راپۆرتی شیکاری - ئاماریی ١١٥١ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (٢٠١٣)

15:02 - 19 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: دەستبەسەر کردن، مەحکووم کران بە زیندان، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ناوەرۆکی ئەم راپۆرتە شیکاری – ئامارییەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی پێک دێنێت، کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم راپۆرتە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە کراوە، کە لێرەدا تەنیا لە رووی ژمارەوە دەخرێتەروو.

خشتەی (١)

حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران دەخاتەڕوو (٢٠١٣)
\"17760.jpg\"

ئەم خشتەیە ٢٩ چالاکی رۆژنامەنووسیی کوردی لەخۆ گرتووە، کە ١٧ کەسیان دەستبەسەر و ١٢ کەسیشیان بە زیندان مەحکووم کراون. هەروەها ٢٢ کەسیشیان خوێندکار بوون، کە ١٨ کەسیان دەستبەسەر و ٤ کەسیشیان حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها ٦ کەسیشیان وێبلاگنووس و شاعیر و نووسەر بوون، کە ٤ کەسیان دەستبەسەر و ٢ کەسیشیان بە زیندان مەحکووم کراون.

بەپێی ئەم خشتەیە، ١٣٢ کۆڵبەر، ٨٠ پەیڕەوی ئایینی یاری، ٥٠ دەستفرۆش، ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، ١٥ هاووڵاتیی مەدەنی کە ناڕەزایەتییان بە دانانی پایەگای بەسیج دەربڕیبوو، ١٦ هاووڵاتی بەهۆی رێگری کردن لە زەوت کردنی مەڕومالاتەکانیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

خشتەی (٣)

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەخاتەڕوو (٢٠١٣)
\"17759.jpg\"

کۆڵبەری کورد بە کەسێک دەگوترێت، کە بەهۆی هەڵاواردنی ئابووریی، دواکەوتوویی پەرەسەندن لە ناوچە کوردنشینەکان و بێکاری لە رادەبەدەر رووی لە کۆلبەری کردووە و کۆمەڵێک کەلوپەلی وەکوو \"سیگار، چایی، کەلوپەلی ناوماڵ\" بە کۆڵی خۆیان لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئێراق ئاڵوێر دەکەن.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی کۆڵبەری کردنن، تەمەنیان لە نێوان ١٣ هەتا ٦٠ ساڵ دایە و ئەو کۆڵانەی کە هەڵی دەگرن، لە کێشی جەستەی خۆیان زیاترە، کە زۆرجار کێشەکەی لە ٧٥ هەتا ٨٠ کیلۆ گرەم زیاترە.

لەماوەی یەک ساڵی رابردووی زایینیدا سەرجەم ٧٥ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی گەڵاڵەی \"داخستنی سنوورەکان\" کراوەنەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بەو هۆیەوە کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی تێبینیی ٣ی بەندی ١٠ لە ماددەی ٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک، مەئموورانی نیزامی تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانن چەک بەکار بێنن کە هیچ رێگەیەک جیا لە بەکارهێنانی چەک لەبەردەمیاندا نەبێت، یان ئەوەی کە دەبێ : (ئەلف – گوللـەی هەوایی، لە پشتوێن بەرەو خوار، ج – لێدان لە سەرەوی پشتێن) لەبەر چاو بگرن. هەروەها بەپێی ماددەی ٧ ئەم یاسایە مەئمووران هەتا ئەو شوێنەی بۆیان دەکرێ دەبێ لاقی هێرشبەر یان ئەوە کەسەی تەقەی لێ دەکەن، بپێکن و دەبێ ئاگاداری ئەوەش بن کە ئەو تەقە کردنە نابێ ببێتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لە ناوچە سنوورییەکان نە تەنیا ئەم ماددە یاساییانە لەبەر چاو ناگیرێن، بەڵکوو ماوەیەک پێش ئێستا \"ئەحمەد گراوەند\" جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندبوو، \"ئەو کۆڵبەرانەی کە بە شێوەی نایاسایی کەلووپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێ دەکرێت\".

هەروەها بەپێی بەندی ئەلف ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، \"کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە ، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت\".

هەروەها هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ کوژراون و بریندار بوون. زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە لە جاددەی نێوان شارەوکاندا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە.

خشتەی (٤)
تاوانی کەسانی دەستبەسەر کراو و هەروەها ئەو کەسانەی کە حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە، دەخاتەڕوو. (٢٠١٣)
\"17761.jpg\"


هێڵکاریی (١)

\"17757.jpg\"

بەپێی ئەم هێڵکارییە، سەرجەمی ئەو کەسانەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و هەروەها ئەو کەسانەی کە هۆکاری دەستبەسەر کرانیان ناڕوونە، سەرجەم ٤١٣ چالاکی سیاسی، فەرهەنگی، مەزهەبی و کرێکاری و ٩ کەسیش بنەماڵەی ئەو چالاکانە بوون.

هێڵکاریی (٢)

\"17758.jpg\"

ئەم ئامارە رێژەییە و ناکرێ ئیدیعای ئەوە بکەین، کە ئاماری ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردستان لە ناوچە کوردنشیەنکانی دیکەی ئێران زیاترە، بەڵکوو حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەم دوو ئوستانە زیاتر و زووتر بە میدیایی دەبنەوە.

بەهۆی دابەش کردنی ناعادڵانەی سامانی وڵات و نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ئەم ناوچە کوردنشینانە هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆیانە نەبینیوە، هەر بۆیە هاووڵاتییانی کورد لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران لەمافی هاووڵاتی بێبەش کراون و هەروەها پەراوێز خستن و رێگری کردن لە گەشە سەندنی ناوچە کوردنشینەکان نموونەی زەقی هەڵاواردن و پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوەیە.