راگواستنی نامیق مەحموودی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە

15:25 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: نامیق مەحموودی زیندانیی بەساڵاچووی کورد لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە و بە ئاگاداریی بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نامیق مەحموودی زیندانیی ٦٢ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز، ١٥ رۆژ پێش ئێستا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرا و هەتا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.

نامیق مەحموودی پاش ١٧ مانگ لە دەستبەسەری، پەروەندەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوە و پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێــزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بۆ شوێنی نادیار راگوێزرابوو.

ئەو زیندانییە کوردە، بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنیەتییەوە و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، یەکێک لە چاوەکانی خۆی لەدەست داوە.

نامیق مەحموودی، خەڵکی گوندی \"ئێرانشا\"ی سەربە شاری سەقز لە بەهاری ساڵی ١٣٩١دا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو هەتا ئیستاش پەروەندەکەیبە ناڕوونی ماوەتەوە.