راگیرانی ١٠٠٠ ملیارد تمەن بودجەی ژیاندنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس

19:08 - 22 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بیانووی نەبوونی پلانڕێژیی دروستی ناوەندە دەولەتییەکان، تەرخان کردنی بودجەی تایبەت بە ژیاندنەوەی دارستانی بەڕووی ناوچەی زاگرۆس، راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆرای باڵای ژینگە لە وڵاتی ئێران بە بیانووی نەبوونی بەرنامەیەکی روون، دژایەتیی لەگەڵ تەرخان کردنی یەک هەزار ملیارد تمەن بۆ ژیانەوەی داربەڕووەکانی زاگرۆس کرد.

چەندین وەزارەتخانە و ناوەندی دەوڵەتی لە ساڵانی رابردوودا ئەرکی ئەوەیان پێ سپردرا کە بە مەبەستی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ وشکەساڵی و ژیاندنەوەی دارستانەکانی ناوچەی زاگرۆس پلانێکی روون دابڕێژن، کە بە گوتەی بەرپرسی ئەو پرۆژەیە، هەتا ئێستا پیناسەیەکی روون بۆ ئەو پلانە نەخراوەتە بەر دەست.

کۆمەڵێک وەزارەتخانەی وەک وەزارەتی وزە، وەزارەتی کشتوکاڵ، رێکخراوی دارستانەکان، میرات فەرهەنگی و گەشتیاری، رێکخراوی ژینگە، لەو پرۆژەیەدا هاوکاریی یەکتر دەکەن.

\"23587.jpg\"
کرمۆڵ بوونی داربەڕووەکان
هاوکات لەگەڵ رێگری کردن لە تەرخان کردنی بودجە بە مەبەستی ژیاندنەوەی دارستانەکانی ناوچەی زاگرۆس، کۆمەڵێک وێنەی تایبەت بە ئالوودەبوونی لەسەدا ٣٥ی دار بەڕووەکانی ئوستانی کرماشان و ئیلام بڵاوبوویەوە، کە لەو وێانەدا کرمۆڵ بوونی داربەڕووەکان دەبیندرێت.

گەڵاڵەی زیندووکردنەوەی داربەڕووەکان، دەبوا هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئامادە بکرێ، بەڵام بەرپرسی پرۆژەی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس ئەو گەلالەیەی لاواز وەسف کردووە.

بە گوتەی بەرپرسی پرۆژەی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس، لە ماوەی سێ ساڵدا، لە کۆی شەش ملوێن هێکتار رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس، یەک ملوێن و ١٣٢ هەزار هیکتاری لەناوچووە و ئەگەر ئەم رەوتەش درێژەی هەبێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا دارستانەکانی ناوچەی زاگرۆس دەبنە بیابان.

دار بەروو بە یەکێک لە گرینگترین داری ناوچەی زاگرۆس دادەندرێت، کە رووبەرێکی زۆری دارستانەکانی ناوچەی زاگرۆسی لەخۆ گرتووە.

زنجیرە چیای زاگرۆس، بەرفراوانترین و سەرەکی‌ترین شوێنی بۆ شین بوونی داری بەڕوو لە ئێراندا ئەژمار دەکرێت.