راپۆرتی شیکاری- ئاماریی خۆکوشتن و کوژرانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵ)

19:52 - 5 سەرماوەز 2713
ئەم راپۆرتە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا لە رۆژی \"خەبات دژی توندوتیژی دژبە ژنان\" بەشێوەی شیکاری – ئاماری لە پەیوەندی لەگەل خۆکوشتن و کوژرانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ئامادە کراوە و بڵاو دەکرێتەوە.

٢٥ی نۆڤامبری ١٩٦٠ی زایینی کۆماری دومینکین لە ئەمریکای لاتین \" خوشکانی میرابل\" کە پشتیوانییان لە گرووپی \"بزووتنەوەی ١٤ی ژووئەن\" کە دژایەتیی حکوومەتی دیکتاتۆریی \"رافائێل\"یان دەکرد، رفاند و دەستدرێژییان کردنە سەر و دواتریش کوشتیانن. ئەو رۆژە بەر لەوەى لە ساڵی ١٩٨١دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان وەک رۆژێک بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان دیاری بکرێت و پاشان لە کۆتاکانی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی وەک بۆنەیەکی رەسمی و نێودەوڵەتی پەسند بکرێت، لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین وەک “رۆژی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژبە ژنان” لەقەڵەم درا.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژیی دژبە ژنانی بەم شێوەیە پێناسە کردووە: : هەر جۆرە کردەوەیەکی توندوتیژانە کە بە پێچەوانەی رەگەزی بەرامبەر بێت و ئازاری جەستەیی و جنسیی یان رەوانیی ژنانی لێبکەوێتەوە یان ئەگەر تووشبوون بە کێشەیەکی بۆ ژنان بەدواوە بێت\".

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئامارێکی دروست لەمەڕ توندوتیژی دژبەژنان بڵاو ناکاتەوە. توندوتیژی دژ بەژنان دیاردەیەکی جیهانییە و رێژەی توندوتیژی بەپێی وڵاتەکان جیاوازە. توندوتیژی لە وڵاتی ئێران پەیوەندی بە هەڵاواردنی فەرهەنگیی باو لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە کە لە درێژەدا سیاسەتی هەڵاواردنکارانە دەبێتە هۆی بەرین بوونەوەی توندوتیژی لە بەستێنی کۆمەڵگەدا.

لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا کە ژنان لە هەموو پاون و ئیمکاناتی کۆمەڵاتی بێبەرین، چونکە جۆرەکانی توندوتیژی لە بوارەکانی فەرهەنگی، ئابووری، یاسایی و سیاسی هیچ جیاوازییەکیان نییە و ناشکرێ جۆرێک توندوتیژی بە بێ کاریگەریی هۆکارەکانی دیکە تاوتوێ بکرێت وبەم شێوەیە توندوتیژیی سیستماتیک لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو ببێتەوە.

یاسایەکی تۆکمە لە حکوومەتی ئیڕاندا بۆ بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی بوونی نییە و ژنان لەلایەن حکوومەتی پشتیوانیان لێ ناکرێت و هەروەها توندوتیژیی نێو بنەماڵە لە یاسای حکوومەتی ئیسلامیدا وەکوو تاوانە گشتییەکان ئەژمار دەکرێت.

خشتەی (١)

جۆری توندوتیژی و شێوەکانی توندوتیژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران نیشان ئەدات (٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵ)

\"17063.jpg\"


بەپێی خشتەی (١) خۆکوشتن لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بە ٢٨ حاڵەتەوە زۆرترین رێژە و دواتریش خۆهەڵواسین بە١٨ حاڵەتەوە زۆرترین ئاماری ئەو خشتەیان پێکهێناوە.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان خۆسووتاندن ناڕەزایەتی دەربڕینێکە لەمەڕ هەموو ئەو دەرد و نەهامەتی و نابەرابەرییانەی کە بەو هۆیەوە تاک بە جەرگبڕترین شێوە کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت.

