روخانی حکوومەتی سووریە نزیک بۆتەوە

13:01 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی عەرەب رایگەیاندووە کە رووخانی حکوومەتی سووریە بەمزوانە چاوەڕوان دەکرێ و وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش گوتوویەتی کە گواستنەوەی دەسەڵات لە هەموو شتێک گرینگترە.

بەو پێیەی کە سەرکۆماری ئەمریکا راشکاوانە هەڕەشەی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکات و هێزەکانی ناتۆ زەخت و گوشارەکانیان بۆ سەر حکوومەتی سووریە زیاتر کردووە، زۆرێک لە چاوەدێران و کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەن کە رووخانی حکوومەتی سووریە نزیک بۆتەوە.

\"10021.jpg\"
بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی عەرەب
رۆژی سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی \"ناتۆ\" بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی سووریە لە \"برووکسێل\" پایتەختی وڵاتی \"بێلژیک\" کۆ بوونەوە و بڕیار وایە وەڵامی ئەرێنی بە داوای وڵاتی تورکیە بۆ دامەزراندنی مووشەکی \"پاتریۆت\" لە سنووری وڵاتی سووریە بدەنەوە.

باراک ئۆباما راشکاوانە هەڕەشەی لە بەشار ئەسەد کرد و رایگەیاند: \"بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ هێڵی سوورە و بۆ ئێمە قبووڵ ناکرێت و ئەگەر هەڵەیەکی لەو چەشنە بکەیت دژکردەوەی ئێمە دەبینی و دەبێ لەو پێوەندییەدا وەڵامدەر بی\".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە حکوومەتی سووریە خۆی بۆ بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ (شیمیایی) ئامادە دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو رۆژ پێش ئێستا هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە توندی هۆشداری دایە دەوڵەتی دیمەشق، لە وەڵامیشدا حکوومەتی سووریە ئیدیعای کردووە \"ئێمە هیچ کاتێک بەدژی خەڵکی وڵاتەکەی خۆمان لە چەکی کۆمەڵکوژ کەڵک وەر ناگرین\".

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ئیدعایەی دەوڵەتی سووریە، بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەمریکا رایگەیاند: کۆمەڵێک بەڵگە لەبەر دەستی ئێمەدا هەیە کە حکوومەتی سووریە سەرقاڵی ئامادە کردنی گازی \"سارین\"ـه بۆ مەبەستی نیزامی کە ٥٠٠ بەرابەری \"سیانوور\" کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە.

\"10019.jpg\"
هەر لە کۆبوونەوەی دوێنێی برووکسێلدا، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد: بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لەلایەن سووریەوە دژ بە خەڵکەکەی خۆی، کاردانەوەی خێرای جیهانی بەدواوە دەبێت.

ئەوە لە کاتێک دایە کە کۆمەڵیک لە چاوەدێرانی ئورووپایی لەو باوەڕە دان کە دەوڵەتی ئەمریکا تەنیا بە مەبەستی هان دانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژ بە سووریە، مەسەلەی چەکی کۆمەڵکوژی هێناوەتە گۆڕێ.

چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە رێکخراوی ناتۆ بە دامەزراندنی مووشەکی \"پاتریۆت\" لە سنووری نێوان تورکیە و سووریە رازی دەبێت و ئەو مووشەکانە بە مەبەستی بەرەنگار بوونەوەی هێرشی لەناکاوی سووریە بۆ سەر تورکیە دادەنرێت.

نیشانەکانی کۆتایی دەسەڵاتی حکوومەتی سووریە
بارودۆخی ناوخۆیی سووریە، هەڵوێست و هەڵاتنی دەسەڵاتداران و ئەو دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاو بوونەوە، گومان و چاوەڕوانییەکان بۆ رووخانی لەناکاوی حکوومەتی سووریە زیاتر دەکەن.

ئەو بەڵگەو نیشانانە ئەوە دەردەخەن کە باردۆخی ناوخۆیی سووریە زیاتر بەرەو لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەچێت و چەندین گەڕەک و شوێنی ستراتیژی کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی سووریە بەرەو لاوازی زیاتر دەچێت.

\"10018.jpg\"
\"سعوود ئەلفەیسەڵ\" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان
دوێنێ \"سعوود ئەلفەیسەڵ\" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان سعوودی رایگەیاند \"باروودۆخی ناوخۆیی سووریە ناوە بە ناوە بەرەو خراپتر بوون دەچێت و پاراستنی هاووڵاتییان و گواستنەوەی دەسەڵات لە هەموو شتێک گرینگترە.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان پشتیوانیی دەوڵەتی رووسیەی لە حکوومەتی دیمەشق بە توندی مەحکووم کرد و راشیگەیاند: ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی رووسیەدا یارمەتی بە چارەسەریی قەیرانەکانی سووریە دەکات.

\"نەبیل ئەلعەرەبی\" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی عەرەب\"یش رایگەیاند: \"حکوومەتی سووریە لە رووخانی یەکجارەکی نزیک بۆتەوە و گومانی ئەوە دەکرێت کەلە ماوەی چەند رۆژی دیکەدا ئەو رووخانە روو بدات.

هەروەها بەجێهێشتنی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، باڵویز و نوێنەرانی وڵاتانی دیکە لە خاکی سووریە خەڵکی ئەو وڵاتەی زیاتر بە رووخانی حکوومەتی سووریە دڵگەرم کردووە.

شەوی سێشەممە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە فەرمانبەرانی خۆی لە وڵاتی سووریە دەباتە دەرەوە و چەندین رێکخراوی جیهانیی دیکەش ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشتووە.