راگەیەندراوی حدکا سەبارەت بە هێرشی پەکەکە و هەڵوێستی حیزبی کۆمەڵە

19:42 - 3 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای تێکهەڵچوونی گەریلاکانی پ‌ک‌ک لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەمێک پێش ئێستا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک لەهەمبەر رووداوەکانی سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی قەندیل، کاردانەوەی نیشان دا.

ئەو راگەیەنراوە، پارتی کرێکارانی کوردستان وەکوو دەستپێکەری هێرشی چەکداری دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات تاوانبار و خوازیاری گەڕانەوی ئەو حیزبە بۆ ناوچەی چالاکییەکانی خۆی لە کوردستانی تورکیەیە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەسەر خۆ بواردنی پێشمەرگەکانی حدکا لە روودانی هەر چەشنە دەرگیرییەک پێداگریی کردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ چەکدارانی پ. ک. ک دەستیان بەو شەڕە کردووە.

حیزبی دێموکرات لەو راگەیەنراوەدا روو لە خەڵکی کوردستان، حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەڵیت: داواتان لێ دەکەین کە وێڕای مەحکووم کردنی شەڕانگێزییەکانی پ. ک. ک، هەوڵ بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ناکوردانەی رێبەریی ئەو پارتە بدەن.

حیزبی دێموکرات لە کۆتایی ئەو راگەیەنراوەدا لەسەر نەچوونە ژێر باری هەڕەشە و گوشاری پ. ک. ک پێداگریی کردووەتەوە.

هەروەها کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێسانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک پاڵپشتیی لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات لەمەڕ دروستکردنی لەمپەر لەلایەن پەکەکەوە کردووە.

ئەم حیزبە بە مەحکوومکردنی دەرگیریی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، رۆژهەڵاتی کوردستانی وەکوو گۆرەپانی سەرەکیی چالاکیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران زانی و هوشدارییان بە پەکەکە لەهەمبەر دەستێوەردان لەو بەشەی کوردستان داوە.

رێبەرانی سیاسیی حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا، پشتیوانییان لە هەڵوێستی حیزبی دێموکرات کردووە.

سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانی پەکەکە لە شوێنیک بەناوی کێلە شین و خنێرە لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەرگیر بوون و هەندێ لە میدیاکان باس لە شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەکەن.