روانسەر/ لەناو چوونی مەڕ و ماڵات بە هۆی بوونی کارگەیەکی کیمیایی

16:17 - 9 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بۆنی ناخۆشی کارگایەک کە لەنێوان جادەی کرماشان ـ روانسەر هەڵکەوتووە دانیشتوانی ناوچەکەی تووشی بێزاریی و نیگەرانی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کارگەیەک کە لەنێو دانیشتوانی شاری روانسەر بە کارگەی کیمیایی ناسراوە، تەنیا دوای چەند رۆژ لە دەست بەکاربوونی، نیگەرانی و ترسی لای دانیشتوانی ناوچەکە دروست کردووە.

دانیشتووان و خەڵکانێکی نزیک لەو کارگایە بە هەواڵنێری کوردپایان راگەیاند: لەو کارگایە پاشماوە و بەجێماوەکانی مادەی کیمیایی، دەسوتێنرێت.

\"28020.jpg\"
دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی ئەو کارگایە لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش نارەزایەتی ژمارەیەک لە خەڵکی روانسەری لێکەوتووتەوە
دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی پاشماوە و ئاشغاڵی ئەو کارگایە لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و ئەوەش نارەزایەتی ژمارەیەک لە خەڵکی روانسەری لێکەوتووتەوە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری روانسەر لەو باریەوە راگەیاندووە، تەنانەت مەڕ و ماڵاتەکان کە لە لەوەڕگەکانی دەورووبەری ئەو کارگایە دەڵەوڕێن، دوای چەند کاتژمێر لە ناو دەچن.

بە وتەی شایەتحاڵان هاتوچۆ بۆ ئەو کارگایە زۆر کەمە و کرێکارانی ئەو کارگایە ئامادە نین هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدرکێنن.

زۆربەی کاتەکان، ئەو کارگایە شەوانە کار و چالاکی دەکات.

هەتا ئێستا لەهۆکاری بۆنی ناخۆشی ئەو کارگایەی شاری روانسەر و چالاکییەکانی هیچ زانیارییەک بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نەگەیشتووە.