راپۆرتی شیکاری : لەماوەی ٣ مانگدا ٥١٩ حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە

21:39 - 3 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ سێهەمین سالی یەک لە دوای یەک لە راپۆرتە وەرزانەکانی خۆیدا، حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران لە ماوەی وەرزی بەهاردا بڵاو دەکاتەوە.

ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ناونیشانی تاکەکان تۆمار کراوە و ئەم شیکردنەوە ئامارییە لەم راپۆرتەدا تەنیا بەشێوەی ژمارە دەخرێتە روو و هەموو نێوەکان بەشێوەیەکی ورد و بەڵگەمەند لە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەیە.

ئەم راپۆرتە شیکاری _ ئامارییە بە لەخۆگرتنی ٥١٩ حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتیانی کورد لە بەهاری ١٣٩٤دا، لە لایەن ئاژانسی کوردپاوە جیا کراونەتەوە و شرۆڤەی کراوەتەوە و لەگەڵ هەمانماوەی زەمەنی لە سالەکانی ١٣٩٢ و ١٣٩٣ی هەتاوی هەڵەسنگێندراوە.

هێڵکاری (١)
\"27069.jpg\"

بەپێی ئەم هێڵکارییە، لە ماوەی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، لەسەریەک ٥١٩ حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ بەهاری ١٣٩٣ بە ٤١٠ حاڵەت، ٢٦% چوونەسەرەوە و بە بەراوەرد لەگەڵ بەهاری ١٣٩٢ بە ٢٣٠ حاڵەت، ١٢٣% چوونە سەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بە ئەژمارکردنی هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان کە لەلایەن سەرچاوە خۆجیی و میدیا جیاوازەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، بەڵام لەلایەن راگێندنە جێگای براوەوە پشتراست نەکراوەتەوە، ئەم ئامارە دەتوانێ زۆر زیاتر لەو رێژەیە بێت کە بڵاو کراوەتەوە.

خشتەی (١)
\"27070.jpg\"

حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان (بەهاری١٣٩٤)

دەستبەسەر و بانگهێشتکران:
\"27044.jpg\"
زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەر کران و بانگ‌شتکرانی هاووڵاتیان کورد دەگەڕێتەوە بۆ خۆپێشاندانی خەڵکی مەهاباد بە نیسبەت مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی و مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی کورد
زیاترین رێژەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەم راپۆرتەدا بە ٢٥٨ حاڵەت و ٨٩ حاڵەتی دەستبەسەر کران و بانگ‌شتکرانی هاووڵاتیان کورد تایبەتە بە ئیدارەی ئیتلاعات کە زیاترین حاڵەتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ خۆپێشاندانی خەڵکی مەهاباد بە نیسبەت مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی و مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی کورد.

بە پشتبەستن بەم ئامارە بەگشتی ١٨٩ هاووڵاتی کورد لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی فەریناز خوسرەوانی دەستبەسەر کراوونە و ناوی کەسانی دیکەش بە تەواوەتی لە بەردەستدا نیە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر رێژەی دەستبەسەرکراوەکان و هەروەها دۆخی ئەو بەندکراوانە لە بەردەستدا نیە و تەنیا هێندێکیان ئازاد و زۆربەشیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد و ورمێ گوازراونەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە تۆمار کراون، هەتا ئێستا ناوی ١٠١ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە تەواو نیە و زانیاری وردیان لەسەر بڵاو نەکراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ناڕەزایەتی خەڵکی مەهاباد بەهۆی هەبوونی رێژەیەکی بەرچاو لە ێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکومەت توندوتیژی لێکەوتەوە و لەئاکامدا ، دەیان کەس لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی پێشتریش و لەکاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە تۆمەتبار کردنی ناڕازییان بە کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی و تێکدانی تەکووزی گشتی کۆمەڵگا، ئەوانی دەستبەسەر و سزای قورسی بەسەریاندا سەپاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەمەڕ رووداوەکانی شاری مەهاباد رایگەیاندبوو کە \" ئێمە بە پشتبەستن بە ئەو بەڵگانەی کە هەمانە دەتوانین بیسەلمێنین کە ئیران مێژوویەکی درێژی لە سەرکوتی ناڕازییان هەیە و هەربۆیەش دەبێ ئیران لەجیاتی سەرکوتی ناڕازییان ، کۆمیتەیەک بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوی کوژرانی فەریناز خوسرەوانی پێک بێنێت.

مانگرتنی سەرانسەری مامۆستایانی کورد لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی ناوچەکانی دیکەی ئیران بە نیسبەتی نارەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری گوزەران و ئابووری خۆیان، یەکێکی دیکە لەو رووداوانە بوو کە لەماوەی رابردوودا بانگهێشتکرانی ٦٨ کەس و دەستبەسەر کرانی ٨ کەسی دیکەی بەدواوە بوو.

حوکم دراوەکان:
\"27045.jpg\"
حوکم درانی ٣٢ هاووڵاتی کورد بە تاوانی سیاسی\"ئەمنیەتی\"، لەلایەن دادگاکانی شۆڕشی حکومەتی ئیسلامی ئێران
حوکم درانی ٣٢ هاووڵاتی کورد بە تاوانی سیاسی\"ئەمنیەتی\"، لەلایەن دادگاکانی شۆڕشی حکومەتی ئیسلامی ئێران یەکێکی دیکە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە لەم راپۆرتە شیکارییەدا.

دەرکردبی حوکمی ٢ هەتا ٧ ساڵ بۆ ١٦ کەس و بڕانەوەی حوکمی لئێعدام بۆ ٣ زیندانی سیاسی کورد بەشێک لەو حاڵەتانەن.

لەو پەیوەندییەدا، ١٣ کەسی دیکە لەسەر یەک بە ٣٠ ساڵ و ٧ مانگ و ٩ رۆژ زیندانی تەعزیری و ٥ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو حوکم دراون.

٣٠ زەربە قامچی و ٤٥ میلیۆن ریاڵ جەریمە نەختی بەشێکی دیکە لەو حوکمانە بووە کە بۆ ئەو کەسانە دەرچووە.

بیاڤی جالاکی ئەو کەسانەی کە دیارن بەم شێوەیە بووە : ٣ خوێندکار، ١ رۆژنامەنووس، ١ مامۆستای قوتابخانە، ٢ چالاکی کرێکاری، ١ چالاکی مافەکانی ژنان و ٥ کۆڵبەر.

ئێعدام:
\"27046.jpg\"
حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد پاش راگواستن بۆ زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا
لەسێدارەدانی ەنسوور ئاروەند زیندانی سیاسی کورد بە تۆمەتی \"محاربە\" بەبێ تێپەڕاندنی رەوتی یاسایی و تەنانەت بەبێ ئاگاداری بنەماڵە و پارێزەرەکەی، یەکێک لەبەرچاوترین حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەوم ماوە زەمەنییەدا بووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوابەدوای گوازرانەوەی لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو، بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لەسیدارە درا، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر بنەماڵەکەی ئاگادار کرابووە کە حوکمەکەی لە سزای سێدارەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کراوەتەوە.

هەروەها بڕانەوەی سزای سێدارە بۆ سێ زیندانی سیاسی کورد بەناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵلا، حوسێن عوسمانی و دیاکۆ رەسووڵزادە لە ریکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە دادوەریی قازی ئەحمەد جەوادی کیا، ناڕوون و جێگای گومانە.

دەرکردنی ئەم حوکمە بە بێ ئەوەی مافی هەبوونی پارێزەریان هەبێت و لە دادگایەکی ناڕوون و کورتدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی هێندیک لە بەڵگەکان لەو دادگایەدا، ئیعتباری قەزایی ئەو پەروەندەیەی لەگەڵ شک و گومان بەرەو روو کردوەتەوە.

تەقینەوەی مین:
\"27047.jpg\"
کوژراو و بریندار بوونی ١٢هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مینەوە
لە کۆی ئەو ١٢ هاووڵاتییەی کە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراو و بریندار بوون، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ گیانی لەدەست داوە و دوو منداڵی کەم تەمەنیش بریندار بوون.

بە وتەی عوسمان موزەیەن پارێزەری دادگوستەری: لە یاسا قەزاییەکانی ئێراندا، هیچ جیاوازییەک بۆ قوربانیانی مین لەنێوان منداڵان و گەورەساڵاندا بوونی نیە.

قوربانیانی مین بەجۆرێک لەجۆرەکان وەکوو قوربانی شەڕ بەئەژمار دێن، بەڵام بەم حاڵەشەوە بە گشت لەو خزمەتگوزاریانە و ئیمکاناتەی کە بۆ برینداران و کوژراوانی شەڕ دابین دەکرێت، بێ بەش کراون.

