روانگەی هەفتە: ١٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ماوەی هەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی

22:38 - 11 خەرمانان 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە جارێک راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی سەرەتای مانگی خه رمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە چوار چێوەی راپۆرتی \"روانگەی هەفتە\"دا ئاوڕ لە ١٦ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەداتەوە کە بریتین لە \"٤ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، ٢ حاڵەتی بارودۆخی خراپی زیندانییانی سیاسیی کورد، ٢ حاڵەت بەجێهێشتنی وڵات لە رووی ناچارییەوە، بەردەوامی گوشارەکان لەسەر چالاکانی کورد، حاڵەتێک بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام، ٦ حاڵەت دەستبەسەرکردن و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکانی کورد و حاڵەتێک مردن بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کورد نشینەکان، ئەدەینەوە\".

\"15051.jpg\"


کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتییانی کورد

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا هاووڵاتییانی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار کراون.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی ١٦ ساڵەی کورد بە ناوی \'\'ئەسعەد رەحمان‌پوور\'\' لە خاڵی سنووریی \'\'شابادین\'\' کەوتە بەر دەسترێژی گوللەی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا بە تووندی بریندار بوو.

بە پێی دواین هەواڵەکان، ئەو هاووڵاتییە ١٦ ساڵە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە لە ژێر چاودێری پزشکی دایە.

لە رۆژانی رابردوودا هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی بانە، بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ٣ هاووڵاتیی کورد.

دەگوترێت کە هێزە نیزامییەکان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ شوێن ماشێنی هاووڵاتییاک بەناوی \"حامید گەورەداری\" کەوتوون و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئەو ماشێنەدا کچێکی ناوبراو و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"سمایل\" گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو رووداوەدا حامید گەورەداری بەتوندی بریندار بووە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵەوە ٢٢ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٥١ هاووڵاتیی دیکەش بریندار کراون.

\"15052.jpg\"


\"15053.jpg\"


بارودۆخی زیندانییانی سیاسی

خراپی بارودۆخی زیندانییانی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی حەفتەی یەکەمی مانگی خاکەلێوەدا.

\"15054.jpg\"
\'\' ئەفشین سوهراب‌زادە\'\' چالاکی سیاسی کورد تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان بە مەبەستی چارەسەری لە زیندانی \"میناب\"ـەوە بۆ گرتووخانەی \"بەندەرعەباس\" راگوێزرا و لە لایەن بەرەپرسانی ئەو گرتووخانەیەوە بە تووندی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و رێگایان پێ نەداوە بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانە بگواسترێتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە رێگای سنە_سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەست بەسەرکرا و دواتر لە لایەن ژووری ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ٢٥ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا و بۆ زیندانی میناب دورخرایەوە.

هەر لەو پەیوەندیەدا، زیندانیەکی دیکەی سیاسی کورد بەناوی \'\' نامق مەحمودی\'\' لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەچ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواسترایەوە.

نامیق مەحموودی زیندانی سیاسی کورد تەمەن ٦٢ ساڵ، رۆژی چوارشەممە ٢٣ی گەلاوێژ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواسترایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسیەی کورد لە ١٧ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانی بەسەردا سەپا.

بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵەوە ٢٢ زیندانی سیاسی کورد مانیان گرتووە و ١٦٤ زیندانی دیکە بۆ قەرەنتینە و گرتووخانەکانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران گوازراونەتەوە.

\"15055.jpg\"


بەجێهێشتنی وڵات

هەڵاتنی ناچاری چالاکانی کورد لە ئێران و بەردوامی گوشارەکان لە سەر بنەماڵەکانیان.

\"15056.jpg\"
\'\'فایەق غەریبی\'\' خەڵکی شاری سنە و هاوسەری \'\' شەیدا قەوامی\'\' چالاکی ژنان، بەهۆی گوشاری ‌هێزە ئەمنیەکانەوە، هاوشێوەی هاوسەرەکەی، بەناجاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

شەیدا قەوامی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بە تاوانی\" تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و پێکهێنانی گرووپی نهێنی تەشکیلاتی ژنان\"ی بەسەردا سەپا و دوای بەسەر بردنی ٤ ساڵی حوکمەکەی، مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە زیندان ئازادکرا.

ئەو چالاکەی مافی ژنان سەرئەنجام رەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەو وڵاتەی بەجێهێشت.

درێژەی گوشارەکان لە سەر چالاکانی کورد

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە چەند رۆژی پێشوودا هەموو بڕوانامەکانی خوێندنی چالاکێکی سیاسیی کوردیان بە ناوی \'\'موختار ئەحمەدی\'\' خەڵکی مەریوان، کە بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنیەکانەوە ئێرانی بەجێهێشتبوو، زەوت کرد.

لەو پەیوەندیەدا \'\'موختار ئەحمەدی\'\' وتی: \'\'بنەماڵەکەم هەوڵی زۆریان دابوو کە بەڵگەنامە خوێندنیەکانم بۆ وەربگرنەوە، بەڵام کاربەدەستانی ئەمنی ئیدارەی ئیتلاعات پێشتر بەڵگەنامەکانی منیان قۆرخ کردبوو و بەداخەوە ئەو بەڵگەنامانەیان بە بنەماڵەکەم نەدایەوە.\'\'

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لەسەرەتای ئەو ساڵەوە هەتا ئێستا ١٠ چالاکی سیاسی و فەرهەنگی کورد بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ناچار بە هەڵاتن لە زێدی خۆیان کراون.

