راگەیەندراوی هاوبەشی ٢١ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بۆ پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە ورمێ

14:46 - 29 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ٢١ رێکخراوی نێونەتەوەیی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، خوازیاری پێداچوونەوە بە پەروەندەی ئەو زیندانیانە و هەروەها دەستەبەرکردنی خواستی ئەو زیندانیانە بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە دەست پێشخەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - ژنێڤ، ٢١ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەن کە هەرچی زووتر بە دەنگ داواکاریەکانی زیندانییانی سیاسیی کوردەوە بچێت، کە ماوەی مانگێکە مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو رێکخراوانە، هەموویان بەگشتی داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەن، کە بە پەروەندەی ئەو زیندانییانەدا بچێتەوە، چونکە مافی ئەو زیندانیانە پێشێل کراوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردانە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ‌دا زیندانی کراون، لە رێکەوتی ٢٩ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری نێو زیندان و مانیان لە خواردن گرتووەو دۆخی تەندروستی و جەستەییان لە مەترسی دایە.

شیرین عیبادی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەلاتی نۆبل دەڵێ: \"لە یاسادا گرنگترین شت ئەوەیە کە کار بە یاسا بکردرێ. بەداخەوە، لە ئێران کەسانی پێوەندیدار یاساکان پشت گوێ دەخەن و یان کاریان پێناکەن\". و هەروەها دەڵێ: \"جودانەکردنەوەی بەندکراوە سیاسیەکان لەگەل ئەو کەسانەی کە بەهۆکاری دیکەوە زیندانی کراون، بۆتە هۆی ئەوەیکە هەموو بەیەک چاو سەیر بکردرێن و هەڵسوکەوتی ناشیرین لەگەڵ زیندانییە سیاسیەکان بکردرێ\".

\"23713.jpg\"
شیرین عیبادی: لە یاسادا گرنگترین شت ئەوەیە کە کار بە یاسا بکردرێ. بەداخەوە، لە ئێران کەسانی پێوەندیدار یاساکان پشت گوێ دەخەن
بەرپرسانی زیندان تا ئێستا بە هەرەشەی کوشتن، لێدان و گواستنەوە بۆ گرتووخانەکانی باشووری وڵات، هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەو بەندکراوانە بخەنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی کە ناچاریان بکەن کە واز لە مانگرتنەکەیان بهێنن. بەڵام بەندکراوەکان رایانگەیاندوە کە ئەوان تا بەدەستهێنانی مافەکانیان لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

بەپێی دوایین زانیاریەکان رەزا رەسووڵی، یوسف کاکەمامی، شێرکۆ حەسەنپوور، سیروان نژاوی، عەبدوڵڵا ئەموویی و هەروەها محەممەد عەبدوڵڵاهی لە ئاکامی ئەو مانگرتنە یەک مانگەیەدا لە دۆخیێکی تەندرووستی مەترسیداردان.

بە پێی مادەی ٣٩ ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوتی دژبەر لەگەڵ کەرامەتی کەسانی بەندکراو قەدەغەیە. جگە لەمەش هەندێک بەند و یاسای دیکە داوای جوداکاری لەنێوان بەندکراوەکان دا دەکەن بەپێی ئەو تاوانانه‌ی کە ئەنجامییان داوە.

بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی حکوومەتی تازە دەستبەکاربوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە سەر بە کەمایەتییە نەتەوەییەکانن و لەگەڵ زیندانی کردن، ئە‌شکەنجە و ئێعدام رووبەروون لە زیادبووندایە. بە پێی زانیاریەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆف ئێستا ٩٠٠ کەس بە هۆکاری سیاسی و یان عەقیدەیی گیراون، ٤٠٠ یان کوردن.

ئەو رێکخراوانە لەو باوەرەدان کە زرۆینەی ئەو ٢٧ کەسە کە مانیان گرتووە، سزا دراوەن لە پێوەندی لەگەل مافە سەرەتاییەکانی ئەوان واتە ئازادی رادەربرین و ئازادی کۆبوونەوە وهەبوونی رێکخراوە و هەروەها بە شێوەیەکی ناعادڵانە دادگایی کراوون. هەروەرها ١٠ کەس لەو بەندکراوانە کە بە سزای لەسێدارەدان حوکم دراون، تاوانەکانیان گرێدراوە بە مەترسی خستنی \"ئەمنیەتی نیشتمانی\".

بارودۆخی بەندکراوانی سیاسی کوردی گرتووخانەی ورمێ نموونەیەکی بەرچاوە لە باردۆخی مەترسیداری بەندکراوەکانی گرتووخانەکانی ئێران. و هەروەها ئەو توندوتیژیە جەستەییانە و مەترسیانەی کە لەسەر ژیانی بەندکراوان هەیە و لە سەرەوەدا باسیان کرا ‌‌بە ئاشكرا دژایەتیان لەگەل یاسا نێونەتەوەییەکان، بەتایبەت مادەی ٧ی کۆنڤێنسیۆنی پێوەندیدار بە مافە سیاسیی ومەدەنییەکان هەیە کە ئێران واژۆی کردوە و هەموو چەشنە ئەشکەنجە و هەلسوکەوتێکی نامرۆڤانە و توندوتیژانە قەدەغە دەکات.