مانگرتن و دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی:
\"27048.jpg\"
مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دەرمانی و هەروەها پێشگرتن کە ئازادی دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەیان بووە
مانگرتن لە خواردنی ٤ زیندانی سیاسی کورد لەو ماوەیەدا بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و دەرمانی و هەروەها پێشگرتن کە ئازادی دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەیان یەکێکی دیکە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی زیندانیانی سیاسی کورد بووە.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ١٥ زیندانی سیاسی و مەزهەبی کورد دۆخی جەستەییان نالەبار بووە و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێش بە چوونە مرەخەسی و پێراگەیشتی دەرمانییان گیراوە.

لەو پەیوەندییەدا، مانگرتن لە خواردنه عەلی رەزا رەسوڵی زیندانی سیاسی زیندانی مەهاباد بە نیسبەت پیرانەگەیشتنی پزیشکی و پێشگرتن لە چوونە مرەخەستی بە مەبەستی دەرمان، چووەتە ناو ٢٣هەمین رۆژ و دۆخی جەستەیی ناوبراو مەترسیدار راگێندراوە.

زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی کورد کەسانێکن کە لەژیر ناوی تاوانەکانی \" ئەمنیەتی\" لە زیندانەکانی ئێراندا راگیراون و لەدۆخێکی نالەباردا دەژین.

چالاکانی مەزهەبی:

دوورخرانەوەی دوو چالاکی مەزهەبی ژن لەسەر کراەکانیان بەهۆی بیر و بڕوای مەزهەبییانەوە بەشێکی دیکە لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەکوردستان بووە.

لەو نیوانەدا ژنێک بەهۆی ئەندامەتی لە \" مکتب قرآن\" و ژنێکیش بەهۆی بروامەند بوون بە ئایینی یاری لەسەر کارەکانیان دور خراونەتەوە.

کەمتەرخەمیی پزیشکی:

بە پێی ئەم ئامارە، لە نێوان ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست داوە، ٣ ژنی دووگیان دەبیندرێن.

خشتەی (٢)
\"27071.jpg\"

بیاڤی چالاکی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان ( بەهاری ١٣٩٤)

ئەو حاڵەتانی کە لە خشتەی ژمارە (٢) ئاماژەیان پێکراوە، بە پشت بەستن زانیاری بە ئاماری دەستبەسەرکراوەکان، بانگهێشتکراوەکان ئیت بە ئیدارەی ئیتلاعات و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە زیندانیانی سیاسی، چالاکانی خوێندکاری و مەزهەبی لەبەردەستدایە کۆ کراوەتەوە.

زۆربەی ئەو کەسانە بە هۆی ئەو تاوانانەی کە دەزگای قەزایی ئێران ئیدعای دەکات واتە خستنە مەترسی\"تەناهی نەتەوەیی\" سزا دەدرێن و مافیان پێشێل دەکرێت.

زیندانیانی سیاسی حوکمدراو لەئێراندا بەزۆری بریتین لە ئەندامانی گرووپە سیاسییەکانی دژبەری حکومەتی ئیران، ویبلاگ نووسەکان و رۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و کەمایەتییە مەزهەبییەکان.

خشتەی (٣)
\"27072.jpg\"

ئەو ناوەند و دامەزراوانەی کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد بوون لە کوردستان ( بەهاری ١٣٩٤)

لە حکومەتی ئیسلامی ئێراندا، سەرەڕای هێزە ئینتزامییەکان کە وەکوو ناوەندی فەرمی بەرپرس لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان، چەندین رێکخراوی هاوتەریبی دەستیکە وەکوو ئیدارەی ئیتلاعات، سپا، بەسیج و هێزە لیباس شەخسییەکان لە ژیر ناوی \" خۆسەر\" کە زۆربەیان گریدراوی سێ رێکخراوی ئاماژەپێکراون و خاوەن مافی دەستبەسەرکردن ، تەنانەت بەبێ حوکمی قەزایی و بۆ ماوەیەکی نادیاریشن.

بەپێی خشتەی ژمارە (٣) زۆرترین حاڵەتەکانی دەستبەسەر کردن بە ٢٥٠ حاڵەت لەلایەن هیزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە تۆمار کراوە.

\"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\' چەمکێکە کە دەزگای دادوەری و هیزە ئەمنیەتییەکان بە پشتبەستن پێی ئەو کەسانەی کە هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نیە، دەستبەسەر و زۆرجاریش بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکاری دینن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ دەستبەسەر کردنی کەسێک، پیویستە سەرەتا ئەو تۆمەتەی کە خراوەتە پاڵ ناوبراو بەپێی ئەو یاسایانەی کە دیاری کراون تاوان ناسرابێت. بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە چەمک گەلێک وەکوو \" هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و \" هەوڵدان دژی نیزام\" بەمەبەستی دەستبەسەر کردنی ئە و کەسانەیە کە وجهەیەکی یاساییان نیە، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی کاتێک کە بەڵگەی پیویستیان بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی کەسێک لەبەر دەست نەبێت، بە پشتبەستن بە ئەم جۆرە چەمکانە حوکمی دەستبەسەر کردنی ئەو کەسانە دەردەکەن و دواتر دەستبەسەریان دەکەن.

