روانگەی هەفتە: لەحەفتەی کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ، ١٠ حاڵەت پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران روی داوە

15:40 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

لە هەفتەی کۆتایی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە چوار چێوەی \'\'روانگەی هەفتە\'\'دا ئاوڕ لە ١٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەداتەوە کە بریتین لە حاڵەتێکی ئێعدام، ٦ حاڵەتی بارودۆخی خراپی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی کورد، ٢ حاڵەتی دەست بەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد و ناڕوونی چارەنووسیان، ٢ حاڵەتی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتیانی کورد و حاڵەتێکی مردن بە هۆی تەقینەوەی مینێکی جێماوی شەری نێوان ئێران و ئێراق.

\"14870.jpg\"


ئێعدام کردنی هاووڵاتییان:
رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ مانگی ئەمساڵ \"ئارمان محەممەدی\" کوڕی ئەنوەر و خەڵکی شاری روانسەر بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ، لە زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی کرماشان لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە، ئارمان لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا \"تەمەنی ١٢ ساڵ بووە و دواتر لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە کوشتنی هاووڵاتییەک، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوەو پاش ٦ ساڵ راگیران لە زیندان و گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی ئەو حوکمە جێبەجێ کرا.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە چەندین جار داوای لێخۆشبوونیان بۆ رۆڵەکەیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە تەمەنیشی کەم بووە، حوکمی ئێعدامەکەی جێبەجێ کراوە.

دەگوترێت کە ٢ کەسی دیکەش هاوکات لەگەڵ ئارمان محەممەدەی بەتۆمەتی بەشداری کردن لە قەتڵدا دەستبەسەر کران و ئەو ٢ کەسەش لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە هەتا ئێستا ١١ هاووڵاتیی کورد بەبڕیاری دەزگای قەزایی ئێران ئێعدام کراون کە حوکمی ٤ کەسیان لەبەر چاوی خەڵک بەرێوەچووە.

\"14871.jpg\"


تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکان لە هاووڵاتیانی کورد:

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ٢ هاوولاتی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کراون:

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ هاووڵاتیەکی کورد بەناوی \"هیدایەت سۆفی قادری\" بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە ناوچەی بیلوکـە ــ میراوای سەربە شاری سەردەشت درابوویە بەر دەستڕێژی گولـلە و بریندار کرابوو.

هەرلەو پێوەندیەدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، هاوولاتیەکی دیکەی کورد بەناوی \'\'سەلاح باپیروەند\'\' لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە لە رێگەی نەغەدە بە تووندی بریندار کرا و بەمەبەستی چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ١٤ هاووڵاتی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراو و بریندار بوون.

\"14872.jpg\"


بەپێی خشتەی سەرەوە لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ٤ هاووڵاتی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و ١٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار کراون.

\"14873.jpg\"


بارودۆخی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران

بارودۆخی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە حەفتەی کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا:

\"14833.jpg\"
رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ مانگی ئەمسال زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \'\'فەریدون عوسمانی\'\' لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە زیندانی مەهابادەوە بۆ بەندیخانەی شاری ورمێ گوازرایەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو زیندانیە کوردە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ گرتووخانەی ورمێ راگوێزرابوو، هەتا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانی ئەو زیندانییە کوردە نەدراوە.

\"فەریدون عوسمانی\" تەمەن ٢٦ ساڵ، بە نەخۆشی دیسکی کەمەرەوە گیرۆدەبووە و هەتا ئێستا چەند جار داوای مەرەخەسی کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعات داواکەی ئەویان پشتگوێ خستووە.

فەریدوون عوسمانی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە لایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا و لە دادگای ئینقلابی ئەو شارەدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، دواتر پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ناوبراو، ئەو حوکمە بۆ ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ، ٢ زیندانی مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی \'\' فەرزاد سەمەدی\'\' و ئارام میکائیلی\'\' لە گرتووخانەی سەقز بۆ قەرەنتینەی هەمان زیندان گوازراونەتەوە و بەرپرسانی زیندان پێیان راگەیاندوون هەتا کاتێک ردێنی خۆیان نەتاشن هەر لە قەرەنتینەدا دەمێننەوە.

بە وتەی یەکێک لە هاوڕێانی ئەو زیندانییانە، \"فەرزاد سەمەدەی\" بە ٤ ساڵ زیندان و \" ئارام میکائیلی\" بە ٩ ساڵ زیندان حوکم دراون، ئەو دوو هاووڵاتییە ماوەیەک لەمەوبەر لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەجەوە بۆ گرتووخانەی سەقز گوازرانەوە.

