روانگەی حەفتە: ٤٤ حاڵەت پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە حەفتەی رابردوودا

20:01 - 25 خەرمانان 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە مەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەر هەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی \'\'روانگەی هەفتە\'\' لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران، بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی سێهەمی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییدا ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە چوراچێوەی راپۆرتی حەفتانەی \'\'روانگەی هەفتە\'\' دا، ئاوڕلە ٤٤ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەداتەوە، کە (حاڵەتێکی کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی راستەوخۆ ، ٩ حاڵەتی جێبەجێ کردن و سەپاندنی حوکمی ئێعدام، ٣٣ حاڵەتی دەستگیری و حاڵەتێکی کوژران بە هۆی تەقینەوەی مین) لە خۆ دەگرێت.

\"15375.jpg\"


تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران

تاوتوێ کردنی دوایین راپۆرتەکان سەبارەت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد و هەروەها کوژراو و بریندار بوونیان لە ماوەی حەفتەی سێهەمی مانگی خەرماناندا:

سەر لە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی خەرمانان هاووڵاتییەک بەناوی \"سەمەد جهانگیری\" تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی تاجەدین و خەڵکی گوندی \"کاپیک\"ی سەربە شاری سەڵماس، لە سەر جاددەی نێوان سەڵماس بۆ گوندەکەیان لەنێو ماشێنەکەیدا، بە تەقەی راستەوخۆی هێــزەکانی سپای پاسداران کوژرا.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، هێزەکانی سپای پاسداران لە سەر رێگەی گوندەکانی ناوچەی سەڵماس چەندین خاڵی پشکنینیان داناوە و هەروەها شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئاگادار بکرێتەوە، دراوەتە بەر دەستڕیژ و گیانی لێ ئەستێندراوە.

دەگوترێت کە سەمەد جهانگیری سەرپەرستی بنەماڵە و باوکی دوو منداڵ بووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو، هەتا ئێستا تەرمی ناوبراو لە دەستی هێزەکانی سپای پاسداراندا ماوەتەوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵەوە(١٣٩٢) هەتا ئێستا ٣١ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کوژراون و ٥٤ هاووڵاتی دیکەش بریندارکراون.

\"15376.jpg\"


\"15377.jpg\"


ئێعدام
تاوتوێ کردنی دوایین راپۆرتەکان لەسەر سپاندن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ماوەی حەفتەی سێهەمی خەرماناندا:

دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، حووکمی ئێعدامی بەسەر \'\' سابر موخەلەد مەوانە\'\' خەڵکی ورمێ و چالاکی سیاسی کورد، بە تۆمەتی \'\'تێکدانی ئەمنیەتی گشتی و ئەندام بوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا\'\'، سەپاند.

ناوبراو لە ٢٠ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا دەسبەسەر و بە مەبەستی دادگایی کردن بۆ گرتووخانەی بۆکان گوازرایەوە و پاش سێ مانگ راگیران لە ئیدراەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لەلایەن دادگای ئیقلابەوە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ٤ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

لە درێژەدا: جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ٨ زیندانی لە زیندانەکانی (ورمێ و دیزڵ ئاوای کرماشان)

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، حوکمی ئێعدامی ٦ هاووڵاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر جێبەجێ کرا.

کە ناوی ٥ کەس لەو ئێعدام کراوانە \'\' بێهروز شیرپەروەر، مەنوچەهر داودی، بەهمەن قەیتەرانی، قاسم ئەکبەری، زەکەریا نەسروڵایی\'\' ، راگەیەندراوە.

هەرلەو پێوەندیەدا رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ٢٠ی خەرمانان حوکمی ئێعدامی دوو زیندانی لە گرتووخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان جێبەجێ کرا، کە ناسنامەی یەکێکیان \'\'غەریب موردای\'\' بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵەوە هەتا ئێستا، ٣٣ زیندانی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئیعدام کراون.

