راپۆرت/ ئەشکەنجە و بارودۆخی نالەباری زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج

17:28 - 20 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییانی رەجایی شاری کەرەج بەهۆی دۆخی خراپی نێو زیندان و هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی ئەو زیندانەو هێزە ئەمنیەکان، تووشی نەخۆشی و گرفتی جەستەیی بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"قاسم ئەبیسە\" زیندانیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و و یەکێک لە زیندانیانی \"ئایینی\" رەجایی شاری کەرەج ماوەی چەند رۆژە بەردەوام بەرەوڕووی ئەشکەنجەی هیزە ئیمنیەکان دەبێتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە قاسم ئەبیسە وێڕای راگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە، ماوەی ٢٠ رۆژە لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانەوە ئەشکەنجە ئەدرێت و هاوکات باری تەندرووستی ئەو زیندانییە کوردە نالەبار راگەیانداوە.

هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرج ١٧٠ گیراوی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی بونی هەیە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ کەسیان بەتاوانی تەبلغ بۆ مەزهەبی سوونی بە ئێعدام مەحکووم کراون.

زۆربەی زیندانییانی بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی رەجایی شاری کەرەج بەهۆی نەبوونی خواردنی شیاو، نەبوونی میوە و سەوزی، خواردنی برنجی خراپ، لابردنی ژەمە خواردنی گۆشت، لە بارودۆخێکی ناسەقامگیری جەستەییدا بەسەر دەبەن.

لەلایکەی دیکەوە، دانانی دەزگای ناردنی شەپۆلی پارازیت مەترسیی جیدی بۆسەر باری تەندروستیی زیندنایانی رەجایی شاری پێکهێناوە ئەمەش گرفتێکی دیکەیە کە رۆژانە زیندانیانی ئەو گرتووخانەیە بەرەوڕووی دەبنەوە.

هاوکات زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی ئەو زیندانە کوردووە کۆتایی بە ئەشکەنجەی زیندانیان بهێنن و لە ئەگەری پشت گوێ کەوتنی ئەو داوایە هەلوێستی جیدی لە خۆیان پیشان ئەدەن.

زیندانییان لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەپۆلەکانی پاڕازیت هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ڤیتامین لە جەستەی ئەو زیندانییانە دایە و هاوکات پزیشکانی نێو زیندان کاریگەریی نەرێنیی ئەو شەپۆلانەیان پژڕاست کردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پزیشکان بەڵێنیی ناردنی نامەیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زیندانییان داوە بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەڵینییە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.