راپۆرتی دۆخی نالەباری كرێكاران لە كوردستان

16:02 - 11 بانەمەڕ 2712
كوردپا: راپۆرتە هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بە بۆنەی 1ی مانگی مەی رۆژی جیهانیی كرێكار، پەرۆشیی سەرەكیی كرێكاران لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران ترسی دەركران و بژیوی ژیانە كە دەرخەری دۆخی نالەباری ئەو چینەیە.

ساڵی پشتیوانی لە كار، یان ساڵی لە كار بێبەش كران:
بەپێی هەواڵ، راپۆرت و زانیارییەكانی ئاژانسی كوردپا شەپۆلی بەربڵاوی بێبەش كردن لە كار، دەركردن و رووداوی مردنی كرێكاران لە شوێنی كار لە ئاستی ئێران و بەتایبەت ناوچە كوردنشینەكان هەر لە یەكەم رۆژەكانی نەورۆز و سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێكرد.

دەسپێكی شەپۆلێكی لەم چەشنە لەناو چینی زەحمەتكێش، دەرخەر و رەنگدانەوەی واقیعی راستەقینەی كۆمەڵگای ئێرانە لە رۆژی جیهانیی كرێكاردا، رۆژێك لەناو 366 رۆژی ساڵ كە وەك ساڵی پشتیوانی لە كار ناودێر كراوە و بەرهەمی بێكاری و هەڵاوسانە كەلە ساڵی 1382وە هەتا كۆتایی پاییزی ساڵی 1390 لە دەورەیەكی 9 ساڵەدا، نزیك بە 14% گشەشەی كردووە.

\"وەبەرهێنانی میللی، پشتیوانی لە كار و سەرمایەی ئێرانی\" ئەمە ناوێكە كە خامنەیی رێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی ناودێر كردنی ساڵەكاندا، بۆ ساڵی 91ی دیاری كردووە.

لە یەكەم رۆژەكانی دەسپێكی ساڵدا 650 كەس لە كرێكارانی كارگەی \"شەهاب‌خودڕەو\" لەسەر كار دەركران، زۆرێك لەو كرێكارانە لە 8 هەتا 22 ساڵ پێشینەی كارییان هەبووە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرجەم 200 كرێكاری كارگەی \"شەمش چودەن\"ی شیركەتی توانەوەی ئاسنی كورەی بڵیندیش پاش گەڕانەوەیان لە پشووی نەورۆز لەسەر كار دەركران و تەنیا پاساوی لێپرسراوانی ئەو كارگەیەش تێكشكانی كارگە بووە.

هۆكارەكانی ئاڵۆزیی كەرتی كار:
بەڕای كارناسانی ئابووری ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانەی كەرتی كار و وەبەرهێنان كەلە سەرەتای ساڵەوە دەستیان پێكردووە، هەرچەند پێشینەی دۆخی رابردوویە، بەڵام ریشە و بنەماكەی دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئامانجدار كردنی یارانەكان و كەمتەرخەمیی دەوڵەت لە هەمبەر وەبەرهێنان و هەناردەی وڵات لە هەمبەر هاوردەی لەرادەبەدەردا.

دەوڵەتیش لە هەمبەر ئەم دۆخە قەیراناوییەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە و ئەمەش لە حاڵێك دایە كە هەواڵدەریی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەزاری یەكێك لە ئەندامانی كۆمیسیۆنی ئابوورییەوە بڵاوی كردۆتەوە، زۆربەی خاوەن كارگە و كەرتەكانی وەبەرهێنان قەرزاری بانكەكانن و وامیان ورەگرتووە و توانایی دانەوەیان نیە. هەر بۆیە، زۆرێك لە كارگەكانی وەبەرهێنان داخراون و ناڕاستەوخۆ بانكەكان بوونەتە هۆكاری داخرانی كارگە و كەرتەكانی كار.

دۆخی كرێكاران لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران:

\"4358.jpg\"

بەپێی هەواڵی كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی رێكخراوە كرێكارییەكان، لە دوایین قۆناغی دەركردنی كرێكارانی \"شیركەتی كشت و سەنعەتی مەهاباد\"، لە سەرەتاكانی ساڵەوە 21 كرێكاری دیكەی ئەو كارگەیە لەسەر كار دەركراون.

لە كارگەی \"زەوب ئاهەن\"ی رۆژئاوای ئێران لە جادەی نێوان قوروە ـ هەمەدان لە دوو قۆناغی جیاجیادا و هەر لە سەرەتاكانی ساڵەوە نزیك بە 300 كرێكاری گرێبەستی لەسەر كار دەركراون.

لە دوایین رۆژەكانی ساڵی 90دا 12 كرێكاری \"كارگەی كاشی كەسرای سنە\" لەسەر كار دەركراون، ئەو كرێكارانە لە حاڵێكدا لەسەر كار دەركراون، كە لە 1 هەتا 10 ساڵ پێشینەی كاریان هەبووە.

سەردێڕی هەواڵە كرێكارییەكان، دەبڕی تاڵیی ژیانی كرێكارانی كوردن:
ـ دەركردنی 40 كەس لە كرێكارانی بەنداوی \"ژاوە\" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە.
ـ دركردنی 8 كرێكاری بەنداوی \"چراغ وەیس\"ی نێوان سەقز و بانە.
ـ دەكردنی 50 كەس لە كرێكارانی بەنداوی \"داریان\" لە شاری پاوە لە پارێزگای كرماشان.
ـ دەكردنی 150 كرێكاری كورد لەلایەن بەرپرسانی سیمانی \"كاویان\"ی بۆكانەوە.
ـ دەركردنی 800 كرێكاری شیركەتی ماهیدەشتی كرماشان (نازگوڵ).
ـ دەركردنی 50 كرێكاری \"شیركەتی پوویا غەرب\"ی كرماشان یەكێك لە كەرتەكانی وەبەرهێنان.
ـ دەركردنی 12 كرێكاری شیركەتی پەڕریسی سنە.
ـ مەترسیی دەركرانی 70 كرێكاری شارەوانیی قەسرشیرین.

كێشە و گرفتەكانی دیكەی كرێكاران:
ئەو كێشە و ئاستەنگانەی كە بەرۆكی چینی كرێكاری گرتووە، تەنیا دەركران نیە، بەڵكوو كێشە و ناكۆكی لەگەڵ خاوەنكاران، نەبوونی بیمە و ئەمنیەتی كار، ئیزن نەدان بە رێكخستنی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خستنە رووی داخوازییەكان و زۆر جار گیران و زیندانی كردن، بەشێكن لە گرفتەكانیان.

كەمیی مووچە، گرانی و دژوارییەكانی ژیان و دواخستنی مووچە و مەزایاكان و زۆر جار بڕینی مووچەی چەند مانگە، كرێكارانی تووشی كێشەی نەداری و هەژاری دەكاتەوە و دەبێـتە گرفتی دەروونی بۆیان.

دۆخی نالەبار و هەژێنەری كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی كەلە ماوەی سێ‌مانگی رابردوودا 4 كەس لە كرێكارانی كەرتەكانی وەبەرهێنان و كارگەكان بەهۆی هەژاری و دەستەنگی دەست بدەنە خۆكوژی و گیانیان لەدەست بدەن.

\"4359.jpg\"

لەلایەكی دیكەشەوە مەسەلەی تەندروستی و نەبوونی ئەمنیەتی كاری بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی دەیان كرێكار لە كاتی كار كردندا، كە لەناو كرێكارانی بیناسازییەكان لەم بارەوە زیاترین حاڵەت رووی داوە.

ئیعتراز و ناڕەزایەتی بەو دۆخە نالەبارە زۆر جار لەلایەن حكوومەتەوە پێشی پێدەگیرێت و وەك هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێت، كۆبوونەوەی سەرشەقامی كرێكاران بۆ خستنە رووی داخوازی و مووچە دواخراوەكانیان، وەك شێوێنەری ئاسایشی گشتی لە قەڵەم دەدرێت.

چالاكانی كرێكاری بە تاوانی چالاكیی سیاسی، رەوانەی زیندان دەكرێن، ئەم دۆخە پڕ مەترسیە زۆر جار لە ناوچە كوردنشینەكان زیاترە و ئەو كرێكارانەی تەنیا داخوازییان دەستبەر كردنی مافە رەواكانیان بووە، بە تاوانی سیاسی و ئەمنیەتی تووشی گیران و حوكمی درێژ ماوە بوون.

لە حاڵێكدا یادی 1ی مانگی مەی (رۆژی جیهانیی كرێكار) دەكرێتەوە کە بەپێی ئامار و زانیارییەکان تەنیا لە ماوەی سێ‌مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران نزیك بە 1500 كرێكاری كورد لە كەرتەكانی كار دەركراون.