\"15378.jpg\"


\"15379.jpg\"


تەقینەوەی مین

تاوتوێ کردنی دواین راپۆرتەکان لەسەر مردن و بریندار بوونی هاووڵاتییانی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین، لە ماوەی حەفتەی سێهەمی مانگی خەرماناندا:

سەر لە ئێوارەی رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٤ی خەرمانان هاووڵاتییەک بەناوی \"ماکوان کەیخوسرەوی\" کوڕی ئەحمەد و خەڵکی \"گوندی شۆشمێ\"ی سەربە شاری نەوسوود، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی سپای پاسداران لە نزیک شاری نەوسوود گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٠ ساڵەیە، خێــزاندار و باوکی کوڕێکی تەمەن ٣ ساڵ و دانیشتووی گوندی شۆشمێی سەربە شاری نەوسوود بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢١ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کرا لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

\"15380.jpg\"


دەستبەسەرکران

تاوتوێ کردنی دەستبەسەرکردنەکان و ناڕوونیی بارودۆخی گیراوان لە ماوەی حەفتەی رابردوودا:

٣٠ هاووڵاتی کورد لە ناوچەی سەلاس و باباجانی لەکاتی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، دەستبەسەرکران.

رۆژی شەممە ١٦ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی پایەگای \'\' شێخ سڵە\'\' بە هۆی کوژرانی ٢ کەس لە هێزە نیزامییەکانیان، ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو گوندەیان بە بێ هیچ بەڵگەیەک، دەستبەسەر کرد.

درێژەی رەتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان:

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی خەرمانان خوێندکارێکی کوردی زانکۆی پەیام نووری شاری پاوە بەناوی \"بێهنام فەتاحی\" پاش سەردان بۆ دادگای شاری پاوە، بە بڕیاری سەرۆکی دادگای ئەو دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی لە نـزیک لە بنەماڵەی ئەو خوێندکارە کوردە، بەرپرسی دادگای شاری پاوە کە هاوکات مامۆستای زانکۆی پەیام نووری ئەو شارەیە، ئەو خوێندکارە کوردەی تەنیا بەهۆی دەمەقاڵەیەکی ناوبراو لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، بەهرام فەتاحی لە کاتێکدا لەلایەن دادگاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران دەبێتەوە کە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە حراسەت و کۆمیتەی ئینزاباتیی زانکۆوە هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بەرپرسی دادگا، مامۆستای ئەو زانکۆیەیە، بڕیاری دەستبەسەر کردنی \"بێهنام فەتاحی\" دەرکردووە.

نادیار بوونی بارودۆخی ٢ زیندانیی کورد:

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس بەناوی \"حوسێن عەلی‌زادە\" تەومەن ٢٨ ساڵ کەلە سەرەتای مانگی رابردوودا لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای بە دواداچوون و سەردانی بەردەوام بۆ ناوەندە ئەمنیەکانی شاری سەڵماس، لەلایەن هێـزە ئەمنییەکانەوە هێچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

دەگوترێت کە هێــزە ئەمنیەکان شاری سڵەماس تاوانی ئەو گیراوە کوردەیان \"ئەمنیەتی\" راگەیاندووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی لێکەوتۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە چارەنووسی \'\'نامیق مەحموودی\'\' زیندانیی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە ١٨ مانگ پێش ئیستا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقز دەستبەسەر کرا،هەتا ئێستا ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجدا راگیرابوو، ٢٤ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

نامێق مەحموودی تەمەن ٦٢ ساڵ، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەلایەن دادستانی گشتیی تارانەوە و بە تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی بە \"محارب\" ناسێندرا.

بە پێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٣٠١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە دەسبەسەر کردووە.

ئەم ئامارە ئامارێکی رێژەییە و بە پێی راپۆرتە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، لەبەر ئەمنی بوونی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی راگەیەندکاری ئازاد، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاماری راستەقینە زۆر لەمەی ئێستا زیاتر بێت.

\'\'ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی ئێران، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکخراو و ناوەندە حکوومیەکانی ئێران\'\' لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دەستیان لە ٤٣ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا هەبووە.

\"15381.jpg\"


\"15382.jpg\"


سه‌رچاوه‌کان:

ئاژانسی هه‌واڵده ریی کوردستان(٥ حاڵه‌ت‌)
کەمپەینی داکۆکی لە مافی مرۆڤ(١ حاڵه‌ت‌)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا(١ حاڵه‌ت‌)
هەواڵدەریی هرانا(٢ حاڵه‌ت‌)

\"15383.jpg\"