راپۆرتێك لەبارەی دەسپێكی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی

14:43 - 5 بەفرانبار 2711
كوردپا: بە نمایشی فیلمی سینەمایی \"ماندوو\" لە دەرهێنانی ئیبراهیم سەعیدی و هەروەها 4 كورتە فیلمی چیرۆكی، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی دەستی پێكرد.

بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی سلێمانی، رێوڕەسمی كردنەوەی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرهەنگ و هونەری شاری سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمەكانی فێستیڤاڵ، هونەرمەندانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ، هەندێك لە هونەرمەندانی سینەما و دراما تەلەفیزیۆنییەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە هۆگرانی هونەری سینەما، كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 3ی بەفرانباری 1390 بە نمایشی فیلمی سینەمایی \"ماندوو\" لە دەرهێنانی ئیبراهیم سەعیدی دەرهێنەری كوردی ئێرانی دەستی پێكرد.

سەرەتادا \"عەباس عەبدولڕەزاق\" بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری شاری سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا وتی: \"ئەوە بۆ 4 ساڵە كە فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا هەنگاوی باشی بەرەوپێشەوە ناوە و توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە كە دڵخۆشی هونەرمەندانی سینەماكار بێت و هیوادارین كەلە ساڵی داهاتوودا بتوانین بە شێوەیەكی گەورەتر و نێودەوڵەتی ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە یەرین.\"
\"2070.jpg\"

سەرپەرستی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: \"ئێمە وەكوو وەزارەتی رۆشنبیری و هەورەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری بەرنامەمان وایە بۆ ساڵی ئایندە ئەم موژدەیە بە سینەماكاران بدەین كە ئێمە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیان دەبین بۆ ئەوەی كە بتوانن لە كاتی فێستیڤاڵەكاندا بەوەوە بنازن كە چەندین ئیشی جوانیان كردووە.\"

لە درێژەدا \"ئازاد سەوزە\" بەڕێوەبەری چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی سەبارەت بەم فێستیڤاڵە هاتە ئاخاوتن و لە سەرەتای قسەكانیدا گوتی: \"زۆر بەختەوەرین بۆ جارێكی دیكە شاری سلێمانی بووە ژوانگەی توانای هەموو فیلمسازانی كورد لە هەر شوێنێكی دنیا كە هەبن. ئەو نیشتمانە بوو بە رووگەی ئەو فیلمسازانە كە گەرەكیانە كورد بە جیهان بناسێنن و جیهانیش بە كورد بناسێنن لە رێگەی هونەری فیلمسازییەوە.\"

هەروەها گوتی: \"ئەمساڵیش لە وڵاتانی نەروێژ، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئێران، بەریتانیا، بێلژیك، توركیە و لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك فیلمی درێژ، كورتە فیلمی، فیلمی دیكدۆمێنتاری و فیلمی تایبەت بە منداڵان لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن.\"

لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا فیلمی سینەمایی \"ماندوو\" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد ئیبراهیم سەعیدی وەكوو فیلمی كردنەوەی فێستیڤاڵ نمایش كرا و پاش پشوویەكی كورت، 4 كورتە فیلمی چیرۆكی پێشكەش كران، لەوانە: كورتە فیلمی \"بەهەشت\" لە دەرهێنانی مێهران شیری لە شاری سنە، كورتە فیلمی \"4441 رۆژ لە ژیانم\" لە دەرهێنانی نەزیر میرزایی لە شاری سنە، كورتە فیلمی \"نووسینگەی تەلەفوون\" لە دەرهێنانی بنەوشە بێریڤان لە شاری برووكسێلی بێلژیك و كورتە فیلمی \"دیدار\" لە دەرهێنانی فەریدە نادری لە شاری سنە.