لێکۆڵینەوە لەسەر روانینی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران، دەرخەری ئەوەیە کە ساردنەوەی کەسانی دەسبەسەرکراو بەهۆی سێ ئامانجی دیاریکراوەوە ئەنجام دەدرێت :

١_ شاردنەوەی مەرگی ئەو کەسەی کە دەستبەسەر کراوە بەهۆی ئەشکەنجەوە کە دەبێتە هۆی شەپۆلێکی بەرینی میدیایی دژی ئەو حکومەتە.

٢_ پێشگرتن لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئاشکرابوونی چارەنووسی کەسی دەستبەسەر کراو و یان شوێنی راگیرانی و هێندێک جاریش بەدرۆخستنەوەی دەستبەرکردنی ئەو کەسە بە مەبەستی دەستپێرانەگیشتنی بە پشتیوانی یاسایی و دۆزینەوەی راستییەکان.

٣_ زاڵکردنی دۆخی ترس و دڵەراوکێ بەمەبەستی وەرگرتنی دانپیدانانی زۆرەملی و سەپاندنی تاوانی لەپێشدارێژراو کە زۆرجار لەماوەیەکی زەمەنی کەمدا ئەنجام دەدرێت.

خشتەی (٤)
\"27073.jpg\"
شێوەی دەستبەسەرکرانی هاووڵایان لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە ( بەهاری١٣٩٤)

بەپێی خشتەی ژمارە (٤) لە کۆی ئەو ٢٥٨ هاوڵاتییە کوردەی کە دەستبەسەر کراون، ٢٢٠ کەسیان دوای دەستبەسەر کران چارەنووسیان ناڕوون و شوێنی راگیرانیان نادیارە.

حکومەتی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٦ی زاینییەوە، پەیوەست بووە بە \" میساقی نیونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان\" ، کە بە پێی بەندی ٢ی ماددەی ٩ی ئەو میساقە، هەر کەس دەستبەسەر دەکرێت دەبێ لەکاتی دەستبەسەر کردندا ئگاداری هۆکارەکەی بێت و بە زووترین کات لە هەرچەشنە تاوانێک کە دەخرێتە پاڵی ئاگادار بکرێتەوە.

هەروەها، هۆکاری دەستبەسەر کرانی زۆربەی ئەم حاڵەتان روون نەکراوەتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە یاسای بنەڕەتی ئێران دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە رتدەکاتەوە . یاسای بنەڕەتی بەپێویستی دەزانێت کە دەستبەسەر کراوان بەشێوەی نووسراوە و دەستبەجێ تاوانەکەیان روون بکرێتەوە و دەڵێ \" ئەگەر دەستبەسەر کرا، بابەتی تاوان دەبێ بەهێنانەوەی هۆکارەکان دەستبەجێ و بەشێوەی نووسراوە بە تاوانبار رابگێندرێت.

لەیاساکانی ئێراندا شتێک بەناوی \" هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" بوونی نیە. واتە هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی چەمکێکی گشتییە و ناکرێ وەکوو چەمکێکی تاوانبارانە چاوی لێ بکرێت.

٥ کەس لەو کەسانە لەکاتی دەستبەسەر کردنیاندا دەست بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانیاندا گیراوە و خانووی ١٨ کەسیشیان هێرشی کراوەتە سەر و پشکێندراوە.

لەحاڵێکدا بەپێی ماددەی ٢٤ی یاسای ئایینی دادرەسی تاوانەکان، پشکنینی خانوو، شوێنە گشتییەکان و دەستبەسەر گرتنی کەرەستەکان لەو تاوانانەی کە نابیندرین، دەبێ بە ئیزنی تایبەتی بەرپرسی قەزایی بێت.

لەنێو ئەو کەسانەدا، ١٥ کەسیان لەکاتی دەستبەسەر کردنیاندا بەرەورووی لێدان و کوتان بوونەتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی بەندی ٦ی ماددەی \"واحدە\"ی یاسای رێزگرتن لە ئازادییە رەواکان و پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون، هەرچەشنە ئازاردان و سووک کردنی تاکەکان لەکاتی دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوەدا رەتکراوەتەوە.

