راپۆرتی دیداری چرا لە سێیەمین رۆژی کارەکانی دا

15:29 - 7 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دیداری چرا بۆ فیلمی دیکیۆمێنتاری بە نمایش کردنی ٨ فیلمی دیکەی بەشداری ئەو دیدارە، درێژەی بە کارەکانی دا.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری سلێمانی بەرێوەچوونی \"دیداری چرا\"ی لە سێیەمین رۆژی کارەکانی خۆی دا بەم شێوەیە ئاماژە پێ دا.

سێیەم رۆژی دیداری چرا بە نمایش کردنی فیلمی \"دایکانی ئاشتی\" لە دەرهێنانی \"ئەسمین بایرام\" درێژەی بە کارەکانی خۆی دا کە ناوەرۆکی ئەو فیلمە باس لە دایکێ شەهێدێک لە کوردستانی تورکیە دەکات، سەرڕای ئەوەی کە کوڕەکەی لە شەڕ دا شەهید کراوە، بەڵام هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتییە و دژی توندوتیژی و شەڕە.
\"10430.jpg\"
ئاوات نامیق ئاغا
دواتر \"فیلمێک لە ژێر ناوی \"دوا رازەکانی تەنیایی \" و لە دەرهێنانی \"ئاوات نامیق ئاغا \" چووە سەر پەردەی نمایش و سەرجەم ئەو فیلمە باسی لە ژیانی شاعیری سیاسەتوان \" ئەحمەد هەردی\" دەکرد.

دوای ئەو بەرهەمە، فیلمی \" یادەواری زێڕین\" لە دەرهێنانی \"ئارام غەفوور و سەنگەر عەبدوڵڵا\" پیشان درا کە بەگشتی ئەو فیلمە باسی لە نەهامەتی و رۆژە رەشەکانی گەلی کورد و مێژووی پڕ کارەساتی ئەو گەلەی دەکرد.

\"قەفەسی زێڕین\" ناوی فیلمێکی دیکەی بەشداری ئەو دیدارە بوو کە لەلایەن \" هەڤاڵ سەلاح\"ەوە بەرهەم هاتبوو، ناوبراو لەو فیلمەدا پرژاوەتە سەر ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لێک جیابوونەتەوە و چۆنیەتی ژیانی ئەو منداڵانەی لە خانەی چاوەدێریی مێرمنداڵان دا خستبووە ڕوو.

\"10428.jpg\"
نەجات ناوی
لە کۆتایی پانێلی سەرلە بەیانی رۆژی سێیەمی دیداری چرا، دیکیۆمێنتێک لە سەر ژیانی \"لیس شی‌میدیت\"ی ئاڵمانی، کەسایەتی مرۆڤ دۆست و دۆستی نەتەوەی کورد کە لەلایەن \"نەجات ناوی\" بەرهەم هاتبوو، نمایش کرا.

دواتر لە بڕگەیەکی دیکەی سەرلەبەیانی دا، زۆربەی بەشداران سەرنج، را و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر فیلمە نمایش کراوەکان خستەبەر باس.

دوانیوەڕۆی سێیەمین رۆژی دیداری چرا بە نمایش کردنی فیلمی \"فڕۆکە دوێنی باڕووت و ئەمڕۆ\" لە دەرهێنای \" سید محەمد سەید عەبدوڵلا\" دەستی پێکردەوە، لەو فیلمە دا ئاماژە بە رۆڵی فڕۆکە لەمەڕ نەهامەتی و کارەساتەکانی گەلی کورد کراوە.

\"10429.jpg\"
عەیاد جەبار
\"هاواری ئەڵوەند\" ناوی فیلمێکی دیکە بوو کە لەلایەن \" عەیاد جەبار\"ەوە بەرهەم هاتبوو، ئەو فیلمە ئاوڕێکی وردی لە ئاوی \"رووباری ئەلوەند و ژینگەی دەوروبەری ئەو رووبارە داوەتەوە و هەروەها گرینگیی ئەو رووبارە لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانی خانەقین دا نمایش کردبوو.

دوایین فیلمی رۆژی سێیەم \" فیلمی \"سینەما پارادسیۆن\" لە دەرهێنای \"عەبدولخاق زەردەت\" نمایش کرا و لەو فیلمەدا رووخان و داخرانی هۆڵی سینەماکانی هەرێمی کوردستان خرابوونە روو.

دواتر دەرهێنەرانی ئەو فیلمانە چوونە پشت تریبوون و باسیان لە کێشە و گرفتەکانیان لە کاتی دەرهێنای فیلمەکانیان کرد، پاشان کۆمەڵێک لە بەشدار بووان تێبینییەکانی خۆیان لەسەر فیلمەکان باس کرد.

\"10431.jpg\"
لە کۆتایی سێیەم رۆژی ئەو دیدارەدا پانێلێک بە سەرپەرستیی کەریمۆک و ٣ دیکیۆمێنت سازی خەڵکی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی \" لوقمان خالیدی، مێهرداد سلێمانی و سۆران قانعی\" بەڕیوە چوو.

لەو پانێلەدا هەر کام لەو دیکیۆمێنت سازانە باسیان لە چۆنیەتیی بەرهەم هێنانی فیلمی دیکیۆمێنتی و فۆرم و ناوەرۆک و جوانناسی ئەو فیلمانە کرد.

دواتر گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان دەرهێنەرانی هەر چوار بەشی کوردستان و سەرپەستەکانی ئەو پانێلە هاتە ئاراوە و کەشێکی رەخنەیی و بنیاتنەرانەی خولقاند.