راگوێزرانی وەرزشوانیکی بۆکانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

16:41 - 25 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵكی شاری بۆکان، پاش نزیک بە دوو حەفتە راگیران لە قەرارگای سوپای پاسداران شارستانی بۆکان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فاتێح خوسرەوی وێنەگری و وەرزشوانی کوردی خەڵکی بۆکان، کە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شوینی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

فاتێح خوسرەوی، کوڕی محەمەد، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە دووکانی وێنەگرییەکەی لە شەقامی \"ئینقلاب\"ی شاری بۆکان، دەستبەسەر کرابوو.

ئەو وەرزشوانە کوردە، ماوەی ١١ ساڵە ئەندامی تیمی والیباڵی شارستانی بۆکانەو لە چەندین یاریی تیمی میللیی ئێرانیشدا بەشداریی کردووە.

فاتێح خوسرەوی، مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ١ مانگ لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا مابوویەوە، کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی فاتحێ خوسرەوی، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناوبراو روون نەبۆتەوە.