روانسەر/ مەحکووم کرانی هاووڵاتییەکی کورد بە زیندان و جەریمە

14:38 - 7 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری روانسەر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، زیندانیی تەعزیری و جەریمەی \"نەخت\"ی بۆ بڕایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەناوی \"نەعمان مەنووچێهری\" بەتاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیـزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقالابی ئەو شارەوە بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و دانی ٣ میلیۆن تمەن پارەی نەخت، مەحکووم کرا.

نەعمان مەنووچێهری سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ \"ئیدریس ئەحمەدی\"، \"عادڵ مورادی\" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری روانسەر دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەروەها چەن رۆژ پێش ئێستا \"عادڵ مورادی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی \"عەبدوڵڵا\" و خەڵکی شاری روانسەر، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

لەلایەکی دیکەوە لەکاتی دەستبەسەر کرانی \"ئیدریس ئەحمەدی\"ـەوە هەتا ئێستا، هیچ هەواڵێک لەشوێنی راگیران و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.