وڵاتی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ خۆکوشتن لە ئاستی جیهان پلەی سێیەمی هەیە کە خۆکوشتنی ژنان رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرەبەری زیادبوون دایە.

چوونە سەرەوەی ئاستی تێگەیشتنی ژنان لەمەڕ نابەرابەری و هەڵاواردن و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسای کۆمەڵگە لە هۆکارەکانی زیاد بوونی خۆکوژیی ژنان دادەندرێت کە لەو کۆمەڵگەیەدا مافی ژنان بە فەرمی ناناسرێت و ژنان بەگشتی پەراوێز دەخرێن و لە ئەنجامدا رێگەی دەربازبوونی خۆی لەم هەموو کێشەیە، لە توندوتیژیدا دەبینێتەوە.

هەروەها لە پویوەندی لەگەڵ کوژرانی ژناندا، ١٤ حاڵەت کوژرانی ژنان کە لەلایەن کوسوکار و ئەندامانی بنەماڵەوە کوژراون کە لێرەدا کچێکی تەمەن ٤ ساڵ لەلایەن باوکە موعتادەکەیەوە و هەروەها ژنێکی زگ‌پڕ کە بەزەبری چەقۆ لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا کە مێردی ئەو ژنەش بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

٦ حاڵەت لە کوژرانی ژنان لە دەرەوەی ماڵدا تۆمار کراوە کە لە حاڵەتێکیاندا کچێکی تەمەن ٣ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ دایکی سەربڕدرابوون و هاوکات زێڕ و تەلاکانیشیان رفاندبوون.

خشتەی (٢)

پەیوەندیی هۆکارەکانی خۆکوژی بەپێی باری خێزانیی ژن (سەڵت یان خاوەن هاوسەر) لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراب دیاری دەکات (٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵ)
\"17064.jpg\"


بەپێی خشتەی (٢) ژنانی خێزاندار بە ٣٠ حاڵەتەوە زۆرترین ئاماری خۆکوشتن پێک دێنن کە لەم نێوانەدا ١٥ کەسیان ڤەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایین بەژیانی خۆیان ‌هێناوە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئیران وەکوو تاوانە گشتییەکان مامەڵە لەگەڵ توندوتیژیدا دەکات کە ئەو کەسانەی توندوتیژییان لەگەڵدا دەکرێت، تەنیا دەتوانن پەیوەندی بە پۆلیسی ١١٠وە بکەن، لە حاڵێکدا ئەم گرفتانەپێویستە لە دادگای بنەماڵەدا یان دادگای تایبەتدا پێڕاگەیشتنیان بۆ بکرێت.

کارناسانی بنەماڵە لەو باوەڕەدان کە بە شاراوەیی مانەوە توندوتیژیی بنەماڵەیی هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە، و کۆمەڵگەش بە شاراوەیی مانەوە توندوتیژیی بنەماڵە بەشتێکی ئەرێنی لەقەڵەم ئەدات!!!

خشتەی (٣)

پەیوەندیی هۆکاری کوژرانی یان شوێنی کوژرانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران نیشان ئەدات (سەرەتای خاکەلێوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر)

\"17065.jpg\"


بەپێی خشتەی (٣) ١٠ ژن لە دەرەوەی ماڵ کوژراون کە لەم نێوانەدا ٣ ژن بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ماڵ کوژراون، بەهۆیی کێشەی بنەماڵەیەیوە بووە.

دەکرێ بڵێین، ئۆرگانە حکوومەتییەکان هەرکام ەبشێوەیەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە بەستێنی کۆمەڵگە دان.

هێڵکاریی (١)

\"17060.jpg\"


بەپێی هێڵکاریی (١) زۆرترین ئامای خۆکوژی و کشتنی ژنان لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردستاندا تۆمار کراون.

ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان لەم دیاردەیە بە دوور بوونە، چونکە بەپێی راپۆرتێک کە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردەوە، بەڕیز ئوستانەکانی ئیلام، کرماشا ن و کوردستان و دواتریش هەمەدان زۆرترین حاڵەتی خۆکوژیی ژنانیان تێدا تۆمار دەکرێت.