\"15057.jpg\"


ئێعدام کــردنی هاووڵاتییان

جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی حەفتەی رابردوودا:

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانان هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \" غەریب مورادى\" کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی \"بلەیی\" سەر بە پاوە، لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو بە کوشتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"هەجیج\"ی سەربە شاری پاوە تاوانبار کراوە کە سەرئەنجام رۆژی سێشەممە بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سێدارە درا.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە سەرەتای ئەو ساڵەوە هەتا ئێستا ٢١ هاووڵاتی کورد لە سێ‌دارە دراون.

\"15058.jpg\"


\"15059.jpg\"


دەستبەسەرکران و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکاندا

دەستبەسەرکران و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکانی کورد لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێراندا لە ماوەی حەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی:

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی خەرمانان، \'\'سیروان یاسەمەنی\'\'خەڵکی شاری نەغەدە بە تۆمەتی هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانە گواسترایەوە.

هەر لەو پێوەندیەدا هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چوونە سەر ماڵی ٢ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \'\'ئەنوەر روزجەنگ\'\' کوڕی ئەحمەدنەجاڕ و \'\' تەیمور ناسری\'\'، لە ئەنجامدا ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگواست.

لە لایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی خەرمانان، \'\'جەلیل محەممەدی\'\' چالاکی کرێکاری کورد باگهێشتی \'\'دادگای\'\' شاری سنە کرا.

\'\'جەلیل محەممەدی\'\' رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ چالاکێكی دیکەی کرێکاری بە ناوی \'\'حامید مەحمودی‌نژاد\'\' لە لایەن کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی ٦٢ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆنی ئازاد کران.

لە درێژەی دەستبەسەر کرانەکان

لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەو ساڵ \"مەنووچێهر پۆردڵ\" کوڕی مەحموود، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران لەلالیەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی رۆژنامەنووسان و چالاکانی فەرهەنگیی کورد، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسرکرا و رۆژی ٢٧ی رەشەمەی سالی ١٣٩١ پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتەیەکی ٦٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە،رۆژی دووشەممە  رێکەوتی ٤ی خەرمانان، \'\'مەلا سەلام گوڵنەواز\'\' لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

دادگای رۆحانییەتی تەورێز سەرەڕای حوکمی ٦ ساڵ زیندان بەسەر ئەو مامۆستا ئایینییەدا، لەبەر کردنی جلوبەرگی ئایینییشی لێ قەدەغە کردووە.

دوای بڵاو بوونەوەی حوکمی سەپێندراو بەسەر \'\'مەلا سەلام گوڵنەواز\'\'، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری سەردەشت بۆ پشتیوانی کردن لەناوبراو لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە.

لە درێژەی سەپاندنی حوکم بەسەر هاووڵاتیانی کورد:

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کوردستان حوکمی ٢ ساڵ و چوارمانگ زیندانیی تەعزیری بە سەر چالاکی سیاسی کورد بە ناوی \'\'محەممەد قەوامی\'\' بە تۆمەتی \'\' پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی ئۆپپزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەڕەشە بۆسەر یەکیەتی خاکی وڵاتی ئێران\'\' پەسەند کرد.

ناوبراو پێشتر لە مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی ٣ مانگی لە گرتووخانەدا راگیرابوو کە دواتر بە دانانی ٥٠ ملیۆن تمەن بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە پێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٦٧ هاووڵاتی کورد لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەهەمان شێوە بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦٧٨ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ ١٠٠ هاووڵاتی کورد، ٢٠ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو، یەک ساڵ دورخرانەوە و ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەخت بۆ هاوڵاتیانی کورد بڕاوەتەوە.

ئەو ئامارەی سەرەوە بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون تۆمار کراوە، بەڵام لە بەر هۆی نەبوونی راگەیاندکاری ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکری ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

تەقینەوەی مین

\"15060.jpg\"
رێکەوتی ٤ی خەرمانانی ئەمساڵ کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەوڵاوا لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی داڵانی سەر سنووری هەرێمی کوردستان، بە توندی بریندار و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی \"دزڵی\" بەناوی \"فەرەیدوون کەریمی\" کوڕی محەممەد لە چیای داڵانی کەوتۆتە سەرمینی چێندراوی شەڕی ٨ ساڵی ئێــران و ئێــراق و لە ئەنجامدا بەتوندی بریندار و پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی هێــزە نیزامییەکانی پاسگای داڵانی لەسەر سنوور، رێگەی لێ هەڵە بووە و بەو هۆیەوە بە نێو مینە چێندراوەکاندا تێپەڕیوە کە لە ئەنجامدا گیان لەدەست دانی ناوبراوی لێکەوتۆتەوە.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، مینە بە جێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بوەتە هۆی برینداربوون و گیان لەدەستدانی ٢٠ هاووڵاتی کورد.

\"15061.jpg\"


\'\'ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکخراو و ناوەندە حکوومیەکانی ئێران\'\' لە ماوەی حفتەی رابردوودا دەستیان لە ١٥ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا هەبووە.

\"15062.jpg\"


\"15063.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا(٦ حاڵەت)
کەمپەینی داکۆکی لە مافی مرۆڤ(٣ حاڵەت)
هەواڵدەری هێرانا(٢ حاڵەت)
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی رێکخراوە کرێکاریەکان(١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات(٢ حاڵەت)
\"15064.jpg\"