راگەیەندراوی رێفۆرمخوازانی حکومەتی کاردانەوەی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی لێکەوتەوه

17:25 - 5 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: رێفۆرمخوازانی حکومەتی، چالاکی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێرانیان به کۆسپی سەر رێگای پەرەسەندنی کوردستان ناو بردووه.

بەشێک له رێفۆرمخوازانی حکومەتی له کوردستان به بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک له بەرانبەر چالاکی حیزبە کوردییەکانی ئوپوزسیونی حکومەتی ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە که: \" بوونی کەسان و گروپگەلێکی چەکدار بێجگه لە چەند قات بوونەوەی فەزای ئەمنییەتی لەم ناوچەیه و کاریگەری نەرێنی و خراپ لەسەر رەوتی گەشەکردنی کوردستان و لە کیس چوونی سەرمایەی مرۆیی ئەم وڵاته هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نییه.\"

واژۆکەرانی ئەم راگەیەندراوه پارته کوردییەکانیان به پەرەدان به نائەمنی و ناسەقامگیری له کوردستان تۆمەتبار کردووه.

رێفۆرمخوازانی حکومەتی لەو باوەڕه دان که چالاکی حیزبە کوردییەکان بیانوویەکه بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان له کوردستاندا.

بڵاوبوونەوەی ئەم راگەیەندراوه کاردانەوەی بەشێک لە چالاکانی سیاسی کوردستانی به دوای خۆیدا هێنا.

\"حیسام دەست پیش\" مامۆستای زانکۆی \"صلاح‌الدین\"ی هەولێر، له فەیسبووکی خویدا نووسیویەتی: \"کەمینەیەک که رۆژ له دوای رۆژ زیاتر له دیسکۆرس و کردەوەی موهەندیسی کراودا گرفتار دەبن، فیداکاری پێشمەرگەکان به کارێکی هەڵه، بچووک و ناپێویست دەخوێننەوە. بۆ تەسلیم بووەکان، تێگەیشتن له شۆڕشی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لەو بارەوه کێشەیە که نازانن و ناتوانن تێبگەن یان نایانهەوێ بزانن که: شۆڕشی پێشمەرگه بۆ له ژێر پرسیار خستنی سیستمێکه نەک یاری ڕێفۆرمیستی که له کۆتاییدا به ئەنجامی یارییەکە عەمامەی رەش و سپییە.

هەروەها جەمیل کولاهی، چالاکی سیاسی کوردیش به رەخنه گرتن له واژۆکەرانی ئەم راگەیەندراوه دەڵێ: \"وەک هەمیشه ئەم کەسانه بۆ سەپاندنی ئیدەکانی خۆیان به سەر خەڵک، رێگایەک جگه له کەڵک وەرگرتن له رسته و وشەگەلێکی گشتی و ناروون نابینن. چونکه ئەرکی سەرەکی ئەوان نه خزمەت کردن به خەڵک بەڵکوو به لاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتیه.\"

ئەم چالاکه سیاسیەی کورد لە درێژەدا دەڵێت: \"هەروا که له چین دیتوومانه پەرەسەندنی ئابووری دەتوانێ هەتا سنورێک بڕواتە پێشەوە بەڵام له ماوەی ٢٠سالی رابردوودا که پارته سیاسییەکانی کوردستان هیچ کردەوەیەکی نیزامیان نەبوو، بۆچی ئەم پەرەسەندنه رووی نەداوه؟ بۆ ئەم پەرەسەندنه له هیچ بەشێکی دیکەی ئێراندا رووی نەداوه؟\".

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران له سالی ٥٧ و دوای تێکچوونی وتووێژەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لەگەل حکومەتی ئێران و رەت کردنی داواکارییەکانی گەلی کورد و هەروەها حوکمی جیهادی خومەینی دژ به گەلی کورد شەڕ له کوردستان دەستی پێ کرد.

پارته کوردییەکان له دژکردەوەیەک بەرانبەر بەم حوکمه ناچار بوون بەرگری چەکدارانه بکەنە مێتۆدی خەباتەکەیان؛ پارته کوردییەکان بەرگری چەکدارییان وەک یەکێک له شێوازەکانی رەوای خەبات بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کورد دەزانن.