راپۆرتێک سەبارەت بە مردنی ٢٣ هاووڵاتیی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب

19:04 - 8 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە، ٥٠ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشروب، باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی ئەو شارە کراون.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی شاری سنەوە وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند: کەلە ماوەی ٣ رۆژی رابردوودا ٢٣ هاووڵاتیی خەڵکی سنە کە نێونجی تەمەنیان ٣٠ ساڵە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەسی دیکەشیان مەترسیی مردنیان لەسەرە.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٥ کەس لە گیان لەدەست داوان ستار حوسێن پەناهی، ئەحمەد رۆستەمی، نەجمەدین ساعدپەنا، کەیۆمەرس رووحوڵڵایی و حەمید، راگەیەندراوە.

هاوکات چەندین کەسیش چاو و گورچیلەکانی خۆیان لەدەست داوە و لە بەشی \"ئای سی یوو\"ی ئەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان.

هەروەها فرۆشیاری ئەو مەشرووبە ئەلکولییانە بەناوی \"س . ئەلف\" دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی ئەو گیان لەدەست داوانە لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راستەوخۆ دەستی لەو رووداوەدا هەیە.

پێشتریش هاووڵاتییانی خەڵکی سنە رایانگەیاندبوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی هەندێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە، شوێنێکی تایبەتی بۆ دەستکاری و ژەهراوی کردنی مەشرووباتی ئەلکولی دروست کردووە و پاش ژەهراوی کردنی ئەو مەشرووبانە، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی رەزبەر ١٠٢ کەس لە وڵاتی ئێران بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد گیانیان لەدەست داوە کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٢ بەرابەر رووی لە زیادبوون کردووە.