درێژەی گوشار بۆ سەر زیندانییانی سیاسی کورد:

زیندانیەکی سیاسی کورد بە ناو \'\'فوئاد ئەنوەری\'\' کە بەتۆمەتی \" تێکدانی ئەمنیەتی گشتی\'\' بە ١٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درابوو، ماوەی ٢ ساڵە ئیزنی بینینی بنەماڵەکەی خۆی پێ نادەن.

ئەو زیندانییە مەزهەبییەی خەلکی شاری جوانڕۆ، ٢ ساڵ پێش ئێستا دەستبەسەر و هەنووکە لە ساڵۆنی ١٠ی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج ماوەی عوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ٩ زیندانیی سیاسی کورد بە هۆی نارازی بوون لە بارودۆخی گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران مانیان گرتووە و ١٨ زیندانی سیاسی و مەزهەبی دیکەش بۆ قەرەنتینە و گرتووخانەکانی دیکە گوازرانەتەوە.

خشتەی خوارەوە بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پیشان دەدا:

\"14874.jpg\"


بە پێی ئەو خشتەی سەرەوە لەماوەی حەفتەی کۆتای مانگی گەلاویژدا، ٧ زیندانیی سیاسی و ١١
زیندانیی مەزهەبیی کورد رەوانەی زیندانەکانی دیکە کراون.

\"14875.jpg\"


دەستبەسەکران:
شڕۆڤە کردنی هەواڵی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران:

\"14832.jpg\"
دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئاوایی سەرهویە سەربە ئەستانی کوردستان بە ناوی \'\'عەلائەدین جەمشیدی\'\' لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەو ئاواییەی بە ٨ کەس گەیاند.

لە هەفتەی رابردوودا، \'\'عەلائەدین جەمشیدی\'\' دوای بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لەلایەن ئەو ناوەندەوە دەستبەسەرکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار،هێـزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان لە بنەماڵەی جەمشیدی کردوە کە لەئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی رۆڵەکەیان، بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبنەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەویە ئەم هەواڵە هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکرانی \"عەلائەدین جەمشیدی\" نەزانراوە.

لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵدا، ٧ هاووڵاتی دیکە خەلکی گوندەکانی \"هوویە\" و \'\'سەرهوویە\'\' بەناوەکانی \'\'مادح مورادی، رەحیم میرزایی، سەردار ئەحمەدی، ئازاد رۆستەمی، رۆژین رۆستەمی و جەماڵ رۆستەمی\'\' لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

درێژەی دەستبەسەر کرانەکان:

لە لایەکی دیکەوە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ، چالاکێکی فەرهەنگی کورد بەناوی \'\' عەلی بازیار\'\' خەڵکی شاری مەریوان کە بۆ بەڕێوەبردنی یادی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس لە دەریاچەی زرێبار مۆمی داگیرساندبوو، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هەرەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراوکردوە کە ئەگەر هەواڵی دەستبەسەکرانی رۆڵەکەیان بڵاو بکەنەوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبنەوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ئەم ساڵدا، ١٦٧ هاووڵاتی کورد لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران، دەستبەسەر کراون.

تەقینەوەی مین:
\"14876.jpg\"
مینی بەجێماوی کۆنەپایەگاکانی سپای پاسداران لە ناوچە وکردنشینەکان هەڕەشەلەگیانی هاووڵاتییان دەکات.

رۆژی دووشەممە هاووڵاتییەکی کوورد بەناوی \"حوسێن باخانی\" تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی گوندی \"باخان\"ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین لاقی راستەی پەڕی و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٨ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد بەهۆی تەقینەوەی \"مین\" لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٥ کەسیان گیانیان لەدەست داوەو ١٣ کەسیش تووشی کەمئەندامی بوون.


هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە میدیاکانەوە بڵاو بوونەتەوە، تەنیا لە ماوەی ساڵی ١٣٩١دا لە شاری مەریوان ٧ هاووڵاتیی مەدەنی، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە.

\"14877.jpg\"


ئەو ناوەندە حکوومەتییانە کەلە پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی کوردا رۆڵیان هەبووە.

ئیدارەی ئیتیلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەستگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و رێکخراو و ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو بەشانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن کە لە ماوەی هەفتەی کۆتایی مانگی گەلاوێژدا ٩ حاڵەتی پێشێل کاری مافی مرۆڤیان لە کوردستانی ئێران‌دا ئەنجام داوە.

\"14878.jpg\"


\"14879.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا(٤ حالەت)
کەمپەینی داکۆکی لە مافی مرۆڤ(٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا(١ حاڵەت)
هەواڵدەری هێرانا(١ حاڵەت)
\"14880.jpg\"