\"23711.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی: زیندانیانی سیاسیی کورد دەیانهەوێ بە دونیا بڵێن کە ئەوان چاوپۆشی لە مافەکانی خۆیان ناکەن و بێزارن لە پێشێلکردنی مافەکانیان
تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان ئێران-ژنێڤ، لە نەتەوەیەکگرتووەکان ‌‌دەڵێ: \"زیندانیانی سیاسیی کورد دەیانهەوێ بە دونیا بڵێن کە ئەوان چاوپۆشی لە مافەکانی خۆیان ناکەن و بێزارن لە پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی\" و \"ئێمەش دەمانهەوێ پێیان ڕابگەیەنین کە پشتگیری لە داوا ڕەواکانیان دەکەین و لە بیریان ناکەین و کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاری ژیانی ئەوانەو خوازیارین کە مافەکانیان بپارێزرێن\".

لە پێوەندی لەگەل مانگرتنی بەندکراوانی سیاسیی گرتووخانەی ورمێ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵەی مەدەنیی واژۆکاری ئەو بەیاننامەیە، ئەو داواکارییانەی خوارەوە ئاراستەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئێسلامیی ئێران دەکەن:

ئا. پێویستە هەرچی زووتر و بەبێ مەرچ زیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی ورمێ لە کەسانی دیکە کە به‌تاوانه‌كانی دیكه‌سزادراون جودا بکرێنەوە
ب. دەبێ زیندانیانی سیاسیی خزمەتگوزاری تەندروستی و پێویستیان بۆ دابین بکردرێ
پ. دەبێ زیندانییانی سیاسیی لەهەر چەشنە ئەشکەنجەیەک بەدوور و پارێزراو بن
ت. دەبێ دووبارە چاو بە پەروەندەی زیندانییانی سیاسیی ورمێ دابخشێنرێتەوە و سزای لەسێدارەدانیان لەسەر لاببرێ. و هەروەها دەبێ هەموو ئەوانەی کە تەنیا بەهۆی پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانیان وەک ئازادی رادەربرین و یان ئازادی پێکهێنانی کۆرو کۆمەلە بەندکراون، ئازاد بکرێن.

ناوی زیندانییانی سیاسی

ئەو دە کەسەی کە مەترسی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە: سامی حوسێنی، جەماڵ محەمەدی، بێهروز ئاڵخانی، عەلی ئەحمەد سولەیمان، سامان نەسیم، سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیساپوور، عەلی ئەفشاری، رزگار ئەفشاری و هەروەها محەممەد عەبدڵڵاهی

هەروەها ئەو ١٧ کەسە لە مانگرتووان کە بە شەش مانگ بۆ ٣٤ ساڵ زیندانی سزا دراون: مەسعود شەمس نەژاد، شێرکۆ حەسەنپوور، عەبدوللا بیسلون، یوسف کاکە مەمی، عوسمان مستەفاپوور، مستەفا عەلی ئەحمەد، عەبدوڵڵا ئەموویی، وەلی ئەفشاری، کەیهان دەروێشی، مستەفا داودی، شۆر‌ش ئەفشاری، خزر رەسول مروەت، محەممەد عەبدوللا بەخت، ئەمیر مەلادوست، ئەحمەد تەموی، جەعفەر ئەفشاری، و هەروەها رەزا رەسولی.

ناوی ڕێکخراوەکانی پشتیوانی ئەم ڕاگەیەندراوە هاوبەشە:

١) کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان
٢) ناوەندی دیفاع لە تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ، شیرین عیبادی، خاوەنی خەڵاتی ئاشتی و پارێزەر
٣) ڕێکخراوەی فەڕانسەویی پێکەوە خەبات کردن بۆ نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان، رافایڵ شنۆی- هەزان، سەرۆک، فەرانسە
٤) ڕێکخراوی نێونتەوەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، دوکتۆر کارن پارکر، ئەمریکا
٥) ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پەرەپێدانی خوێندن، لیدیا برۆزن، سەرۆک، ئەمریکا
٦) ڕێکخراوی سویسی نەتەوە مەترسی لە سەرەکان، کریستۆ ویدمێر، سەرۆک، سویس
٧) ڕێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران، شادی سەدر، سەرۆک، لەندەن
٨) ڕێکخراوی ئیتیحاد بۆ ئێران، فیرووزە مەحموودی، سەرۆک، ئەمریکا
٩) ناوەندی بروومەندی عەبدوڕەحمان، ڕۆیا بروومەند، سەرۆک
١٠) ناوەند مەدارەکی مافی مرۆڤی ئێران، ڕاد سەنجابی، سەرۆک
١١) ڕێکخراوی تاسیر بر ایران، سەرۆک مانی مستەفەویی، نیویۆرک
١٢) ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، مەحموود موقەدەم - ئەمیری، سەرۆک
١٣) کەمپەینی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هادی قایمی، سەرۆک
١٤) عرصە سوم، کامران عشتاری، سەرۆک
١٥) ڕێکخراوی ئەڵمانی نەتەوە مەترسی لە سەرەکان، کەماڵ سیدۆ، نوێنەر، ئەڵمان
١٦) گرووپی بەلووچی بۆ مافەکانی مرۆڤ، محەمەد ئەربابی، هاوسەرۆک
١٧) ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ئەحوازی ئوروپا، ئیبراهیم ئەل - عەرەبی، سەرۆک
١٨) کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤی هاوجنس گرایان، جسیکا ستێرن، سەرۆک
١٩) ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ، کەیوان ڕافیعی، سەرۆک
٢٠) ڕێکخراوی سماڵ میدیا، دوکتۆر مەحموود عەنایەتی، سەرۆک، لەندەن
٢١) ڕێکخراوی تەبایی نێونەتەوەیی، محەمەد مستەفایی، سەرۆک
ژنێڤ، ١٩ی دیسامبری ٢٠١٤