خشتەی (٥)
\"27074.jpg\"

شێوەی کوژران و بریندارکرانی کۆڵبەران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەکوردستان (بەهاری ١٣٩٤)

زۆربەی کاتەکان تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکان هۆکاری سەرەکی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد بووە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەبیانووی ئەوەیکە کۆڵبەران کەلوپەلی قاچاخ هاوردە دەکەن، بە تاوانبار لە قەڵەمیان ئەدات، بەڵام وەپاڵدانی ئەو تۆمەتانە لە روانگەی یاساییەوە کۆمەڵێک پێوەری هەیە.

بە وتەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، هێزە ئینتزامییەکان دەستبەجێ و دوای بینینی کۆڵبەران تەقەیان لی دەکەن.

کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە هێزە نیزامییەکان لەگەڵ دیتنی کۆڵبەران، دەستبەجێ تەقەیان لێ دەکەن.

بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە حکوموەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئەو کەسەی کە گومانی لەسەرە، دەبێ بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە و پاشان تەقەی هەوایی و دوایین جاریش لە پشتێن بەرەوخۆواری تەقەی لێ بکرێت.

هێزە نیزامییەکان لە کاتێکدا تەقە لە کۆڵبەران دەکەن، کە یاسای سزادانی ئیسلامی کاری کۆڵبەرەکانی وەکوو هێنان \"کەلوپەلی قاچاخ\" و \"هاتوچۆ لە خاڵ ەسنوورییەکان\" لە قەڵەم داوە، کە سزای چەندین مانگ زیندانی و سزای نەختی کە چەند بەرابەری نرخی کەلوپەلەکیان بێت، بۆ دیاری کراوە.

لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بینراوە کە هێزە ئینتزامییەکان لە جاددەکاندا ئ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەدەنە بەر دەسترێژی گوللە و دواتر دەرکەوتووە ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ جۆرە کاڵایەکی قاچاخیان پێ نەبووە ، کە کوژران و برینداربوونی ١١ هاوڵاتی کورد لەو پەیوەندییەدا دەرخەری ئەو راستیەیە.

محەممەد ساڵح نیکبەخت پارێزەر و مافناس لەو باریەوە لەسەر ئەو بروایەیە کە : کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.

هەروەها برینداربوونی ٣٢ کەس لە رەوتی رووداوەکانی مەهاباد، لەپەیوەندی لەگەڵ مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی بەدەستی هیزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان، بەشێکی دیکە لە پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بووە.

لەو رووداوەدا، یەکێک لە بریندارەکان بەناوی \" ئاکام تەلاج\" تووشی پێکانی قورس بووە.

بازنمود:

زیاتر لە ٢٢٠ نوێنەری پەرلمانی ئەورووپا رۆژی ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، نیبسەت بە نالەباربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران هوشدارییان دا و خوازیاری راگیرانی سزای سێدارە، ئازادی زیندانیانی سیاسی و رێزگرتن لە مافی هاووڵاتیبوون لە حکومەتی ئیسلامی ئیراندا بوون.

ئەو نوێنەرانەی پەرلمانی ئەورووپا بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە حکومەتی ئێران کرد کە لەبواری باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ \" هەنگاوی پێویست\" هەڵبگرێت.

هەروەها لە راپۆرتی جیهانی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠١٥ هاتووە کە \" ئەندامانی سەرەوتکەر لەهێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی و دەزگای قەزایی ئێراندا دەسەڵاتی رەهای خۆیان پاراستووە و لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ ی زایینیدا هۆکاری جیدیی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی حاڵەتەکانی مافی مرۆڤ بوون\".

لەوراپۆرتە گشتگیرەدا ئاماژە بە باشترنەبوونی دۆخی مافی مرۆڤ دوای هاتنە سەر کاری عەسەن روحانی لەئێراندا کراوە و لەو پەیوەندییەدا \" UNHR\" رایگەیاندووە کە \" ههێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران، سەرەڕای بەڵێنەکانی حەسەن روحانی لە بواری مافیەکانی مرۆڤدا لە ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری درێژەیان بە هەسوکەوتە سەرکوتکەرانەکانی خۆیان داوە.\"

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە بە هەبوونی دۆخی ئەمنیەتی و پۆلیسی بەتایبەت لە کوردستان تەنیا بەشیک لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بڵاو کراوەتەوە .

کەڵک وەرگرتن لە نێوەڕۆکی ئەم راپۆرتە بە هێنانی ناوی سەرچاوە رێگەپیدراوە

ئاماده‌کار: کۆچ