راپۆرتی دووەمین رۆژی دیداری چرا بۆ فیلمی دیکیۆمێنتاری

13:27 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دووەمین \"دیداری چرا\" بۆ فیلمی دیکیۆمێنتاری بە نمایش کردنی چەندین فیلمی دیکیۆمێنتاری لە شاری سلێمانی درێژەی بەکارەکانی دا.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سلێمانی چۆنیەتی بەرێوەچوونی دووەم رۆژی \"دیداری چرا\"ی بەم جۆرە خستە بەرباس.

دووەمین رۆژی دیداری چرا بە نمایش کردنی فیلمی \"سنووری مردن\" لە دەرهێنانی \"عەبدولرەحمان کۆک\" و \"عەبدوڵڵا هەکان\" دەستی بەکار کرد،
\"10406.jpg\"
فیلمی دیکیۆمێنتی سنووری مردن لە کوردستانی تورکیە بەرهەم هاتووە و سەرجەم نەهامەتیی ژیانی کاسبکاران و کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانی کوردستانی ئێران، عێراق و تورکیە دەخاتە روو کە لە پێناو دابین کردنی بژیوی ژیانیان لەگەڵ مەرگ ململانێ دەکەن.

دواتر فیلمێک بەناوی \" دەهۆڵ\" لە دەرهێنانی \"رزگار کاکەیی\" نمایش کرا، ناوەرۆکی ئەو فیلمە باس لە ژیانی \"شایەر\"ەکانی کوردستان و بەتایبەت ژیانی شایەری بەناوبانگ \"فایق داودەیی\" دەکات.

پاشان فیلمی دیکیۆمێنتی \"پارێزەری ئاو\" لە دەرهێنانی \"ئیسماعیل عومەر\" کە پیس بوونی ئاوی لە هەرێمی کوردستانی خستە روو، پیشان درا.

\" لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارە دا \" فیلنی کەمپی دومیز\" لە دەرهێنانی \"رزگار محەمەدی\" نمایش کرا. ئەو فیلمە باس لە بەسەرهاتی ژنە کوردێکی ئاوارەی خەڵکی کوردستانی سووریە دەکات کە سەرپەرستی ٧ منداڵی لە ئەستۆیە و لە کەمپی دومیز هەڵکەوتوو لە شاری دهۆک گیرساوەتەوە.

\"10407.jpg\"
پانێلی دوانیوەڕۆی دووەمین رۆژی دووەمین دیداری چرا بە نمایش کردنی ٤ فیلم درێژەی بە کارەکانی دا.

سەرەتا فیلمێک بەناوی \" من کێم\" لە دەرهێنانی \"ئەسیم ئاڵکیون\" کە ناوەرۆکی ئەو فیلمە باس لە بنەماڵانەکانی سەر بە هۆزی \"شێخ بزیم\" دەکات کە لە کوردستانی عێراقەوە بۆ شاری \"ئانکارا\"ی وڵاتی تورکیە کۆچیان کردووە.

لەبەشێکی دیکەی ئە دیدارەدا فیلمی \"بەڵا شارەوەکانی ژێر زەوی\" لە دەرهێنای \"ژیلەمۆ عومەر\" و \"ماریسکا دیکەل\" نمایش کرا و ئەو فیلمە لەمەڕ بوونی مین و خەسارەکانی لەهەرێمی کوردستان ساز کرابوو و هەروەها باسی لە ژیانی کەسێک بە ناوی \"هۆشیاری مین\" خەڵکی هەڵەبجە دەکرد کە سەرەڕای ئەوەیکە هەر دوو لاقی بەهۆی \"مین\"ەوە لەدەست داوە، بەردەوام سەقاڵی خاوێن کردنەوەی ناوچە مین رێژ کراوەکان لە هەرێمی کوردستانە.

دواتر فیلمی \" چەندە دایکت خۆش ئەوێ\" لە دەرهێنانی\" جەلال وەیسی\" دێکیۆمێنت سازی خەڵکی کوردستانی ئێران نمایش کرا. ناوبراو لەە فیلمە دا \"10405.jpg\"
پرژاوەتە سەر دیاردەیەکی دزێوی \"داخ \" کردنی منداڵان. کە هەندێک لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان بە داخ کردن سزا دەدەن.

پاش کۆتایی نمایش کردنی فیلمەکان، پانێلێکی رەخنەیی و لێکدانەوەی فیلمەکان بە سەرپەرستیی \"ئاکۆ \" بەرێوەبەری سینەمای سلێمانی، \"هەڵگورد جوندیانی\" بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و \"کەریمۆک\" سینەماکاری خەڵکی کوردستانی تورکیە، کرایەوە.

لەو پانێلدا سەرجەم دەرهێنەران، هونەرمەندان، وێنەگران و سینەماکاران تەگەرە و کۆسپەکانی بەردەمیان خستەڕوو و ئەمەش بووە هۆی سازبوونی کەشێکی دیالۆگی هونەری لە نێوان ئامادە بواندا.