كرماشان و سنە بۆ پیس بوونی كەش و هەوا، لەریزی ١٠ شاری یەکەمی جیهان دان

15:18 - 30 رەزبەر 2713
ئاژانسی كوردپا: رێكخراوی نێودەوڵەتی \"سلامت\"‌ی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی لەژێر ناوی \"شێرپەنجە و كەش و هەوای پیس\" بڵاو كردۆتەوە و تیایدا ٤ شاری ئێران لەریزی ١٠ شاری یەكەمی جیهان لەبواری پیسی كەش و هەوادا ناویان هاتووە.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتی \"سلامت\"، شارەكانی ئەهواز پلەی یەكەم، سنە پلەی سێیەم، كرماشان پلەی پێنجەم و یاسووج پلەی نۆیەمیان لە بواری پیسبوونی كەش و هەوا لەئاستی جیهاندا هەیە.

دوای ئەو چوار شارە، شاری ورمێ‌بەپیسترین و هەروەها شاری \"شیراز\"یش بە خاوێنترین شار لە وڵاتی ئێراندا ناسێندراون.

بەپێی ئەو راپۆرتە شارەكانی كرماشان و سنە بە ١٠ شاری یەكەمی جیهان لەبواری پیسیی كەش و هەوا و بوونی وردیلە (ذرات)‌ی تۆز و خۆڵدا دێنە ئەژمار.

\"16209.jpg\"
لەبەشێكی راپۆرتەكەدا، بوونی رێژەیەكی زۆر كارخانە، پاڵاوگەی نەوت و ناوەندی پیشەسازی (پێترۆشیمی) بە هۆكاری پیسبوونی كەش و هەوای ئەهواز لەقەڵەم دراوە و راپۆرتی WHO پڕژاوەتە سەر ئەوەش كە شاری شیراز سەرەڕای بوونی كۆمپانیا و كارخانەیەكی زۆر، خاوێنترین شاری ئێرانە.

چالاكانی ژینگەپارێز و شارەزایانی بواری كەش و هەوا لەو باوەڕەدان، سەرجەم ئەو كارخانە و پاڵاوگانەی كە لەشاری شیراز بوونیان هەیە بەشێوەی ستانداردە جیهانییەكان دامەزراون و كەمترین مەترسیان بۆ سەر ژینگە و كەش و هەوا هەیە و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە لە ئوستانی ئەهواز ئەو پێوەر ستانداردانە بوونیان نییە.

بە ریز شارەكانی ئەهواز لەئێران، ئولانبارتار لەموغولێستان، سنە لەئێران، لودیانا لەهێندوستان، كوەیتە لەپاكستان، كرماشان لەئێران، پیشاوەر لەپاكستان، گابورونە لە بۆتسۆوانا، یاسووج لەئێران، كانپوور لەهێندوستان لەخشتەی ١٠ شاری یەکەمی پیسی جیهان دان.

بەگشتیی لەراپۆرتی رێكخراوی جیهانی \"سلامت\"‌‌دا وڵاتی ئێران وەک هەشتەمین وڵاتی پیسی جیهان لەبواری كەش و هەوادا ئەژمار كراوە و هۆكاری زۆربەی مردنی هاوڵاتییان بە نەخۆشی سییەكان، بۆ پیسبوونی كەش و هەوا گەڕێندراوەتەوە.