پەروین بەختیار نژاد لەو پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەیەکی ئەونجام داوە کە لە قاڵبی کتێبیکدا لەژێر ناوی \" ژنانی سووتاو\" چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ناوبراو لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: خەڵکی ئیلام لەڕادە بەدەر هەژار و دەستکورتن و ئیلام ووکوو کۆڵانێکی رێ کوورک (بُن بست) وایە و کە چاوەڕوان ناکرێت بەم زوانە کەس رووی تێبکات.
هەروەها دەشڵێت کە ئاماری خۆسووتاندن لە گوندەکانی ئیلام ئەوەندە لە سەرەوەیە کە ئەو کەسانەی هەوڵی خۆسووتاندنیان داوە، بە ئەسپ و ماین دەبردرێنە ناوەندە دەرمانییەکان و تەنیا ناوەندی ئوستان چارەسەری برینی خۆسووتێنەران دەکات.

هیچکەس ئاگاداری بارودۆخی ئەو ئوستانانە نییە، چ بگات بە ئەوەی کە هەواڵی پەیوەندیدار بە ژنان رووماڵ بکرێت. ناوەندە قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش لەو باوەڕەدان کە خۆسووتاندنی ژنان بایەخێکی ئەوتۆی نییە کە لە میدیاکاندا باسی لێ بکرێت.

هەڵبەت پێویستە بگوترێت کە هەواڵی سەرجەم ئوستانەکانی دیکە رووماڵ ناکرێت، چونکە نەبوون یان کەمیی زانیاری لەسەر توندوتیژی دژبە ژنان یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو بوارە لە ئێران نە ئەژمار دێت. هەروەها بەرپرسی رێکخراوی زیندانەکان \"غوڵام‌حوسێن ئیسماعیلی\" دەلێت: \"ئامارێکی دروست سەبارەت بە رێژەی زیندانیانی تایبەت بە دۆسیەی توندوتیژیی ژنان لەبەر دەستدا نییە و هیچ کەسێکیش بە تاوانی توندوتیژی دژبە ژنان زیندانی ناکرێت، بەڵکوو لەژێرناوی موزاحیم بوون، داوێن پیسی، لێدان و کوتان و ... زیندانی دەکرێن.

خاوەن نەزەران لەو باوەڕەدان کە دیزە بە دەرخۆنە کردنی هەواڵ و نەبوونی پەروەردەی شیاو بۆ بنەماڵەکان لەمەڕ هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەوڵی خۆسووتاندنیان داوە، بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی دیاردەی خۆسووتاندنیان لەقەڵەم داوە.

نمووداری (٢)

\"17062.jpg\"


بەپێی خشتەی (٢) لە ماوەی ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ بەگشتی ٣٢ ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەڵام ئەو رێژەیە لە ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا بەگشتی ٨٠ حاڵەت بووە کە دەکرێ لە ئەنجامدا بڵێین ئەم دیاردەیە ١٠٠% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

کاتێک دەتوانین چاوەڕوانی دابەزینی ئەم ئامارە بین کە حکوومەتەکان لە ئاستی بەریندا پلانی گەورە و تایبەتیی خۆیاندا سیاسەتێکی یەکجار بەهێز دابڕێژن، بەڵام ئەم سیاسەتانەی کە ئێستا لە وڵاتی ئێران کاریان پێ دەکرێت، نەتەنیا نەبۆتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەم قەیرانە، بەڵکوو هەڵاواردن وتوندوتیژی بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر داوێنی کۆمەڵگەی گرتووە.

نمووداری (٣)

\"17061.jpg\"


بەپێی نمووداری (٣) زۆربەی ئەو قوربانیانە کە تەمەنیان زانراوە، لەنێوان ١٦ هەتا ٢٨ ساڵ دایە.