ئەندامانی بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی كە بریتین لە: حەسەن عەلی دەرهێنەر لە هەرێمی كوردستان، هیشام زەمان دەرهێنەر لە وڵاتی نۆروێژ، كامەران شەوقی وێنەگر لە هەرێمی كوردستان، ئەحمەد مەحموود مۆنتێر لە هەرێمی كوردستان و ئاسۆ عومەر سوارە ئەكتەر لە هەرێمی كوردستان، دوای بینینی فیلمەكانی بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلم، خەڵاتی ئاسكی زێرینی فێستیڤاڵ و بڕێك پارەی نەختی بە سەركەوتوانی بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەم فێستیڤاڵە پێشكەش دەكەن، لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین ئەكتەری سەرەكیی كچ، خەڵاتی باشترین ئەكتەری سەرەكیی كوڕ، خەڵاتی باشترین وێنە گرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)، خەڵاتی باشترین مۆنتاژ، خەڵاتی باشترین دەنگ، خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندكراوی لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان.
\"2071.jpg\"

هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی فیلمی درێژدا و بۆ بەخشینی خەڵاتی باشترین دەرهێنان
و خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ، لە 30 هونەرمەندی بەشداربووی ناو فێستیڤاڵ راپرسی دەكرێت.

لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵدا و لە پەراوێزی چوارەمین فێستیڤاڵی سلێمانی فیلمی كوردیدا بەشی (پەنجەرەیەك رو بەسینەمای جیهان) بەڕێ دەخرێت كە تیایدا فیلمی سینەمایی \"كوڕی بابل\" لە دەرهێنانی سینەماكاری عێراقی محەمەد ئەلدەڕاجی و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، هۆلەند، میسر، فەلەستین، عێراق و ئیمارات نمایش دەكرێت كە ل ەراستیدا زیاد كردنی ئەم بەشە بە فێستیڤاڵ، هەوڵێكە بۆ دروست كردنی پێوەندی فیلمسازی لە نێوان فیلمسازانی كوردستان و دەرەوەی كوردستاندا.

ئەو فیلمە سینەماییانەی كە لەم فێستیڤاڵەدا نمایش دەكرێن بریتین لە:فیلمی سینەمایی \"ماندوو\" لە دەرهێنانی ئیبراهیم سەعیدی لە مەهاباد، فیلمی سینەمایی \"دۆز\" لە دەرهێنانی ڤیان مایی لە دهۆك، فیلمی سینەمایی \"یەك مۆمێك ... دوو مۆمێك\" لە دەرهێنانی جانۆ رۆژبەیانی لە هەولێر، فیلمی سینەمایی \"گەأان\" لە دەرهێنانی شیار عەبدی، فیلمی سینەمایی \"كوأی بابل\" لە دەرهێنانی محەمەد الدەراجی لە هۆڵەندا، فیلمی سینەمایی \"خۆرەتاو لە پشتی هەورەوە\" لە دەرهێنانی رەزا سوبحانی لە تاران و فیلمی سینەمایی \"گرفتەكانی چارڵی\" لە دەرهێنانی عەلیرەزا سەعادەت نیا لە تاران.

