راپۆرت/ ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکەی پارلمانیی لەتورکیە

15:18 - 29 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی کە ٢٥یەمین خولی هەڵبژاردنی پارلمانیی تورکیە ماوەی دوو مانگ لەمەوبەر بەڕێوەچوو، هەنووکە رەجەب تەیەب ئەردۆغان لە نوێترین لێداونیدا باسی لەهەڵبژاردنی پێشوەختە کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە٢٥یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیە، دەنگدەران ئەو پڕۆسە سیاسییەیان یەکلایی کردەوە و کۆتاییان بە دەسەڵاتی زۆرینەی ١٣ ساڵەی پارتی \"داد و گەشەپێدان\" هێنا.

سەرۆکی \"ئاکپارتی\" کە ئێستا سەرکۆماری وڵاتی تورکیەیە، لەلێداونێکی فەرمیدا رایگەیاندووە، پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە لەتورکیە ئامادە بکەنەوە.

بەپێی یاساکانی وڵاتی تورکیە ئەگەر پاش دوو مانگ لەکۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پارلمان لایەنی راسپێردراو نەتوانێ حکوومەت پێک بهێنێت ئەوە دەکرێ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێتەوە.

رۆژی یەکشەممە ٧ی مانگی ژونی ٢٠١٥(١٧ی جۆزرەدانی ٩٤) لەسەدا ٨٤ی دەنگدەرانی وڵاتی تورکیە چوونە سەر سەندووقەکانی دەنگدان و چارەنووسی حیزب، لیست و قەوارە سەربەخۆکانی ئەو وڵاتەیان یەکلایی کردەوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پارلمان(ساڵی ٢٠١٥)

ــ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٥٨ کورسی، ٤٠.٨ %

ــ پارتی گەلی کۆماریی(جەهەپە) ١٣٢ کورسی، ٢٥.١%

ــ بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیە(مەهەپە) ٨٠ کورسی، ١٦.٤%

ــ پارتی دێموکراتیکی گەلان(هەدەپە) ٨٠کورسی، ١٣%

\"28431.jpg\"
پارتی دێموکراتیکی گەلان(هەدەپە) ١٣% دەنگەکانی تورکیەی بە دەست هێنا
بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دروستکردنی قەوارەی دەوڵەت هەر حیزبێک پێویستی بە ٢٧٦ کورسی هەیە، زۆرینەیەک کە لەماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا ئاکەپە بە تەنیایی بەدەستی دەهێنا و حکوومەتی دروست دەکرد.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١دا، ٣٢٤ کورسی بەدەست هێنابوو و بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویستی بە لایەنەکان نەبوو.

هەنووکە پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لەهەڵبژاردنەکان نەیتوانیوە حکوومەت پێکبهێنێت و ئەوە جێگای سرنجە ئەوەیە کە باس لەوە دەکرێت ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێتەوە ئەگەری ئەوە هەیە دەنگەکانی هەدەپە روو لەزیاد بوون بکات.

بەپێی راپرسییەک کە سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی ــ ستراتیژی \"مێترۆپۆڵ\" لە ئەنکەرە ئەنجامی داوە، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێتەوە ئەوە دەنگەکانی هەدەپە زیاد دەکات و دەبێتە پارتی سێیەمی تورکیە.

کوردەکان بەگشتی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا تەنیا ٣٦ کورسی پارلمانیان(بەشێوەی سەربەخۆ) بەدەست هێنابوو و دواتر لەساڵی ٢٠١٢دا دوو پارتی بەدەپە و هەدەپە فراکسیۆنیان پێکهێنا و دەنگەکان بە ناوی هەدەپەوە هەژمار کران.

پارتی دێمۆکراتیکی گەلان توانی لە ٢٥یەمین خولی هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە دەنگەکانی بۆ ٨٠ کورسی بەرز بکاتەوە.

هەواڵی پێوەندیدار:
راپۆرت/ هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە و چۆنیەتی بەشداریی کوردەکان
ئەنجامی ٢٥یەمین خولی هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە