روانگەی حەفتە: ١٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەری٩٢دا

15:20 - 3 سەرماوەز 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماریی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەحەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\" دەپرژێتە سەر ١٦ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە ٢ حاڵەتی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، ٥ حاڵەت دەستبەسەرکران ، ٢ حاڵەت دۆخی نالەباری تەندروستیی زیندانیان و چالاکانی سیاسی، ٥ حاڵەت دەرکردنی حوکمی ئێعدام و زیندانیی و ٢ حاڵەتی قوربانی بوون بەهۆی تەقینەوەی مین، لەخۆ دەگرێت.

\"16982.jpg\"


شی کردنەوەی حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی کورد لەئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێسلامی ئێران:

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بەناوی \"ئەوین عوسمانی\" خەڵکی شاری بانە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابوویە بەر دەسترێژی گولـلە گیانی لەدەست دا.

\"ئەوین عوسمانی\" رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەڕ هاوڕێ لەگەڵ براکەی چووبوونە سەیران و لە رێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بەبیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ ، تەقەیان لێکرابوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦‌ی خەزەڵوەر حامید شاکری تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی کچێکی هەشت ساڵان لە کاتێکدا کە بەماشێن بەرەو شاری تاران روێشتووە، تەقەی لێکراوە و لەئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی شایەتحاڵان، هێزە ئینتزامییەکان تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاغ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

لەدرێژەدا: بەکوشت چوون و زەوت کردنی ئەسپی هاووڵاتییان و کاسبکارانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە

رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ٢٠ سەر لە ئەسپی هاووڵاتییانی گوندی \'\'گێسیان\'\'ی دەڤەری مەرگەوەڕ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ٧ کیلۆمیتریی سنووری تورکیا بە کوشت چوون و ٢٠ سەری دیکەشیان زەوت کرد.

خراب بوونی باری ژیانی هاووڵاتیان لەناوچە کوردنشینەکانی سەر سنوور وای کردووە کە ئەو خەڵکە روو لەکاری پڕ لەمەترسیی سەر سنوور و کۆڵبەری بکەن و زۆر جاریش لەو پێناوەدا گیانیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٦ هاووڵاتیی کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێسلامیی ئێرانەوە کوژراون و ٢١ی دیکەش بریندار کراون.

\"16983.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسیی کورد لەگرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماوەی حەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا:

عەلی مورادی زیندانی سیاسیی کورد کە ماوەی ١٠ ساڵە دەستبەسەرە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و راگواستنی بۆ گرتووخانەی بەندەرعەبباس مانی لەخواردن گرتبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی رێبەندانی ٨٢ بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لە شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە سی ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی میناب حوکم درا.

هەروەها ئارەش شەریفی زیندانیی عەقیدەتی کوردی مەزهەبی سوننە لەحاڵێکدا کە بەدەست نەخۆشی \"ئاسم\"‌ـەوە دەناڵێنێ‌لەدۆخێکی زۆر نالەبار دایە و رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری لە ساڵۆنی زیندانی رەجایی شارەوە بۆ گرتووخانەی کاشان راگوێزراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و بە تاوانی هاوکاری گرووپە سەلەفییەکان بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندەی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٤ زیندانی سیاسیی کورد بە هۆی ناڕەزایەتیی بە دۆخی زیندان مانیان لەخواردن گرتووە کە ١٨ حاڵەتیان لەمانگی خەزەڵوەردا رووی داوە.

\"16984.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا:

فایق خزری تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \"گاگەش\"ی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد، لە دوو حەفتە پێش ئیستاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە جێگەی باوکی خۆی بەناوی \"محەممەد خزری\" بە بارمتە گیراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی خزری؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان بە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە کوردەیان راگەیاندووە، هەتا ئەو کاتەی محەممەد خزری خۆی رادەستی ئێمە نەکات، کوڕەکەی لە دەستبەسەریدا دەمێنێتەوە.

خوشک و دایکی \"فایەق خزری‌\" لە کاتێکدا ویستوویانە رێگری لە دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان بکەن، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن بوونەتەوە\".

هەروەها سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە بایزیدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

ئەفسانە بایزیدی کچی ئەبووبەکر، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری ئەو شارە بووە کە هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەهۆیەکی ناروون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

شاهۆ بایزیدی کە کەسێکی میکانیک بووە ، بەهۆی ئەوە کە ویستوویەتی رێگری لە دەستبەسەر کرانی خوشکەکەی بکات، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٥١ حاڵەتی حوکمی زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێردراو بۆ زیندانیان کورد بڕاوەتەوە.

دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە

ئەفشین نەدیمی خەڵکی شاری کامیاران و مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی پاش ٩ رۆژ دەستبەسەر کران و رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر بۆ ئیتلاعاتی کامیاران گوازرانەوە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە ماوەیەک لەمەوبەر بەمەبەستی کرێکاری روویان لەهەرێمی کوردستان کردبوو، دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران، لە یەکێک لە خاڵە سنوورییەکانی بانە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٦٣ حاڵەتی دەستبەسەرکران لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی داوە.

\"16985.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی دەرکردنی حوکمی بۆ زیندانیانی کورد لەماوەی حەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا:

لەو ماوەیەدا سێ‌زیندانی کوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابەوە بە تاوانی \"محاربە\" بە ئێعدام مەحکووم کراون.

لەلایەکی دیکەوە شەهێن بایزیدپوور ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆکانەوە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

شەهێن بایزید پوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزرا.

شەهێن بایزیدپوور کە هەنووکە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵە هۆکاری ئەو حوکم درانە ناوبراو روون نەبۆتەوە.

هەر لەو ماوەیەدا چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری سەقز و خاوەن یەکێک لە کتێب فرۆشییەکانی ئەو شارە بەناوی \"سولێمان مەحموودی\" کە پێشتر بە ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری سەقز ناساندووە.

سولێمان مەحموودی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز سەرەتای هاوینی ئەمساڵ لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بە ٧ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٥٦ حاڵەت حوکمی زیندانی کردن بۆ هاووڵاتیانی کورد دەرکراوە و ١٦ حاڵەتیان پێوەندییان بەمانگی خەزەڵوەرەوە هەیە.

\"16986.jpg\"


تاوتوێ‌کردنی حاڵەتەکانی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیان کورد لەئەنجامی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی حکوومەتی ئێران و عێراق:

سەرلە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەک بەناوی \" خالید محەممەد\" خەڵکی شاری سەقز کە لە خاڵی سنووریی \"سەیرانبەند\"ی بانە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕیوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچکەی پێنجوێن کراوە، دواتر بەهۆی کاری بوونی برینەکانییەوە بۆ چاوەدێریی پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سولێمانی لە هەرێمی کوردستان گوازرایەوە.

هەروەها رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی ئەسغەر ئەسەدی لەکاتی هەڵگرتنەوەی میندا لە بەرزاییەکانی \"دوپزە\"‌ی ناوچەی سەردەشت بە توندی بریندار بووە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی ئاوایی \" بانقلان\"‌ی سەر بە ئیلام بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

\"16987.jpg\"


لە حەفتەی رابردوودا ١٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای قەزایی، ئەو ناوەندە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ١٦حاڵەت پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییاندا هەبووە.

\"16988.jpg\"

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٨ حاڵەت)
کەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسیی و مەدەنیی (١حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا(١ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا( ١حاڵەت)
ئاژانسی موکریان ( ١ حاڵەت)
کۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێکهێنای دامەزراوە کرێکارییەکان ( ١ حاڵەت)