ئەو كورتە فیلمانەی كەلە بەشی پێشبڕكێی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی سلێمانی نمایش دەكرێن بریتین لە: كورتە فیلمی \"ئاوێنە\" لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد لە سلێمانی، كورتە فیلمی \"پارە\" لە دەرهێنانی بەدرخان ساكجی، كورتە فیلمی \"دوو ماڵ لە باخێكدا\" لە دەرهێنانی ناجییە سەلیمی لە بۆكان، كورتە فیلمی \"ویژدان\" لە دەرهێنانی شوكری عەلی لە دهۆك، كورتە فیلمی \"شوو\" لە دەرهێنانی هیوا سووفیە لە سنە، كورتە فیلمی \"موبایل\" لە دەرهێنانی شوان محەمەد، كورتە فیلمی \"دالیا\" لە دەرهێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا قازی لە سلێمانی، كورتە فیلمی \"جانەوەرەكانی تۆرۆس\" لە دەرهێنانی فیرات یاوەز لە باكووری كوردستان، كورتە فیلمی \"ئەودیوی تاوان\" لە دەرهێنانی سامی كاكە لە هەولێر، كورتە فیلمی \"هەنار میوەی بەهەشت\" لە دەرهێنانی تەیموور قادری، كورتە فیلمی \"بۆ ؟؟\" لە دەرهێنانی هۆشیار زیرۆ ئەحمەد نێروەیی لە دهۆك، فیلمی دیكیۆمێنتی \"قەتران\" لە دەرهێنانی تاهیر عەبدوالواحید لە سلێمانی، كورتە فیلمی دیكۆمێنتی \"بەهرەی بەرخۆر\" لە دەرهێنانی هیوا تەها مستەفا لە سلێمانی، كورتە فیلمی دیكۆمێنتی \"بەلەچك\" لە دەرهێنانی نەبەز شێخانی لە كەركووك، كورتە فیلمی دیكیۆمێنتی \"مام رەسووڵ\" لە دەرهێنانی سەروەر محەممەد ئەمین، كورتە فیلمی دیكیۆمێنتی \"لە سەرەتای 40 ساڵیدا\" لە دەرهێنانی مێهرداد سلێمانی لە كرماشان، كورتە فیلمی دیكیۆمێنتی \"فەرش\"لە دەرهێنانی سەمەد وەتەنخاە لە سنە، كورتە فیلمی دیكیۆمێنتی \"پاچاڵ\" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی لە مەریوان، كورتە فیلمی دیكۆمێنتی \"كاتێك بۆ حەوانەوە\" لە دەرهێنانی محەمەد رەزا میناپوور لە بۆكان، كورتە فیلمی \"رەوشەن\" لە دەرهێنانی كامیران بیتاسی، كورتە فیلمی \"دەنگە نەبینراوەكان\" لە دەرهێنانی فەرزین كەریم لە هەولێر، كورتە فیلمی \"قەوان\" لە دەرهێنانی عیزەدین قادر، كورتە فیلمی \"بەهەشت\" لە دەرهێنانی مێهران شیری لە سنە، كورتە فیلمی \"4441 رۆژ لە ژیانم\" لە دەرهێنانی نەزیر میرزایی لە سنە، كورتە فیلمی \"نووسینگەی تەلەفوون\" لە دەرهێنانی بنەوشە بێریڤان لە برووكسێلی بێلژیك، كورتە فیلمی \"دیدار\" لە دەرهێنانی فەریدە نادری لە سنە، كورتە فیلمی \"رۆیشتن\" لە دەرهێنانی ساڵم سەڵەواتی لە سنە، كورتە فیلمی \"دەریا رۆژێك هی من بوو\" لە دەرهێنانی ساسان فەروخ نیا لە ورمێ، كورتە فیلمی \"دەنگی باران\" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا لە سنە، كورتە فیلمی \"بێدەنگی\" لە دەرهێنانی عەزیز چەپ كورد، كورتە فیلمی \"دەنگی رووناكی\" لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبووبەكر (تۆفان) لە هەولێر، كورتە فیلمی \"هێما\" لە دەرهێنانی تۆفیق ئەمانی لە مەریوان، كورتە فیلمی \"رۆژین\" لە دەرهێنانی چیمەن رەحیمی لە لەندەن، كورتە فیلمی \"پاسكیل\" لە دەرهێنانی سەرحەد كارائەسڵان لە باكووری كوردستان، كورتە فیلمی \"لە كاتێكی تردا\" لە دەرهێنانی فیكری بەڕۆژی لە هەولێر، كورتە فیلمی \"خەونەكانی سەرشەقام\" لە دەرهێنانی رەنجدەر رزگار لە هەولێر، كورتە فیلمی \"كۆڵانێك لە پشت ماڵی ئێمەوە\" لە دەرهێنانی شیلان سەعدی لە مەهاباد و كورتە فیلمی \"پیادەڕێ\" لە دەرهێنانی بنەوشە بێریڤان لە برووكسێل.
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی سلێمانی بە سەرپەرەستیی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداریی بەرهەمی سینەماكارانی كورد و بیانی و بە نمایشی 7 فیلمی سینەمایی، 30 كورتە فیلمی چیرۆكی و 6 كورت فیلمی دیكۆمێنتەری لە بەشی پێشبڕكیِ لە رۆژانی 3 هەتا 8ی بەفرانباری 1390 لە تەلاری \"تەوار\" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.