راگوێزرانی نامیق مەحموودی بۆ شوێنێکی نادیار

20:05 - 29 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی بەساڵاچووی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیرابوو، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامیق مەحموودی تەمەن ٦٣ ساڵ کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری‌دا بوو، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەر، لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە رەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ نامیق مەحموودی سەرجەم کەلووپەلەکانی لەگەڵ خۆیدا بردووە و پێدەچی بە یەکجاری لەم زیندانە راگوێزرابێت.

\"16179.jpg\"
نامیق مەحموودی رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو کە پاش ٣٣ رۆژ لێپرسینەوە، سەرلەنوێ بۆ زیندانی رەجایی ساری کەرەج گەڕێندرابوویەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی گوندی ئێرانشای سەربە شاری سەقز، خاکەلێوەی ساڵی ٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کرا.

نامیق مەحموودی لەو ماوەیەدا بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکان و مەئموورانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە یەکێک لە چاوەکانی لەدەست داوە.