لەوەش کراوە لەو ئاگرکەتنەوەیەدا زیاتر لە ٧ هێکتار دارستان و لێڕەوار بوون بە خۆڵەمێش.

\"28081.jpg\"
هەنووکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە چالاکانی ژینگەپارێزی کورد بانگەوازی ئەوەیان لەشاری سنە بڵاو کردووەتەوە کە رۆژی پێنجشەممەی ئەم حەفتەیە خەڵکی لەشوێنی رووداوی ئاگرکەوتنەوە ئامادە بن و دار و نەمام لەوێ بڕوێنن.

پارێزگای سنە بە رووبەرێکی زۆری دارستان و لێڕەوار داپۆشراوە و سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوامی هێندی لە شوێنە ئەستەمەکان مەترسی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە، بەڵام لە بوونی خزمەتگوزاری هەوایی وەکوو هیلی کۆپتێر بێبەرییە.

چەند شەو لەمەوبەریش دارستانه‌کانی ناوچه‌ی گوندی \"که‌چه‌ڵ ئاوا\" و \"گڵکۆی شێخ برایم بادام\" و  رووبه‌رووی گوندی “بریسوێ” سه‌ر به‌شاری سه‌رده‌شت ئاگریان گرتبوو.

بە وتەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە ٨ کاتژمێری خایاندووە و دەوترێت نزیک بە ٥ هێکتار لەدارستانەکانی ئەو ناوچانە بوونەتە خۆڵەمێش.

ئاگرکەوتنەوە لە کێوی ئاویەری سنە