روانگەی حەفتە: ١٣ حاڵەتی پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە حەفتەی دووهەمی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی

12:36 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران، بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی دووهەمی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە چوار چێوەی راپۆرتی \"روانگەی هەفتە\"دا ئاوڕ لە ١٣ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئەداتەوە کە \"٤ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی کورد بە تەقەی راستەوخۆ و راوەدوونانی هێزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، ٣ حاڵەت بارودۆخی خراپی زیندانییانی سیاسیی کورد، ٣ حاڵەت بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام و سەپاندنی حوکمی ئێعدام و ٣ حاڵەت دەستبەسەرکردن و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکانی کورد\" لە خۆ دەگرێت.

\"15162.jpg\"


بەڕیوەبردنی حوکمی ئێعدام لە بەر چاو خەڵکەوە و کاریگەرییەکانی

تاوتوێ کردنی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام لە بەر چاوی خەڵکەوە لە یەک حەفتەی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران:

\"15136.jpg\"
لە ماوەی حەفتەی دووهەمی مانگی خەرماناندا یەک حاڵەتی مەحکووم کردن بە ئێعدام، دوو حاڵەتی بەڕێوەچوونی ئێعدام لە بەر چاو خەڵکەوە و گیان لەدەست‌دانی منداڵێک لە ژێر کاریگەریی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام لە بەرچاو خەڵکەوە لە کوردستانی ئێران رووی داوە.

سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٣ی خەرمانان، زیندانییەکی خەڵکی ئیلام که به تاوانی \"قەتڵ\" لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو لە بەر چاو خەڵکەوە ئێعدام کرا.

هەروەها لە هەمان رۆژدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یوونس ئەسەدی\" بە تاوانی \"دەستدرێژیی جنسی\"، دوای ١٨ مانگ دەستبەسەری لە زیندانی ناوەندیی سنه ئێعدام کرا.

لەم حەفتەیەدا هاووڵاتییەکی کوردیش لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییان لە بەر چاو خەڵکەوە منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵی کرده قوربانی

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئێعدام کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە لەکاتی یاریی جۆلانەدا و دووپات کردنەوە حاڵەتی ئێعدام کردنی هاووڵاتیان، گیانی لەدەست دا.

چەند منداڵێکی خەڵکی گوندی \"کڵاشی لۆلم\" لە کاتی جۆلانەدا و لە کاتێکدا ویستوویانە حاڵەتی ئێعدام کردنی \"رەئوف مستەفایی\" هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لە قاڵبی یاریدا دروست بکەنەوە، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ بوویە قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە تا ئێستا ٢٠ هاووڵاتی لە وڵاتی ئێـران ئێعدام کراون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوون و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیش لەو ماوەیەدا حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

\"15163.jpg\"


تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد

تاوتوێ کردنی دوایین راپۆرتەکان سەبارەت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد و هەروەها کوژراو و بریندار بوونیان لە ماوەی حەفتەی رابردوودا (حەفتەی دووهەمی مانگی خەرمانان)

لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا و لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ٢ هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست داوە و ٢ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی خەرمانان کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"فەتاح میکایلی\" کوڕی لوقمان و خەڵکی گوندی \"مەنسوور ئاوا\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران کوژرا.

بە پیی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣١ ساڵەیە، خێزاندار و باوکی ٢ منداڵ بووە کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی رووی لە کۆڵبەری سەر سنوورەکان کردبوو.

دەگوترێت کە هاووڵاتییانی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی هێنانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییەدا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین چوونەتە بەر دەم پایەگای \"زینیێ\" کە لەگەڵ تەقە هەوایی و سووکایەتی کردنی ئەو هێــزانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هەروەها هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"بایندەرە\"ی سەربە شاری بانه، دەستەیەک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێک بەناوی \"محەممەد\" و خەڵکی گوندی \"مام سێوەدین\"ی شاری بانە گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی \"عەبدوڵا سەقزی\" بە توندی بریندار بووه.

لە لایەکی دیکەوە لە رێکەوتی ١٠ی خەرماناندا هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە جادەی سەردەشت ــ بانه، بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ تەقەیان لە ماشێنێک کردووە و لە ئاکامدا هاوڵاتییەکی کورد بە توندی بریندار بووه.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ٣ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژراون و ٤ کەسیش بریندار بوون.

\"15164.jpg\"


بارودۆخی زیندانییانی سیاسی

لێکدانەوەی دوایین راپۆرتەکان سەبارەت بە راگواستن و دوورخستنەوەی زیندانییانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا

\"15137.jpg\"
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی مانگی خەرمانان، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی \"رۆژین پایا\" خەڵکی ورمێ، دوای تێپەڕکردنی ٣ ساڵ لە حوکمەکەی لە زیندانی \"ورمێ\"ـەوە بۆ تێپەڕاندنی ٣ ساڵی دیکە لە حوکمەی بۆ زیندانی شاری یاسووج راگوێزرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە نزیک به سێ ساڵ پێش لە لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی ورمێ به تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران به ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دوورخستنەوەی زیندانییانی سیاسیی کورد

لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی \"فەخرەدین فەرەجی\" کە ماوەی ٤ مانگ لە زیندانی سنه بوو بۆ زیندانی \"تەبەس\" دوور خرایەوە.

ئەم زیندانییه سیاسییە کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم به زیندان کراوه تووشی نەخۆشی و ئازاری گورچیلە بووەو بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئیزنی چارەسەریی پزیشکی پێ نادرێت مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانان، \"چەنگیز رەزایی\" زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری \"بەندەرعەباس\"ەوە بۆ شوێنێکی ناردیار راگوێزرا.

دەستبەسەرکران و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکاندا

دەستبەسەرکران و سەپاندنی حوکم بەسەر چالاکانی کورد لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێراندا لە ماوەی حەفتەی دووهەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی:

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەقز پاش زیاتر لە ١٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا ناڕوونە.

رێکەوتی ٤ی خەرمانان هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی \"ناسر کەریمی\" کوڕی عەبدوڵڵا، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هەروەها نزیک بە ١٠ رۆژ پێش ئێستا، هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی \"رامین رەزایی\" تەمەن ٤١ ساڵ و کوڕی عەلی لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێــزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتی دەستبەسەر کردنی \"رامین رەزایی\"دا سەرجەم کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویان پشکنیوە و بێ‌ڕێزییان بە بنەماڵەی ناوبراویش کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کران و شوینی راگیرانی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی رانەگەیاندووە.

بانگهێشتی ئەندامی مەکتەبی قورئان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنه

رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢\"موراد فەتحی\" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی مەکتەبی قورئانی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و سەبارەت بە چالاکییەکانی مەکتەبی قورئانەوە لێپرسینەوەی لێ کرا.

رێکەوتی ٤ی خەرمانان هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی \"ناسر کەریمی\" کوڕی عەبدوڵڵا، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بە پێی ئاماری تۆمارکراو له ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەتا ئێستا ٤ هاووڵاتی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشت، ٣ هاووڵاتی دەستبەسەر و بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندانییان بۆ بڕاوەتەوە.

\"15165.jpg\"


\"15166.jpg\"


\'\'ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زنیندانەکانی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکخراو و ناوەندە حکوومیەکانی ئێران\'\' لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دەستیان لە ١٣ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا هەبووە.

\"15167.jpg\"


سەرچاوە:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٧ حاڵەت)
کەمپەینی داکۆکی لە مافی مرۆڤ(٢ حاڵەت)
وب‌سایت پیام (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات (١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا (١ حاڵەت)

\"15168.jpg\"