راگوێزرانی ئەنوەر حوسێن‌پەناهی بۆ شوێنێكی نادیار، بنەماڵەكەی نیگەران كردووە

13:25 - 1 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بنەماڵەی ئەنوەر حوسێن ‌پەناهیی لەمەڕ راگوێزرانی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ شوێنێكی نادیار نێگەرانییان دەربڕیوە و لەو پێوەندییەدا ئاگادارییەكیان بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو ئاگادارییە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە.

دەقی ئاگادارییەكە:
لەم رێگایەوە كۆڕ و كۆمەڵە مافخواز و هەڵسووڕاوانی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ ئاگادار دەكەینەوە كەلە دوانیوەڕۆی رێكەوتی 30ی خەرمانانەوە بەرپرسانی زیندانی شاری سنە \"زیندانی سیاسیی كورد \"ئەنوەر حوسێن‌پەناهی\"یان بە شێوەی لەناكاو بانگهێشت كردوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستویانەتەوە، هەر بۆیە ئێمە وەك بنەماڵەی ناوبراو نیگەرانیی خۆمان لە گواستنەوەی بەڕێزیان دەردەبڕین و وەك لە هەڵسوكەوتی پێشوی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعات لە ئەشكەنجەدان و ئەزیەت و ئازاری هەموو ئەندامانی بنەماڵەكەمان و بە تایبەت ناوبراو، رووی داوە، داوا لە هەموو هەڵسووڕاوان و كۆڕ و كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان دەكەین هەتا بۆ روون بوونەوەی چارەنووسی كاك ئەنوەر گۆشار بخەنە سەر بەرپرسانی زیندانی شاری سنە.
بە سپاس و پێزانینەوە،
بنەماڵەی ئەنوەر حۆسێن‌پەناهی


پێشتریش بنەماڵەی ئەنوەر حوسێن پەناهی، بۆ ئاگادار بوونی رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوە نامەیەكەی سەر ئاوەڵایان بۆ ئەحمەد شەهید رێپۆڕتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، نووسیبوو.

ئەنورە حوسێن پەناهی بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە 16 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كراوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرە.