راپۆرتی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە سزای سێدارە لەوڵاتی ئێران لە (رۆژی جیهانیی خەبات دژی سێدارە)

18:09 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا لە ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا (١٨ی رەزبەر) رۆژی بەرنگاربوونەوە و خەبات بەدژی سزای سێدارە، راپۆرتێکی ئاماری – شێکاریی لەسەر سزای سێدارە لە وڵاتی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا بڵاو دەکاتەوە.

ئاژانسی کوردپا لەم راپۆرتەدا ئاماری لەسێدارە دراوان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا و هەروەها ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە دەخاتەڕوو، پاشان ئاماری لەسێدارە دران لەو ماوە زەمەنییەی ساڵی ١٣٩١ و ١٣٩٢ی هەتاویدا بەراورد دەکات.

پێویستە بگوترێت کە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بڵاو دەکرێتەوە کە لەهێندێک حاڵەتدا ناسنامەی لەسێدارە دراوان و هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا تەنیا ئاماژە بە ناوی بچووکی کەسی لەسێدارە دراو، کراوە و ئەم ئامارە تەنیا لەڕووی رێژەییەوە دەخرێتەڕوو.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوی \"هاوئاهەنگیی جیهانیی دژبە سێدارە\" ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی رێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبری هەموو ساڵێکیان وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە بە دژی سزای لەسێدارە دان دیاری کرد.

سزای لەسێدارە دان راستەوخۆ ئەسڵی سێیەم و پێنجەمی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات. ئەم سزایە کە لە ئەسڵدا بە واتای کوشتنی ئینسانەکان بە بڕیاری دەستەڵاتی حکوومەتەکان دێت، کەوابووهەم بە واتای ئەستاندنەوەی \"مافی ژیان\" (ئەسڵی سێیەم) و هەم بە واتای پێشێلکردنی ئەو مافەیە کە \"هیچ کەسێک بۆی نییە کەسێکی دیکە ئەشکەنجە بکات یان سووکایەتی پێ بکات، کە بە پێچەوانەی یاسا ئینسانی و مرۆییەکان بێت\" (ئەسڵی پێنجەم).

بەپێی دوایین راپۆرتی ساڵی ٢٠١٢ی \"رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی\" لە چوار وڵاتی ئێران، ئێراق، یەمەن و عەربستان لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، رێژەی لەسێدارە دان لە سەدا ٥٠ زیادی کردووەو لەم نێوانەدا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پلەی یەکەم دایە و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا لە پاش وڵاتی چین سەبارەت بە حوکمی لەسێدارە دانی هاووڵاتییان، بە ٤١٣ حاڵەتەوە پلەی دووەمی هەیە.

خشتەی (١)

کەسانی لەسێدارە دراو لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا و هەروەها ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

\"15966.jpg\"


بە پێی ئامارەکانی ئەم خشتەیە لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەر (٩ی ئۆکتۆبر) ٣٩٧ کەس لە سێدارە دراون و ٤١ کەسی دیکەش حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

لە کۆی ئەو ٤١ کەسەی کە حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە، حوکمی ٢٢ کەسیان لە دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە و هەروەها ٦ کەسی لەکۆی ئەو ٤١ کەسە بە بڕیاری دەزگای قەزایی دەبێ لەبەر چاوی خەڵک لە سێدارە بدرێن.

هاوکات سێ زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی سامان نەسیم، سابیر مۆخەلیدماوانە و محەمەمد عەبدوڵڵاهی بەتاوانی شەڕ لەگەڵ خودا لەرێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

لەنێو ئەو کەسانەی کە لەو ماوە زەمنییەدا لە سێدارە دراون، ١٧ کەسیان ژن و هەروەها ١٨ کەسیان هاووڵاتییانی ئەفغانی بوون.

خشتەی (٢)

\"15962.jpg\"


ئەوەی لەم خشتەیەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەسەرێ بوونی ئاماری لەسێدارەدراوان لە شوێنە گشتییەکانە، کە ٣٠ کەس بوون، بەپێی ئەم ئامارە لە هەموو مانگەکدا عوکمی سێدارە لە بەرچاوی خەڵک بەڕێوەچووە.

زۆربەی کارناسان لەسەر ئەو باوەرەن کە لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر چاوی خەڵکی بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژ و سیستماتیک بەڕێوە چووە.

کارناسانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو باوەڕەن؛ لەسێدارە دانی هاووڵاتییان نە تەنیا نابێتە هۆی کەم کردنەوەی تاوان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە توندوتیژی بەشێوەیەکی بەرین داوێنی کۆمەڵگە بگرێت.

هێڵکاریی (١)

\"15965.jpg\"


بەپێی هێڵکاریی (١) لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا رێکەوتی ١٧ی رەزبەر (٩ی ئۆکتۆبر) ٣٩٧ کەس و هەروەها لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویشدا ٢٥١ کەس لەسێدارە دراون.


ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ١٤٦ کەس زیادی کردووە.

هەروەها بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رەوتی لەسێدارە دانی هاووڵاتییان لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینەوە لە وڵاتی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو زیاد بوون چووە.

هێڵکاریی (٢)

\"15963.jpg\"


بەپێی هێلکاریی (٢)، دادگایی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی زۆرترین حاڵەتەکانی لەسێدارەدانی بۆ بازرگانی کردن بە ماددە هشبەرەکان گەڕاندۆتەوە.

لێپرسراوانی حکوومەتی ئێران کاریگەرییەکانی سزای لەسێدارەدانیان سەبارەت بە خەبات بەدژی ماددە هۆشبەرەکان بە ئەرێنی لەقەڵەم داوە، ئەمەش لەحاڵێک دایە کەهەتا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییان لەو پەیوەندییەدا ئەنجام نەداوە.

مافناسانی جیهانی لەسەر ئەو باوەڕەن کە سزای لەسێدارە دان وەک قورسترین سزا نەیتوانیوە پێش بە دووپات بوونەوە یان کەم کردنەوەی تاوان بگرێت، چونکە هاوکات لەگەڵ لەسێدارە دانی هاووڵاتییان، رێژەی تاوانکاریش لە بەستێنی کۆمەڵگەدا رووی لەزیادبوون کردووە.

لەم راپۆرتەدا ٤ مێرمنداڵ کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە، بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ (کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییان) حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ براوەتەوە و پاش ئەوەی تەمەنیان گەیشتۆتە پشت ١٨ ساڵ ، دەستبەجێ لەسێدارە دراون.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی‌دا گەڵاڵەی پێکهێنانی دادگای مێرمنداڵانی پێشکەش بە مەجلیسی ئێران کرد کە لە سەرەتادا بە گەڵاڵەی دامەزراندنی دادگای منداڵان و مێرمنداڵان ناوبانگی دەرکرد. کە دەبوا دادوەر پیش دەرکردنی سزای سێدارە ئاستی تێگەیشتنی مێر منداڵانی تاوتوێ کردبا، بەلام ئەو گەڵاڵەیە هەتا ئێستا لە مەجلیسی ئێراندا پەسند نەکراوە.